Accessibility links

پسپۆڕان دەڵێن هەڕەشەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە عێراق زیادیکردووە


شرۆڤەکاران دەڵێن، ئەو هێرشەی ئەم دواییەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بۆ سەر شوێنی مانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی، ئاماژەیە بۆ زیادبوونی هەڕەشەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بچووک (درۆن) کە بە ئاسانی دەگەنە دەستی میلیشاکان لە عێراق.

بەرپرسانی عێراق بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە لە هێرشەکەی ئێوارەی ڕۆژی شەممەدا سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووکی "چوارپەرەورانە" بەکارهێنراون. لە هێرشەکەدا کازمی زیانی بەرنەکەوت بەڵام سێ لە پاسەوانەکانی برینداربوون.

کاربەدەستان دەڵێن کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هەمان ئەو جۆرانە بوون کە لە لایەن میلیشیا شیعەکانی لایەنگری ئێرانەوە دژی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەولێر و ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە پێشتر بەکارهاتبوون.

سێت فرانتزمان، نووسەری کتێبێک لەسەر جەنگی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەڕەشەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگری تەقەمەنی لە زیادبووندایە، بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن گرووپەکانی لایەنگری ئێرانەوە بەکاردەهێنرێن."

فرانتزمان هەروەها گوتی، "میلیشیا چەکدارەکان، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بەهۆی ئەم تەکنۆلۆژیاییەوە دەتوانن چ کاتێک و لە کوێ بیانەوێت هێرش ئەنجامبدەن، پاشان خۆیان ونبکەن، چونکە ئەوەی فڕۆکەکە کۆنترۆڵ دەکات خۆی شاردۆتەوە و نە تەکنۆلۆژیاکە و نە پلانەکە زۆرجار نادۆزرێنەوە."

فرانتزمان دەڵێت ئێران یارمەتی گروپە چەکداری شیعەکانی لە سەراپای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داوە تا دەستیان بگاتە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان.

ئەم جۆرە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە، کە لە ئاستێکی نزمدا دەفڕن و دەکرێت دەستکاری بکرێن بە جۆرێک هەتا چەک و تەقەمەنیان لێباربکرێن، بەربەستێکن لەبەردەم هێزەکانی عێراقدا بۆ ئەوەی ڕێگریان لێبکەن. هێرشەکەی ئەم دواییە بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی کازمی لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەریخست چۆن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەتوانن بچنە ناوچەیەکی زۆر ئارامەوە کە لەلایەن سیستەمی دژە مووشەکی ئەمەریکییەوە دەپارێزرێت.

فرانتزمان روونیکردەوە، "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەتوانن هێواش و نزم بفڕن و خۆیان لە هەندێک [سیستەمی] بەرگری ئاسمانی دووربگرن. هەروەها زۆر سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ ئەوە دروستنەکراون هەتا ڕووبەڕووی چەندین جۆر و قەبارەی جیاوازی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ببنەوە."

پسپۆڕە ئەمەریکییەکە گوتی هەڕەشەی ئەم جۆرە فڕۆکە بێفرۆکەوانانە بۆتە هۆی "دروستبوونی پرسیار، ئایا دەکرێت سیستەمی جامکردن و سیستەمی دژە جی پی ئێس لە داهاتوودا بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە بەکاربهێنرێن یان پێویستە حکومەت ئەو سیستەمانە بەدەست بهێنێت کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بخاتە خوارەوە."

دواین هێرش چەند هەفتەیەک دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق دێت کە تیایدا، هاوپەیمانی فەتح، کە نوێنەرایەتی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران دەکات، ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە بووەوە. بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 کە 48 کورسی هەبوو، فەتح ژمارەی کورسییەکانی ئەمجارە کەمبۆوە بۆ نزیکەی 16 لە پەرلەمانی عێراق کە لە 329 کورسی پێکهاتووە.

گەورەترین براوەی هەڵبژاردنەکان بزووتنەوەی سەدرە، کە موقتەدا ئەلسەدر سەرکردایەتی دەکات و ڕۆژانێک نەیارێکی سەرسەختی ئەمەریکا بوو. سەدرییەکان 74 کورسیان بردۆتەوە، ئەمەش بیست کورسی زیاترە لەو ژمارەیەی جاری ڕابردوو هەیبوو.

بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سەدر هێرشەکەی بە کردارێکی "تێرۆریستی" داناوە کە ئامانج لێی " گەڕانەوەی عێراقە بۆ بارودۆخی پشێوی و بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی هێزە نادەوڵەتییەکانەوە."

دەیڤد پاڵەک، کە پێشتر ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بووە و ئێستا پسپۆڕێکە لە پەیمانگای واشنتن بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک، دەڵێت گومان‌دەکات ئێران لە پشت هێرشەکەوە بێت و ئەگەری زیاترە لە ئەنجامی ترسی ئەو میلیشیایانە بێت کە "ئەم هەڵبژاردنە دەیانخاتە پەراوێزەوە."

پاڵەک گوتی، "هۆکاری لۆجیکی هەیە بۆ ئەوەی بڕوابکەیت ئێران لە پشت هێرشەکەوە نەبووە... میلیشیاکان خۆیان بە تەنیا بەم هێرشە هەڵساون و ئێران ڕەنگە پێی وابووبێت ئەمە کارێکی لە ڕادەبەدەر ئیستیفزازکەرانەیە."

هێرشەکە لەلایەن سەرکردەکانی جیهانەوە سەرکۆنە کرا بە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایندەوە کە گوتی ئەنجامدەران دەبێت سزای یاساییان وەربگرن.

لە بەیاننامەیەکی کۆشکی سپیدا، بایدن گوتی، "بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە تێرۆریستییە دەکەم کە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک وەزیران کازمی کردە ئامانج.... تیمی ئاسایشی نەتەوەیی خۆمم ڕاسپاردووە هەتا کۆمەکی گونجاو پێشکەشی هێزەکانی عێراق بکەن هەتا لێکۆڵینەوە لەم هێرشە بکات و ئەوانە بدۆزێتەوە کە دەستیان تیایدا هەبووە."

میلیشیا شیعەکانی عێراق، کە بە حەشدی شەعبی ناسراون، دژی دواین هەڵبژاردن وەستاونەتەوە و گوتوویانە ساختەکاری تیایدا روویداوە. حەشدی شەعبی رۆڵێکی گرنگی لە تێکشکاندنی چەکدارەکانی داعشدا لە عێراق گێڕا بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ حەشد بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ تۆمەتبار دەکەن.

سەرەڕایی گەورەی هێرشەکەی ئەم دواییە بۆ سەر کازمی، ئومێدی کەم هەیە کە ئەنجامدەرە ڕاستەقینەکانی بگیرێن و دادگایی بکرێن، بە تایبەتی ئەگەر بێت و سەرکردەی بەهێزی میلیشیا شیعەکان دەستیان تێدا هەبووبێت.

پاڵەک گوتی، "تەنانەت ئەم هێرشەش پێموانییە ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە" لە نێوان حکومەتی عێراق و میلیشیا شیعەکان.

XS
SM
MD
LG