Accessibility links

بەرپرسێکی باڵای کۆمسیۆن: ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کۆتایـین و تانەیان لێنادرێت


Iraq's Independent High Electoral Commission
Iraq's Independent High Electoral Commission

بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت” ئەم ئەنجامانەی هەڵبژاردن ئەنجامی کۆتایین و تانەی لێنادرێت، تایبەتمەندی دادگای فیدراڵیش دیاری کراوە بەپێی دەستوری عێراق و یاسای دادگای فیدراڵ، تایبەتمەندی ئەم دادگایەش تەنها پەسەندکردنی ناوی کاندیدەکانە، هەروەها هیچ کاتێک نەماوە بۆ ئەوەی تانە بدرێتەوە لەم ئەنجامانە دەستەی دادوەری عێراق بڕیاری لەسەرداون بەپێی یاسا ئەو بڕیارانەی لەم دەستەیەوە دەردەچێت(بات) ن بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت تانەی لێبدرێت.”

”بە هیچ جۆرێک تانە لەم ئەنجامانە نادرێت ”

ڕۆژی سێ شەممە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە پێش وەختیەکەی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاند، بەڵام هەندێک لە لایەنە عێراقییەکان و کوردییەکان ئەو ئەنجامانەیان ڕەتکردەوە.

لەو ڕووەوە هیمان تەحسین بەگ بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند”ئەم ئەنجامانە ئەنجامی کۆتایین، بە پێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هیچ جۆرێک تانە لەم ئەنجامانە نادرێت، ئێستا ناوی کاندیدەکان لە لایەن کۆمسیۆنەوە نێردراون بۆ دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەی ناوی ئەو کاندیدانە پەسەند بکات. ”

”بەپێی دەستوری عێراقی دەسەڵاتەکانی دادگای فیدراڵی دیاریکراوە، لە ئێستادا دەسەڵاتی ئەم دادگایە پەسەندکردنی ناوی کاندیدەکانە”

سەبارەت بەوەی ئایا لایەنەکان دەتوانن لەبەردەم دادگا تانە لەم ئەنجامانە بدەن؟ لە وەڵامدا بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕونیکردەوە” بە پێی دەستوری عێراق ساڵی 2005، هەروەها یاسای کۆمسیۆن و وە یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ساڵی 2020 ئەم ئەنجامانەی هەڵبژاردن، ئەنجامی کۆتایین و تانەی لێنادرێت، تایبەتمەندی دادگای فیدراڵیش دیاری کراوە بەپێی دەستوری عێراق و یاسای دادگای فیدراڵ، تایبەتمەندی ئەم دادگایەش تەنها پەسەندکردنی ناوی کاندیدەکانە، وە هیچ کاتێک نەماوە بۆ ئەوەی تانە بدرێتەوە لەم ئەنجامانە دەستەی دادوەری عێراق بڕیاری لەسەر داون بەپێی یاسا ئەو بڕیارانەی لەم دەستەیەوە دەردەچێت(بات) ن بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت تانەی لێبدرێت. ”

بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، تاکە ڕێگە لە ئێستادا لەبەردەم لایەنە ناڕازییەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئەوەیە” تەنها ڕێگە ڕێککەوتنی لایەنەکانە لە نێوان خۆیاندا بۆ ئەوەی هەنگاو بنێن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. ”

” لەو 1400 تانەیەی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن درابوو، بەشێکیین ڕەتکرانەوە چونکە بەڵگەی تەواو نەبوو ”

لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، هیمان تەحسین بەگ بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو، زیاتر لە 1400 تانە لە ئەنجامە بەراییەکان دراوە و کۆمسیۆن ڕێوشوێنی یاسایی خۆی دەگرێتەبەر. ”

بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردن چەند لایەنێک کورسییان زیادی کردووە و چەند لایەنێکیش ژمارەی کورسییەکانیان بەهۆی ئەو تانانەوە کەمیکردووە.

هیمان تەحسین بەگ ئەوەشی وت ” لەو 1400 تانەیەی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن درابوو، بەشێکیین ڕەتکرانەوە، ئەوانەشی بەڵگەی تەواوی لەگەڵدا بوون نێردرا بۆ دەستەی دادوەری هەڵبژاردن، لەسەر بڕیاری ئەو دەستەیە کۆمسیۆن هەستا بە کردنەوە و ئەژمارکردنەوەی چەند وێستگەیەکی دەنگدان لە چەند پارێزگایەکی عێراق، ئەوەبوو گۆڕانکاری لە پێنج کورسی لایەنەکان کرا لە پارێزگاکانی، بەغداد، موسڵ، کەرکوک ، و هەولێر، ئەم پڕۆسەیەی ئەمجارە پڕۆسەیەکی تازەبوو، چەند کاندیدێک بە جیاوازی چەند دەنگێکی کەم لە کاندیدێکی ترییان بردەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی چەند لایەنێک کورسی لە دەست بدەن و چەند لایەنێکی تر ژمارەی کورسییەکانیان زیاد بکات، ئەم پێشبڕکێیەش ڕەوابوو، دەستەی دادوەری بە پێی یاسا هەستا بەدەرکردنی ئەو بڕیارانە کۆمسیۆنیش وەک لایەنێکی جێبەجێکار هەستا بە کردنەوەی دەنگی ئەو وێستگانە. ”

” سەرجەم ڕێوشوێنەکان دەستوری و یاسایی بووە ”

بەشێک لە کاندید و لایەنە سیاسییەکان کە ڕەخنە لە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن دەگرن ڕایدەگەیەنن کە بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەکانیان پەنا دەبەنە بەر دادگای فیدراڵی عێراق. ”

ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق (هیمان تەحسین بەگ) لە کۆتا بەشی قسەکانیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، وتی ”ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کۆتایی بوون، ئێستا ئێمە گەیشتوینەتە قۆناغێکی تر ناوی کاندیدەکان نێردراون بۆ دادگای فیدراڵی عێراق، دادگاکەش بە پێی دەستوری عێراقی دەسەڵاتەکانی دیاریکراوە و ناتوانێت هەموو شتێک بکات مەگەر تەنها لەوحاڵەتەی ئەو ڕێوشوێنانەی کۆمسیۆن گرتونیەتیەبەر یاسایی نەبن، بەبۆچونی من سەرجەم ڕێوشوێنەکان دەستوری و یاسایی بووە، هەمووی بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی و چاودێرانی هەموو لایەنە سیاسییەکان، هەموو ئەوانە ئامادەبوون. ”

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:53 0:00


XS
SM
MD
LG