Accessibility links

لە بڵندگۆی مزگەوتەکانی عێراق داوا لە خەڵک کرا دەنگ بدەن


چەندین مزگەوت لە عێراق لە ڕێگەی بڵندگۆکانەوە درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە داوایان لە هاوڵاتیان کرد دەنگ بدەن "وەک ئەرکێکی ئاینی" ، ئەمەش دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە هۆشداریان دا لە کەمی ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

لە مزگەوتی ئەبو حەنیفە لە ناوچەی ئەعزەمیەی شاری بەغدا، مامۆستای ئاینی ئەو مزگەوتە لە ڕێگەی بڵندگۆوە بە هاوڵاتنیانی شارەکە ڕاگەیاند، "کەس و کارمان لە شاری ئەعزەمییە، بەدەم داوای زانایان بڕۆن و بچن کەسانی چاک هەڵبژێرن لە ڕۆڵەکانی شارەکەتان."

ئەو مامۆستایە گوتی، "هەڵبژاردن ڕێگایەکە بۆ فرمانکردن بە چاکە و ڕێگریکردن لە خراپە. لە پێناو وڵاتتان و شارەکەتان و منداڵەکانتان و کەس و کارتان، بڕۆن و چارەنوسی شارەکەتان دیاری بکەن."

بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵیە ناوخۆکانی عێراق، لە بەغدا و فەلوجە و چەندین ناوچەی تری ناوەڕاست و باشوری عێراق مامۆستایانی ئاینی لە ڕێگەی بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە داوایان لە هاوڵاتیان کرد کە لە دوا کاتژمێرەکانی ماوەی دەنگدان بچنە سەر سندوقەکانی هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی نوێنەرەکانیان بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق.

لەم هەڵبزاردنە پێشوەختەی عێراق، زیاتر لە سێ هەزار کاندید کێبڕکێ دەکەن لە سەر 329 کورسی بۆ پەڕلەمانی داهاتووی ئەو وڵاتەکە.

کۆمسیۆن ڕەتیکردەوە ماوەی دەنگدان درێژبکرێتەوە و کاتژمێر 6ی ئێوارە بە کاتی ئەو وڵاتە پرۆسەی هەڵبژاردن کۆتایی هات.

XS
SM
MD
LG