Accessibility links

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا: هەڵوێستی فەرمی ئەوەیە کە یەکێتی ئەوروپا ڕێگە نادات ئەو کۆچبەرانە بچنە ناو ئەوروپا


 دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا
دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا

دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا ڕایدەگەیەنێت” هەڵوێستی فەرمی ئەوەیە کە یەکێتی ئەوروپا ڕێگە نادات ئەو کۆچبەرانە بچنە ناو خاکی ئەوروپا، لەو چوارچێوەیەش جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا سەردانی لوبنان و عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەو شوێنانە دەکات کە خەڵکی ئەو وڵاتانە لێوەی کۆچ دەکەن، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شوێنانە قسەدەکرێت بەمەبەستی ئەوەی کە چۆن ڕێگە بگیرێت لەوەی خەڵک بەو شێوازە بچنە ئەوروپا. ”

لەو ڕووەوە دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند” بۆ یەکێتی ئەوروپا دوای بابەتی ئاسایش، بابەتی هاتنی کۆچبەران بابەتێکی هەستیارە و هەموییان کۆکن لەسەر ئەوەی پێشگیری لێبکرێت. ”

” لەسەر پرسی ڕێگەگرتن لە کۆچبەران، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات”

سەبارەت بە ڕای فەرمی یەکێتی ئەوروپا لەسەر کۆچبەرەکانی نێوان سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە یەکێتیەکە وتی” هەڵوێستی فەرمی ئەوەیە کە یەکێتی ئەوروپا ڕێگە نادات ئەو کۆچبەرانە بچنە ناو خاکی ئەوروپا، لەو چوارچێوەیەش جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا سەردانی لوبنان و عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەو شوێنانە دەکات کە خەڵکی ئەو وڵاتانە لێوەی کۆچ دەکەن، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شوێنانە قسە دەکرێت بەمەبەستی ئەوەی کە چۆن ڕێگە بگیرێت لەوەی خەڵک بەو شێوازە بچنە ئەوروپا، ئێستا ئەو شاندە لە لوبنانن و دواتر سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکەن، یەکێتی ئەوروپا مەبەستێتی جگە لە پارێزگاری سنورەکانیان ئەو سەرچاوانەش وشک بکەن کە پەنابەرییان لێوەدێت لەوێوە ڕێگرییان لێبکرێت، ئەو فشارەیان وای لە عێراق کرد کە باڵوێز و کونسڵخانەی بیلا ڕوسیا لە عێراق و هەرێم دابخەن تا ڤیزە نەدرێتە خەڵک، هەروەها فشارییان خستە سەر هێڵە ئاسمانیەکانی تورکیا بۆ ڕێگرن لە گواستنەوەی کۆچبەری ئەو وڵاتانە، وەکو کەناڵێکی دیبلۆماسی یەکێتی ئەوروپا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ هەردولا هەیە. ”

دلاوەر ئاژگەیی ئەوەشی وت” دەبێت دیراسە بکرێت بزانرێت هۆکارەکانی کۆچکردن چین؟ لە چ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانە زیاتر ئەو کۆچە؟ ئەوە پێویستی بە دیراسەیە من ناتوانم ئێستا لێرەدا بڵێم هۆکارەکانی کۆچ لەبەر ئەوەیە، لەسەر بنەمای ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوە دەتوانرێت هۆکارەکانی کۆچ دەستنیشان بکرێت و چارەسەر بکرێت. ”

” کەیسی نەبونی ئازادی لە هەرێمی کوردستان کەیسێکە ڕەنگە زۆر قبوڵ نەکرێت لێرە (لە ئەوروپا) کە پەنابەری پێ وەربگرن، چونکە ئەوان خۆیان لەکوردستانن و دۆخەکە دەبینن”

بەشێک لەوانەی باس لە کۆچی بە لێشاوی خەڵک و گەنجانی هەرێمی کوردستان دەگێڕنەوە بۆ نەبونی هەلیکار و ئازادی، جگە لەوەی پێشتر زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو” کەیسی ئەو کۆچبەرانە زۆر زۆر زیانی داوە لە ناوبانگی هەرێمی کوردستان چونکە ئەو کەیسانەی پێشکەشی دەکەن لە پۆڵۆنیا، ئێمە لەدەسەڵاتدارانی پۆڵۆنیا و هەتا لە چاودێرە ئەوروپییەکان لێرە دەبیستین شتی زۆر ناڕاست و ناڕەوا باس دەکەن سەبارەت بە هۆکاری کۆچکردنیان، هی وای هەیە دەڵێت” من ڕۆژنامەنوسم ئەگەر لە کوردستان بژیم ئەوا دەستگیر دەکرێم و ئەشکەنجە دەدرێم، بەشێکیش لەو گەنجانە وتویانە پارتی بەزۆر دەمانێرێت بۆ شەڕی پەکەکە، ئیتر زۆر چیرۆکی هەڵبەستروای تریان دروستکردووە کە عەقڵ قبوڵی ناکات”

