بەپێی ڕاپۆرتێکی تازەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، داعش لە حاڵەتی بەرگریدایە و کەوتۆتە قەیرانی داراییەوە و تواناکانی بۆ زیادکردنی ژمارەی چەکدارانی کەم بۆتەوە.
ڕاپۆرتەکە دووپاتی دەکاتەوە داعش لە حاڵەتی بەرگریدایە بەتایبەتی لە ئەفغانستان و عێراق و سوریا و لیبیا. وە ئاماژەشی بەوە کردووە لە قەیرانی داراییدان و ئەمەش وا دەکات کە تواناکانی کەم ببێتەوە و چەکدارێکی زۆری شەڕەکان بەجێبێڵن و ڕابکەن.
بەڵام لێپرسراوی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێریش هۆشیاریدا کە هێشتا چەکدارانی داعش هەڕەشەیەکی مەترسیدارن بۆ سەر ناوچەکان. بڕیارە ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕاپۆرتەکە.
شایەنی باسە فرۆشی نەوتی داعش کەم بۆتەوە بە ڕێژەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٥دا ٥٠٠ ملیۆن دۆلار داهاتی نەوتی بووە بەڵام لە ٢٠١٦دا بۆ ٢٥٠ ملیۆن دۆلار کەمبۆتەوە.