Accessibility links

ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین


بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لایەنە کوردیـیەکان لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین، 8 کورسیان بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا، 7 کورسیان لەو 3 پارێزگایە بەدەستهێنابوو.

ئەنجامی بەرایی کەرکوک

پارێزگای کەرکوک کرابووە 3 بازنەی هەڵبژاردنەوە، بازنەی یەک کە باکور و ڕۆژاوای کەرکوکی دەگرتەوە و 5 کورسی بۆ دانرابوو، تا ئێستا کورد لەو 5 کورسیە، 4 کورسی مسۆگەر کردووە و ئەگەرێکی لاواز هەیە، بۆ دەستهێنانی کورسی پێنجەمیش.

عەدنان کەرکوکی وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/ گەرمیانی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت" کورد لە بازنەی یەکەم 4 کورسی بردووەتەوە و عەرەبیش کورسیەک، کە براوەکانی کورد بریتین لە کاندیدێکی پارتی، کاندیدێکی نەوەی نوێ، دوو کاندیدی یەکێتی."

بەڵام ئەحمەد ڕەفیق کە بەرپرسێکی میدیایی یەکێتی یە لە کەرکوک، بڵاویکردووەتەوە، کورد لە بازنەی یەکەم ئەگەری بەدەستهێنانی 5 کورسی هەیە، کە کاندیدە براوەکان بریتین لە دیلان غەفور، سەباح حەبیب، سدیق عومەر، ئومێد محەمەد، شاخەوان عەبدوڵا.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، تا ئێستا کورد چانسی 4 کورسی هەیە، لە 5 کورسیەکەی بازنەی یەکەم، کە کورسی پێنجەم، ڕکابەری هەیە لەنێوان کاندیدێکی یەکێتی کە تا ئێستا سەرووی 9 هەزار دەنگی هەیە، بەڵام عەبدولموهەیمەن حەمدانی کاندیدی عەرەبی سونە، سەرووی 12 هەزار دەنگی هەیە.

گەر کورد لە 5 کورسیەکەی بازنەی یەکەم 4 کورسی ببات، دوو کورسی بۆ یەکێتی، کورسیەک بۆ پارتی و کورسیەک بۆ نەوەی نوێ دەڕوات لە بازنەی یەکەم.

سەبارەت بە بازنەی دووەمی کەرکوک، کە ناو شاری کەرکوک و باشوری شارەکە دەگرێتەوە و ململانێی بەهێز لەم بازنەبوو، 4 کورسی بۆ دانراوە، تا ئێستا کورد دوو کورسی و تورکمانیش دوو کورسی بردووەتەوە، بەڵام عەرەبی سونە هیچ کورسیەکی نەبردووە، بەم پێ یە، خالد مەفرەجی کەسایەتی بەهێزی عەرەبی سونە لەم بازنەیە کەوتووە.

دوو کورسیەکەی بازنەی دووەم ی کورد، دکتۆر گەیلان قادری کاندیدی یەکێتی کورسیـیەک و نەجوە کاکەیی کاندیدی پارتی کورسیـیە کۆتاکەیان بردووە، هەروەها ئەرشەد سالحی کاندیدی بەرەی تورکمانی کورسیەک و غەریب عەسکەری کاندیدی تورکمانی سەربە کوتلەی فەتح، کورسیەکەی تری بردووە.

لەبازنەی سێ یەمی کەرکوکیش، کە حەویجە و رۆژاوای کەرکوک دەگرێتەوە و 3 کورسی بۆ دانراوە، هەر سێ کورسیەکە لەلایەن کاندیدەکانی عەرەبی سونەوە براون، کاندیدە براوەکان بریتین لە ڕاکان جبوری، محەمەد تمیم، ساهیرە عوبەیدی.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان بێت، کورد لە 12 کورسیەکەی کەرکوک، 6 کورسی بردووە، هەرچەندە بەرپرسانی یەکێتی باس لە 7 کورسی دەکەن، کورسیەکان بەمشێوەیە دابەش دەبن، یەکێتی 3 کورسی، پارتی 2 کورسی، نەوەی نوێ کورسیەک.

هەروەها عەرەبی سونە 4 کورسی بردووە، 3 کورسی لەبازنەی 3 و کورسیەک لە بازنەی 1، تورکمانیش 2 کورسی بازنەی دووی بردووە، کورسیەک بەرەی تورکمانی و کورسیەکەی تر بۆ تورکمانی شیعە ڕۆیشتووە.

ئەنجامی بەرایی لە سەڵاحەدین و دیالە

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، کورد لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین 2 کورسی بردووەتەوە، هەر دوو کورسیەکە لەلایەن دوو کاندیدی یەکێتیەوە براونەتەوە.

لە پارێزگای دیالە، پێشتر کورد یەک کورسی هەبووە و کورسیەکە هی یەکێتی بووە، ئەمجارەش سۆزان مەنسور کاندیدی یەکێتی کورسیەکەی دیالەی بردووەتەوە، بەڵام لە پارێزگای سەڵاحەدین، لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، کورد کورسی نەبووە، بەڵام ئەمجارە مەلا کەریم شکوری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی بە سەرووی 12 هەزار دەنگ، بووەتە خاوەنی کورسیەک.

حەسەن محەمەد جێگری بەرپرسی مەڵبەندی حەمرین ی یەکێتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت" کورسی سەڵاحەدین بۆ کورد گرنگبوو، هەم زۆرینەبوونی کوردی سەلماند، هەم کورد بێ بوونی هیچ هێز و دەسەڵاتێک بووە خاوەنی کورسی."

XS
SM
MD
LG