لای خۆشیەوە، دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا دەڵێت” کەیسی نەبونی ئازادی لە هەرێمی کوردستان کەیسێکە ڕەنگە زۆر قبوڵ نەکرێت لێرە (لە ئەوروپا)کە پەنابەر وەردەگرن، چونکە ئەوان خۆیان لەکوردستانن و دۆخەکە دەبینن ، ئەگەر سەیری سۆشیاڵ میدیای کورد بکەن دەبینین کە خەڵک بەدڵی خۆی شت دەنوسێت، هەندێک شت دەنوسرێت کە ڕەنگە بەپێی یاساکانی ئەوروپاش ڕێگە پێدراو نەبێت و لێپێچینەوەی یاسایی لەسەر دەکرێت، ئەندام پەرلەمان هەیە لەکوردستان لێدوان دەدات دەڵێت” ئازادی لەکوردستان نیە، باشە ئەگەر ئازادی نەبێت چۆن دەتوانێت لەبەردەم بیست کەناڵی ڕاگەیاندن لێدوان بدەیت بڵێی ئازادی نیە؟! واتە خۆی هەڵسوکەوتەکە پێچەوانەی بانگەشەکەیەیە و خۆی وەڵامی خۆی دەداتەوە”

”جگە لەوەی هەرکەس باسی بونی مەترسی و هەڕەشە و گرتن بکات لە وڵاتەی کە کۆچی لێوەکردووە، دەبێت بە بەڵگە بیسەلمێنێت بۆ ئەو وڵاتەی کە داوای مافی پەنابەری لێدەکات. ”دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا وایوت”

” ئەوەی حکومەتی هەرێم زیاتر ڕەنگە بتوانێت بۆ ئەو کۆچبەرانەی بکات ئەوەیە هەوڵی ئاسانکاری تەواو بدات بۆ ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆکوردستان ”

پێشتر چەندین جار هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە شارەوانی میونیخ و حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریان داوە بە پاس ئەو کۆچبەرانەی نێوان سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا بگوێزنەوە بۆ ئەڵمانیا و مافی پەنابەرییان پێ بدات. ”

بەڵام نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا دەڵێت” کێشەکە تۆزێک ئاڵۆزە، چونکە ئەگەر وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا یا هەر وڵاتێکی تر ئامادەبێت بۆ وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانە دەبێت لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا هەماهەنگ بکات، یانی کۆی گشتی یەکێتی ئەوروپا هەماهەنگی لەسەر بدات بۆیە بەبۆچونی من ئەوە کەمێک قورس دەبێت بۆ ئەو وڵاتانە، جگە لەوەش زۆر جار لەلایەن هەندێک سایت و ڕاگەیاندنەوە ئەو دەنگۆیانە بڵاوکراونەتەوە بەڵام بڕوا پێکراو نەبوون. ”

دەربارەی هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کۆچبەرانە؟ نوێنەری حکومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا وتی” وەک دەزانرێت بیلا ڕوسیا وڵاتێکی داخراوە نەک نوێنەرایەتی هەرێم تەنانەت حکومەتی عێراقیش نوێنەری نیە، بەڵام لەدیوی پۆڵەنداوە بڕیارە نوێنەری حکومەتی هەرێم سەردانیان بکات هەروەها پەیوەندی بە لایەنی پۆڵەندی کردووە کە دەزگای خێرخوازی بارزانی بچێت بۆ هاوکاری کردنی ئەو کۆچبەرانە. ”

دلاوەر ئاژگەیی زیاتر وتیشی”ئەوەی حکومەتی هەرێم زیاتر ڕەنگە بتوانێت بۆ ئەو کۆچبەرانەی بکات ئەوەیە هەوڵی ئاسانکاری تەواو بدات بۆ ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆکوردستان. ، چونکە وڵاتی سێیەمە ناتوانرێت هیچ بکرێت. ”

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:52 0:00


XS
SM
MD
LG