Accessibility links

سەرۆکی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری داوا لە لایەنەکان دەکەن ئارامی و ئاسایشی وڵات بپارێزن


سەرۆکی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری پـێکەوە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا داوا لەو لایەنانە دەکەن لە چوارچێوەی یاسا ناڕەزایەتی دەرببڕن و بە فەرمی سکاڵا و تانەکانیان پـێشکەشی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و دەستەی دادوەری بکەن تاوەکو بەپـێی یاسا و دەستور بڕیاریان لەسەر بدەن.

بەرهەم ساڵح و فایه‌ق زێدان ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیاندنەکەیاندا هەروەها داوایان لەلایەنەکان کرد ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکە تێک‌نەدەن و وڵاتەکە بەرەو دۆخێکی نەخوازراو نەبەن.

ئەم ڕاگەیاندنە پاش ئەوە هات کە چەند لایەنێک ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان ڕەتکردەوە کە بەشی زۆریان لە گروپە شیعەکانی نزیک لە ئێرانن.

ئەمەش دەقی ڕاگەیاندنەکە:

ڕاگه‌یه‌ندراوێکی ھاوبه‌ش له‌ سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری

وه‌ک به‌رپرسیارێتییه‌ نیشتمانی و ده‌ستوری و یاساییه‌کان، ھه‌روه‌ھا بۆ پاراستنی پرۆسه‌ی ده‌ستوری و دیموکراسی وڵات و پارێزگاری له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌لی عێراق، ھاوکات له‌پێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی عێراق و کارکردن بۆ ئه‌وه‌ی وڵات نه‌برێت به‌ ئاڕاسته‌ی کێشمه‌کێش و دۆخێکی نه‌خوازراو که‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاسایشی گشتی بکات.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا جه‌ختده‌که‌ینه‌وه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵک له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور، چونکه‌ خه‌ڵک سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌تی حوکمڕانییه‌ و هه‌ڵبژاردنیش مافێکی نیشتمانی و ڕێگه‌چاره‌یه‌کی دێموکراسی و ئاشتیانه‌یه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵک و بژارده‌کانی، بۆیه‌ پێویسته‌ متمانه‌ی گه‌لی عێراق به‌ پرۆسه‌ی ھه‌ڵبژاردنه‌کان بگێڕینه‌وه‌، تاوه‌کو ھه‌ڵبژاردنه‌کان ببنه‌ مایه‌یی ھێنانه‌ئاراوه‌ی خواستی ڕاسته‌قینه‌ی گه‌ل.

ھه‌روه‌ھا سه‌باره‌ت به‌و ناڕه‌زاییانه‌ی هەن له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ له ‌چوارچێوه‌ی یاسا جێی قبوڵکردنه‌، بۆیه‌ مامه‌ڵه‌کردن و یه‌کلایکردنه‌وه‌ی پێویسته‌ به‌پێی ده‌ستور و یاسا ده‌بێت.ھاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری تایبه‌ت به‌و بابه‌ته‌ دووپاتده‌که‌ینه‌وه‌ بۆ به‌دواداچون بۆ ئه‌و دۆسێیه‌، ھه‌روه‌ھا جه‌ختده‌که‌ینه‌وه‌ له ‌گرنگی ڕه‌چاوکردنی هه‌موو ئه‌و سکاڵا و تانانه‌ی که‌ به‌رزکراونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ پیشه‌یی و به‌رپرسیارێتی و بێلایه‌نی ته‌واو.

داواش له‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان ده‌که‌ین به‌رپرسیارێتی نیشتمانی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاکانی وڵات له‌به‌رچاو بگرن، و پابه‌ندبن به‌ پاراستنی ئارامی و زمانی عه‌قڵ و دورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئاڵۆزکردنی دۆخه‌که‌ که‌ دور نییه‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاشتی و ئاسایشی گشتی بکات، ھه‌روه‌ک دووپاتده‌که‌ینه‌وه‌ له ‌گرنگی یه‌کخستنی ھه‌وڵه‌کان بۆ ھێنانه‌دی داواکارییه‌ نیشتمانییه‌کان که‌ چاوه‌ڕێ ده‌کرێت بۆ پێکھێنانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران که‌ گوزارشت بێت له‌ خواستی گه‌ل و ھێنانه ‌کایه‌وه‌ی چاکسازی بنه‌ڕه‌تی و گه‌شه‌پێدان، و کارکردن بۆ پێکھێنانی حکومه‌تێکی کارا که‌ کار بکات بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاکانی وڵات و چه‌سپاندنی ده‌وڵه‌تی توانادار که‌ داوا ره‌واکانی خه‌ڵک ڕوه‌و و ئاینده‌ی باشتر بھێنێته ‌دی.

د. به‌رھه‌م ساڵح
سه‌رۆک کۆمار

دادوه‌ر د. فایه‌ق زێدان
سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری

XS
SM
MD
LG