Accessibility links

لە توندوتیژییەکانی کەناراوەکانی ڕۆژئاوادا، ئیسڕائیلییەک و فەڵەستینییەک کوژران


بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن دوو چەکداری فەڵەستینی پاسەوانێکی ئیسڕائیلییان لە دەروازەی چوونە ژوورەوەی نیشتەجێیەکی کەناراوەکانی ڕۆژئاوا کوشتووە و دواتر هێزەکانی ئیسڕائیل لە پێکدادانێکدا لەو نزیکانە فەڵەستینییەکیان کوشتووە.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا توندوتیژییەکانی ناوچەکانی ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان سەریانهەڵداوەتەوە، ئەمەش نیگەرانی دروست کردووە لەسەر دووبارە دەستپێکردنەوەی ململانێیەکی فراوانتر.

بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن درەنگانێکی ڕۆژی هەینی دوو چەکداری فەڵەستینی بە ئوتومبێلێک لەبەردەم دەروازەی ئاریێڵدا وەستاون، لە ئوتومبێلەکە هاتوونەتە دەرەوە و یەکێک لە پاسەوانەکانیان کوشتووە و هەڵاتوون.

بەپێی دەزگای هەواڵگری شین بێت، دواتر لە گوندێکی فەڵەستینییەکان دوو چەکدارەکە دەستگیرکراون.

لە ڕووداوێکی دیکەی جیادا دوای هێرشەکەی سەر ئاریێڵ، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکان وتی هێزەکانی ئیسڕائیل فەڵەستینییەکیان لە گوندی ئازونی باکووری کەناراوەکانی ڕۆژئاوا کوشتووە. سوپای ئیسڕائیلیش وتی سەربازەکان تەقەیان لە گومانلێکراوێک کردووە کە پێشتر بۆمبی گڕاویی بە ئاڕاستەی سەربازەکان هەڵداوە.

بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا 15 ئیسڕائیلی لەلایەن هێرشبەرە عەرەبەکانەوە لە ئیسڕائیل و کەناراوەکانی ڕۆژئاوا کوژراون. دەزگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت لە مانگی دووەوە هێزەکانی ئیسڕائیل لانی کەم 40 فەڵەستینییان کوشتووە. هەر لەو مانگەشدا بوو کە گرژییەکان دووبارە سەریانهەڵدایەوە.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت هێرشەکانی سەر ئیسڕائیلی بە " شەپۆلێکی نوێی تیرۆر " ناوبردووە.

گروپی چەکداری حەماس کە کۆنتڕۆڵی غەزەی کردووە، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ئاریێڵی ڕانەگەیاند بەڵام ستایشی هێرشەکەی کرد، وتی ئەوە وەڵامێک بووە بۆ هێرشەکانی پۆلیسی ئیسڕائیل بۆ سەر مزگەوتی ئەل ئەقسا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG