زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا دەڵێت” کەیسی ئەو کۆچبەرانە زۆر زۆر زیانی داوە لە ناوبانگی هەرێمی کوردستان چونکە ئەو کەیسانەی پێشکەشی دەکەن لە پۆڵۆنیا، ئێمە لەدەسەڵاتدارانی پۆڵۆنیا و هەتا لە چاودێرە ئەوروپییەکان لێرە دەبیستین شتی زۆر ناڕاست و ناڕەوا باس دەکەن سەبارەت بە هۆکاری کۆچکردنیان، هی وای هەیە دەڵێت” من ڕۆژنامەنوسم ئەگەر لە کوردستان بژیم ئەوا دەستگیر دەکرێم و ئەشکەنجە دەدرێم، بەشێکیش لەو گەنجانە وتویانە پارتی بەزۆر دەمانێرێت بۆ شەڕی پەکەکە، ئیتر زۆر چیرۆکی هەڵبەستروای تریان دروستکردووە کە عەقڵ قبوڵی ناکات ”.
1200 کۆچبەر لە پۆڵەندا کە هەن هەڵگری پاسپۆڕتی عێراقین و زۆربەیان کوردن... 3-4 هەزار کۆچبەر لەسەر سنوری بیلاڕوسیا-ن ”
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا ڕایدەگەیەنێت، ئێمە ئاگادری دۆخی ئەو پەنابەرە کوردانەین کە گەیشتونەتە پۆڵەندا، بەڵام ئەوانەی لەو دیو سنورەوەن ئاگاداری دۆخیان نین جگە لەوەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاودەکرێتەوە، چونکە سنور داخراوە هەتا ئەگەر بمانەوێت بچینە نزیک سنور ڕێگە نادەن کراوەتە ناوچەیەکی قەدەغەکراو و باری نائاسایی تێدا ڕاگەیەنراوە، تەنانەت ڕێگە بە ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و ڕۆژنامەنوسانیش نادەن بچنە ئەو شوێنە.”
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی کە لە ئێستادا لە پۆڵەندا، زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێم لە پۆڵەندا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند” هیچ ئامارێکی فەرمیمان لەسەر ژمارەی تەواوی کۆچبەرە کوردەکان لانیە، “ تەنها ئەو ئامارانەمان لاهەیە کە لەڕاگەیاندن و بەرپرسانی پۆڵۆنیا و وتەبێژی پاسەوانی پۆڵۆنیاوە بڵاودەکرێنەوە باس لەوە دەکەن 1200 کۆچبەر لە پۆڵۆنیا کە هەن هەڵگری پاسپۆڕتی عێراقین و زۆربەیان کوردن کە لەناو خاکی پۆڵۆنیان.”
سەبارەت بە ئاماری ئەو کوردە کۆچبەرانەی لە بیلاڕوسیان، زیاد ڕەئوف وتی” بە پێی ئەو ئامارە فەرمیانەی بڵاودەکرێنەوە وە میدیاکانی پۆڵۆنیاش باسی دەکەن 3-4 هەزار کۆچبەر لەسەر سنورن کە زۆربەیان کوردن. ”
”میدیاکانی پۆڵەندا بە دووجۆر باس لە بابەتی ئەو کۆچبەرانە دەکەن ”
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەو پرسیارەی میدیاکانی پۆڵەندا چۆن باسی ئەو کۆچە بە لێشاوەی کورد دەکەن؟ دەڵێت ” ئەو میدیایانەی سەر بەدەسەڵاتن ئەم کارە بە تۆڵەکردنەوەی بیلاڕوسیا دەزانن بەرامبەر پۆڵۆنیا و یەکێتی ئەوروپا بەتایبەت دوای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە و ناچارکردنی فڕۆکەیەک بۆ ئەوەی کەسێکی ئۆپۆزسیۆن ناچار بکات و دەستگیری بکات، بەڵام میدیا ئازادەکان و ئۆپۆزسیۆن داوا دەکەن مادام ئەو کۆچبەرانە هاتون بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و سەیری کەیسەکەیان بکرێت. ”
”دەزگای خێرخوازی بارزانی داوای لێکردوین کە مۆڵەت لە حکومەتی پۆڵەندا وەربگرین بۆ ئەوەی هاوکاری بگەیەنن بەو کۆچبەرانە ”
دەربارەی هاوکاری حکومەتی هەرێم بۆ ئەو کۆچبەرانە، زیاد ڕەئوف وتی” ئەوانەی لە بیلاڕوسیان ئێمە دەسەڵاتمان نیە، بۆ ئەوانەی پۆڵۆنیا هەوڵدەدەین هاوکاری لەگەڵ باڵوێزی عێراق لە وارشۆ بکەین بۆ هاوکاری کردنی ئەو کۆچبەرانەی پۆڵۆنیا، هەروەها دەزگای خێرخوازی بارزانی داوای لێکردوین کە مۆڵەت لە حکومەتی پۆڵۆنیا وەربگرین بۆ ئەوەی هاوکاری بگەیەنن بەو کۆچبەرانە لەناو کەمپەکاندا، ئەوە دوو سێ ڕۆژە چاوەڕێی وەڵامی حکومەتی پۆڵۆنیاین.”
”لەگەڵ باڵوێزی عێراق هەماهەنگی دەکەین بۆ ئەوەی ئەو کەسەی دەیەوێت بەویستی خۆی بگەڕێتەوە هەرێم هاوکاری بکرێ”
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە پۆڵەندا دەشڵێت” لەگەڵ باڵوێزی عێراق هەموو هەماهەنگییەک دەکەین بۆ ئەوەی هاوکاری ئەو کەسانە بکەن کە دەیانەوێت بە ڕوخسەتی خۆیان بگەڕێنەوە، وتیشی” بەهیچ جۆرێک لەگەڵ گەڕانەوەی بەزۆری ئەو کۆچبەرانە نین، تەنها ئەوانە نەبێت کە بەویستی خۆیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە و پێویستە هاوکاری بکرێن.”
نوێنەری حکومەتی هەرێم ئەوەشی وت” کەیسی ئەو کۆچبەرانە زۆر زۆر زیانی داوە لە ناوبانگی هەرێمی کوردستان چونکە ئەو کەیسانەی پێشکەشی دەکەن لە پۆڵۆنیا، ئێمە لەدەسەڵاتدارانی پۆڵۆنیا و هەتا لە چاودێرە ئەوروپییەکان لێرە دەبیستین شتی زۆر ناڕاست و ناڕەوا باس دەکەن سەبارەت بە هۆکاری کۆچکردنیان، هی وای هەیە دەڵێت” من ڕۆژنامەنوسم ئەگەر لە کوردستان بژیم ئەوا دەستگیر دەکرێم و ئەشکەنجە دەدرێم، بەشێکیش لەو گەنجانە وتویانە پارتی بەزۆر دەمانێرێت بۆ شەڕی پەکەکە، ئیتر زۆر چیرۆکی هەڵبەستروای تریان دروستکردووە کە عەقڵ قبوڵی ناکات.”
زیاد ڕەئوف ئەوەشی وت” هەرچەندە لایەنی حکومەتی پۆڵۆنی بەفەرمی لەسەر ئەو کەیس و هۆکارانە لە ئێمەیان نەپرسیووە بەڵام میدیاکان و ڕۆژنامەنوسان لەسەری دەنوسن هۆکاری کۆچکردنی ئەو خەڵکە وە پرسیارمان لێدەکەن لەوبارەوە، کە زۆریان باسییان لەوە کردووە ئازادی لەهەرێمی کوردستان نیە و ژیانیان لە مەترسی بووە لەوێ بۆیە ناچاربوون کوردستان بەجێبهێڵن.”