Accessibility links

ئیسڕائیل بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا لەهەوڵدایە بنکەکانی ڕووسیا لە سوریا بهێڵێتەوە


ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە چوار سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە بڵاویکردووەتەوە ئیسڕائیل هەوڵدەدات پشتگیری ئەمەریکای دەستبکەوێت لەوەی کە سوریا بە لاوازی ولامەرکەزی بهێڵێتەوە. هەروەها هەوڵدەدات نێوندگیری بکات بۆ ڕێگەدان بە ڕووسیا تاوەکو بنکە سەربازییەکانی لە سوریا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی کاریگەریی و دەسەڵاتەکانی تورکیا لەو وڵاتە، بهێڵێتەوە.

سەرچاوەکان رایانگەیاندووە پەیوەندییە ناجێگیرەکەی تورکیا لەگەڵ ئیسڕائیلدا لە ماوەی جەنگەکەی ناو غەززە بە تەواوەتی گرژی تێکەوت و بەرپرسانی ئیسڕائیلیش بە واشنتنییان وتووە کە فەرمانڕەوا نوێیە ئیسلامییەکانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتگیرییان لێدەکرێت، مەترسین لەسەر سنوورەکانی ئیسڕائیل.

هەوڵەکانی ئیسڕائیل لە ئەمەریکا دەگەنە ئاستی کەمپینێکی ئیسڕائیل بۆ کارکردنە سەر سیاسەتی ئەمەریکا لە کاتێکی هەستیاردا بۆ سوریا، لە کاتێکدا کە ئەو ئیسلامییانەی بەشار ئەسەدییان دوورخستەوە هەوڵدەدەن وڵاتەکە جێگیر بکەن و ئەمەریکا ڕازی بکەن سزاکانی سەر وڵاتەکە لاببات.

سێ لە سەرچاوەکان و کەسێکی دیکەی نزیک لە گفتوگۆکانەوە وتییان ئیسڕائیل بۆچوونەکانی خۆی بۆ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا خستووەتەڕوو لە ماوەی کۆبوونەوەکاندا لە مانگی دوودا لە واشنتن و کۆبوونەوەکانی دواتر لە ئیسڕائیل لەگەڵ نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمەریکادا.

ئارۆن لوند لە ڕێکخراوی سێنچری نێودەوڵەتی لە ئەمەریکا وتی " ترسی گەورەی ئیسڕائیل ئەوەیە تورکیا بێتە ناوەوە و ئەم دەسەڵاتە ئیسلامییە نوێیە بپارێزێت، کە دواتر دەبێتە بنکەیەک بۆ حەماس و گروپە چەکدارییەکانی دیکە."

سەرچاوەکان وتییان ڕوون نیە کە تاوەکو چ ڕادەیەک بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بیر لە پێشنیارەکانی ئیسڕائیل دەکاتەوە. شتێکی کەمی وتووە سەبارەت بە سوریا و شتەکانی بە نادیاریی هێشتووەتەوە سەبارەت بە داهاتووی سزاکان و ئەوەی کە ئایا هێزەکانی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەمێننەوە یاخود نا.

لوند وتی ئیسڕائیل دەرفەتێکی باشی هەیە لە کارکردنە سەر بیرکردنەوەی ئەمەریکادا، وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ " زۆر پشتگیری لە ئیسڕائیل " دەکات. وتی " لە ئێستادا سوریا تەنانەت لە ڕادارەکەی ترامپیشدا نیە. ئەرکێکی سەرەکی نیە بۆ ئەو."

ئیسڕائیل بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە متمانەی بە گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام نیە کە سەرکردایەتی هێرشەکانی کرد بۆ دوورخستنەوەی ئەسەد، گروپەکە پێشتر سەر بە ئەلقاعیدە بووە بەڵام لە ساڵی 2016 ەوە پەیوەندی بە ئەلقاعیدەوە نەماوە.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی ئیسڕائیل بوونی هەیئەت تەحریر ئەلشام یاخود هەر هێزێکی دیکەی سەر بە فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریا لە باشووری سوریادا قبووڵ ناکات، داواشی کرد ناوچەکەدا لە شەڕ و چەک دابماڵدرێت.

دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، ئیسڕائیل دەستیکرد بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی سوریا و هێزەکانی جووڵاندە ناو ناوچەیەکی داماڵڕاو لە شەڕەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا سەرپەرشتی دەکات. پێشتر لەم هەفتەیەدا ئیسڕائیل لە شوێنە سەربازییەکانی باشووری دیمەشقیدا.

سێ سەرچاوەی ئەمەریکایی وتییان ئێستا ئیسڕائیل زۆر نیگەران بووە سەبارەت بە ڕۆڵی تورکیا وەکو هاوپەیمانێکی نزیکی فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریا، وتیشیان ئەو پەیامانە لەلایەن بەرپرسانی ئیسڕائیلەوە گەیەندراون بە ئەمەریکا.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە سەرکردایەتی پارتی داد و گەشەپێدانی ئیسلامی تورکیا دەکات، ساڵی ڕابردوو وتی وڵاتانی ئیسلامی دەبێت هاوپەیمانییەک دژی " مەترسی فراوانبوونی " ئیسڕائیل دروست بکەن.

پێشتر لەم هەفتەیەدا وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل گیدیۆن سار وتی ئیسڕائیل نیگەرانە لەوەی تورکیا پشتگیری لە هەوڵەکانی ئێران دەکات بۆ بونیادنانەوەی حزبوڵا و گروپە ئیسلامییەکانی ناو سوریا بەرەیەکی نوێ دژی ئیسڕائیل دروست بکەن.

تورکیا وتوویەتی دەیەوێت سوریا ببێتە وڵاتێکی جێگیر و مەترسی نەبێت بۆ سەر دراوسێکانی. چەندین جار وتوویەتی کارەکانی ئیسڕائیل لە باشووری سوریا بەشێکن لە سیاسەتەکانی فراوانکردن، وتیشی ئیسڕائیل ئاشتی لە ناوچەکەدا ناوێت.

سەرچاوەکان وتییان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تورکیا، بەرپرسانی ئیسڕائیلی هەوڵییانداوە بەرپرسانی ئەمەریکا ڕازی بکەن لەسەر ئەوەی کە ڕووسیا دەبێت بتوانێت بنکە دەریاییەکەی لەسەر دەریای ناوەند لە پارێزگای تەرتوس و بنکەی ئاسمانی حمیمیم لە پارێزگای لازقییە بهێڵێتەوە.

دووان لە سەرچاوە ئەمەریکاییەکان وتییان کاتێک بەرپرسانی ئیسڕائیلی بەردەوامبوونی بوونی ڕووسیایان بە شێوەیەکی ئەرێنی لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکادا خستووەتەڕوو، هەندێک لە ئامادەبووان سەرییان سوڕماوە، وتوویانە کە تورکیای ئەندام لە ناتۆ گرەنتیدەرێکی باشتر دەبێت بۆ ئاسایشی ئیسڕائیل.

سەرچاوەکان وتییان بەرپرسانی ئیسڕائیل سوور بوون لەسەر ئەوەی کە شتەکە وانیە.

سەرکردایەتی نوێی سوریا لە گفتوگۆدان لەگەڵ ڕووسیادا سەبارەت بە چارەنووسی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا لەو وڵاتەدا.

سەرچاوەکان وتیشیان بەرپرسانی ئیسڕائیلی نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە حکومەتە نوێیەکەی سوریا بۆ بەرپرسانی ئەمەریکایی دەربڕیوە و وتوویانە ئەو حکومەتە دەکرێت مەترسییەکی جددی بێت و هێزە چەکدارە نوێیەکانی سوریا ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان هێرش بکەنە سەر ئیسڕائیل.

دوو سەرچاوە وتییان کە لە دوایین هەفتەکانی خولی سەرۆکایەتییەکەی جۆو بایدندا، ئەمەریکا بیری لە لابردنی سزاکانی سەر سوریا کردووەتەوە لە بەرامبەر داخستنی دوو بنکە سەربازییەکەی ڕووسیادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG