گروپی چەکداریی نوجەبای عێراقی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت دەڵێت بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی هێرشەکانی دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا هەتاوەکو جەنگەکەی غەززە کۆتایی دێت و هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەردەچن، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی گروپی کەتائیبی حزبوڵڵا کە بە هەمان شێوە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت وتی ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا ڕادەگرێت.
گروپی چەکداریی کەتائیبی حیزبوڵای عێراق ڕۆژی سێشەممە وتی هێرشەکانی دژی هێزەکانی ئەمەریکا دەوەستێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی سێ سەربازیی ئەمەریکایی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە بنکەیەکی سەربازیی لە ئوردن لە نزیک سنووری سوریاوە کوژران و واشنتن بەرپرسیارێتی هێرشەکەی خستە ئەستۆی ئەو گروپە چەکدارییانەی کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات و ئەمەریکا بەڵێنی داوە تۆڵەی ئەو هێرشە بکاتەوە.
سەرکردەی نوجەبا، ئەکرەم ئەل کەعبی، وتی لە بڕیارەکەی کەتائیب حیزبوڵا تێدەگات، بەڵام نوجەبا و فراکسیۆنەکانی دیکەی بەرهەڵستکارانی ئیسلامی لە عێراق بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانییان.
بەرەی بەرهەڵستکاران کە ئێران پشتیوانیان لێدەکات، لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی غەززەوە بەرپرسیارێتی زیاتر لە 150 هێرشییان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا ڕاگەیاندووە.
ئێران ڕەتی دەکاتەوە ڕاستەوخۆ دەستی هەبووبێت لەو هێرشانەدا.
سەرچاوەکان بە ڕۆیتەرزییان وت بەرپرسانی عێراق لەوە دەترسن وەڵامەکەی ئەمەریکا بۆ کوژرانی سێ سەربازەکەی زۆر توند بێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئێران فەرمانی بە کەتائیب حیزبوڵا کردووە چاوەڕێ بکەن، هیوای ئەوە دەخوازن ئەو بڕیارەی گروپە چەکدارییەکە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی گرژییەکان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز