Accessibility links

پارتی جوڵەی دەستپێکرد و دەیەوێت هیچ لایەنێکی کوردی نەچێتە بەرەی ڕەتکردنەوەی هەڵبژاردنەوە


پارتی دیموکراتی کوردستان جوڵەیەکی سیاسی دەستپێکردووە و دەیەوێت سەرجەم لایەنە کوردیەکان ڕازی بکات، نەبنە بەشێک لە ناکۆکی نێوان لایەنە شیعەکانی عێراق و نەچنە ئەو بەرەیەی کە ئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕەتدەکاتەوە.

جوڵە سیاسیەکەی پارتی، ئەمڕۆ دووشەمە، بە ناردنی وەفدێک بەسەرۆکایەتی فازڵ میرانی بۆ لای لایەنە سیاسیەکان لە سلێمانی دەستیپێکرد، وەفدەکە سەرەتا لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کۆبوویەوە و بڕیارە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانی تریش کۆببێتەوە.

مەحمود محەمەد وتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند"لەسەر ڕسپاردەی بارزانی، بڕیارمانداوە سەرجەم حیزبەکان بەسەربکەینەوە، لەپێنا و یەکڕیزی و ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد، تا هیچ لایەنێک درزی نێو ماڵی کورد نەقۆزێتەوە."

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، سەردانی وەفدەکەی پارتی بۆ گفتووگۆ و یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار و ئەو پۆستانە نیە، کە لەبەغدا بەر کورد دەکەون، بەڵکو ئامانجی سەرەکی سەردانەکە، بۆ دروستکردنی یەکڕیزیە، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، نایەوێت هیچ لایەنێکی کوردی بچێتە ئەو بەرەیەوە کە ئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردن ڕەتدەکاتەوە.

زۆربەی حیزب و لایەنەکان ئامادەیی خۆیان بۆ گفتووگۆ و دانوستان لەگەڵ وەفدەکەی پارتی نیشانداوە، بەڵام جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە 9 کورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێناوە، لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەمە بڵاویکردووەتەوە، بەشداریکردنی لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق و وەرگرتنی پۆستی ڕەتکردووەتەوە.

نەوەی نوێ چوار مەرجیشی بۆ یەکڕیزی هێز و لایەنە کوردیەکان داناوە، مەرجەکانی بریتین لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، دامەزراندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم لەخەڵکانی بێ لایەن و کەسانی شارەزا، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی دادوەری و دانانی ئەنجومەنێکی نوێ لە کۆمەڵێک دادوەری بەتوانا و ناحیزبی، ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوە سیاسی و ڕۆژنامەوان و چالاکوانان.

پێچەوانەی نەوەی نوێ، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان پێشوازی لەوەفدەکەی پارتی دەکات، لەکاتێکدا ئەو بزووتنەوەیە هیچ کورسیەکی پەرلەمانی نەهێناوە و بڕیاری ئەنجامدانی گۆڕانکاری داوە، لە پێناو گێڕانەوەی متمانە بۆ جەماوەرەکەی.

لای خۆشیەوە، ئەمین باباشێخ وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، وتی"هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ یەکڕیزی، پێشوازی لە دەستپێشخەری لایەنەکانیش دەکەین بەمەبەستی یەکڕیزی."

لایەنە شیعەکان لە ئێستا لە کێشمەکێشێکی قورسدان، موقتەدا سەدر براوەی هەڵبژاردنە و دەیەوێت حکومەت پێکبهێنێت، لایەنە شیعەکانیش دژی هەوڵەکانی سەدرن و ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە، بەڵام تا ئێستا کورد و عەرەبی سونە، نەبوونە بەشێک لەململانێی نێوان شیعەکان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:26 0:00


XS
SM
MD
LG