Accessibility links

جەلال جەوهەر: دەبێت قیادەی گۆڕان بەو شکستە گەورەیەدا بچێتەوە


وێنەی ئەرشیف
وێنەی ئەرشیف

بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، ڕێژەی دەنگدەری زۆربەی حزب و لایەنە کوردیـیەکان دابەزیووە، چاودێرانیش، هۆکارەکەی بۆ توڕەیی خەڵک لە حزب و لایەنەکان و هەڵکشانی ڕێژەی بایکۆت دەگێڕنەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، جەلال جەوهەر ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ئەندامی دەست لەکارکێشاوەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژە بەو شکستە گەورەیە دەکات کە دووچاری بزووتنەوەی گۆڕان بووە، تێڕوانینی خۆشی لەسەر ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن دەخاتەڕوو.

بەرزی ڕێژەی بایکۆت و دەنگ نەدان

لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکەی دوێنێ یەکشەممەدا، کەمی بەشداری ڕێژەی دەنگدان، سەرنجی زۆربەی چاودێران و میدیاکانی ڕاکێشا، بە تایبەت ڕێژەی بەشداری نەکردن و بایکۆت لە ئاستێکدابوو، چۆڵی بە بنکەکانی دەنگدانەوە دەبینرا، ڕێژەی بەشداری نەکردن نزیکبوو لە نیوە.

جەلال جەوهەر ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ئەندامی دەست لەکارکێشاوەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، کە ئێستا وەکو چاودێرێک ڕاکانی دەخاتەڕوو، دەڵێت" هۆکاری بەرزی ڕێژەی دەنگ نەدان، پەیوەندی بە خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە، کە لە ساڵی 2014 ەوە، کۆمەڵێک قەیرانی جۆراو جۆر، ڕووی لە هەرێم کردووە، وایکرد خەڵکێکی زۆر نیگەران بن."

بەبڕوای جەلال جەوهەر، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە لە ساڵی 2018، ئەنجامی ناڕەزایەتیەکان دەرکەوتوون و ئەو کاتیش هەستیپێکراوە، بەڵام ئەمجارە زەقتربووەتەوە، وتی"جاری پێشوو، ساختەکاری نەیهێشت ناڕەزایەتی خەڵک بە زەقی دەربکەوێت، ئەگینا لە هەڵبژاردنی 2018 دا، هەمان ناڕەزایەتی هەر هەبووە."

خراپی دۆخی لایەنەکان

پارتی دیموکراتی کوردستان، نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی لە ژمارەی کورسیـیەکانیان تاڕادەیەک ڕازین، بەڵام یەکێتی، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری و لایەنەکانی تر، ژمارەی کورسیەکانیان کەمیکردووە و نیگەرانن.

جەلال جەوهەر ڕوونیکردەوە، بەراورد بە هەڵبژاردنی 2018، پارتی 300 هەزار دەنگ و یەکێتی 200 هەزار دەنگ کەمیان کردووە، گۆڕان 95%ی دەنگەکانی لەدەستداوە، نەوەی نوێ 17 هەزار و کۆمەڵیش دەنگی کەمیکردووە، تەنها دەنگی یەکگرتووی ئیسلامی چەند هەزارێک زیادیکردووە.

ناوبراو وتی"ناڕەزایەتی جەماوەری هەمە لایەنە لە هەموو حزبەکان هەیە، بەڵام هێشتا زووە، تا هەڵسەنگاندنی وردتر و ژمارەیی بۆ دۆخی لایەنەکان بکرێت."

شکستە گەورەکەی بزووتنەوەی گۆڕان

بزووتنەوەی گۆڕان لەم هەڵبژاردنە دووچاری شکستێکی گەورەبوو، بەو پێـیەی تا ئێستا هیچ کورسیەکی بەدەست نەهێناوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا، ڕکابەری یەکێتی و پارتی دەکرد.

بەبڕوای جەلال جەوهەر، شکستهێنانی بزووتنەوەی گۆڕان پەیوەندی بە خراپی دۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەکەوە هەبووە، کە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، نەیتوانیووە خۆی ڕێکبخاتەوە، وتی" گۆڕان وەکو هێزێکی دەنگدان مایەوە، دوای کاک نەوشیروان، پێویستبوو وەکو هێزێکی دامەزراوەیی و تەندروست خۆی ڕێکبخاتەوە، بەڵام نەیتوانی بۆشایی کاک نەوشیروان پڕبکاتەوە."

جەلال جەوهەر پێیوایە شکستی گۆڕان هی ئەمڕۆ نیـیە، بەڵکو سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کاتێک نیوەی کورسیـیەکانی لەدەستدا، وتی"خراپی دۆخی گۆڕان پەیوەندی بە تەزویراتەکانی ڕابردووشەوە هەیە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە لە ڕووی هونەریـیەوە زۆر باشبووە."

جەختیکردەوە"شکستەکەی گۆڕان زۆر قورسبووە، دەبێت قیادەی گۆڕان دابنیشن، پێداچوونەوە بە بەرنامەیاندا بکەن و عەیب و عارەکان بدۆزنەوە، هەروەها پێداچوونەوە بە دەرەوەی خۆشیان بکەن."

شکسشتی سەربەخۆکان

پێچەوانەی ناوچە جیاجیاکانی عێراق، بە تایبەت باشوری عێراق، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کاندیدە سەربەخۆکان دەنگی پێویستیان بۆ چوونە پەرلەمان هێناوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان، هیچ کام لەو پەرلەمانتارانەی کە پێشتر ئەندامی پەرلەمان بوون و لە دەرەوەی حزبەکان خۆیان کاندیدکرد، دەنگی پێویستیان نەهێنا.

چاودێران هۆکاری شکستی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان، بۆ ئەوە دەگێڕنەوە بەشێک لەوانەی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە و ناڕازیبوون، دەنگدەری سەربەخۆکان بوون، هەروەک نەوەی نوێش بەشێکی تر لە دەنگە ناڕازیەکانی چنیووەتەوە و ئەمەش بە شکستی سەربەخۆکان کۆتایی هاتووە.

جەلال جەوهەر لە بارەی شکستی کاندیدە سەربەخۆکانەوە، وتی"کاندیدی سەربەخۆ دەنگی نەهێنا، سەبەبی خۆی هەبوو، بەڵام قسەکردن لەسەری دەچێتە چوارچێوەی شەخسیەوە و نامەوێت قسەی لەسەر بکەم."

XS
SM
MD
LG