ئەگەر داعش تەنها هێزێکی تیرۆریستی مەترسیدار بێت لەجیهاندا، ئایا بەرپاکردنی هاوپەیمانێتێکی جیهانی سەربازی و سیاسی و ستراتیژی دەتوانێت کۆتایی بەم تاکە هێزە بهێنێت؟ بەڵام راوێژکاران و شارەزایان راوبۆچوونی جیاوازیان هەیە لەوبارەیەوە کە داعش تاکە هێزێکی تیرۆریستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، بەڵەکە چەندین هێز و لایەن و پشتیوانیکاری تیرۆریست لە ناوچەکەو جیهاندا ئامادەگیان هەیە، هاوکات نیگەرانییەکی گەورە کە ئێستاکە لەم جەنگی داعشەدا جێی شرۆڤەکاری و وردبونەوەیە؛ ئەوەیە کە ئایا چارەنوسی چەکدارە بیانییەکانی ناو داعش دوای پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ و رقە بە چی دەگەن و دەکەونە کوێی جیهانەوە.
ئاسۆ جەبار بۆ هەفتەنامەی رەدهەندەکانی دەنگی ئەمریکا میوانداری نوسەر و توێژەرەوە موحسین ئەدیب دەکات.
موحسین ئەدیب دەڵێت "تا زەمینە فیکرییەکان، تا زەمینە سیاسییەکان و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان لەبار بێت وەک ئەوەی کە لە رابردوودا تا ئێستاش لەبارەی دروستکردنی گروپگەلی وەک و داعش و هاوشێوەکانی بێگومان کێشەو چارەسەری چەکداری لەراستیدا نابێتە هۆی کۆتایهێنان بە داعش و هاوشێوەکانی داعش".
هەروەها دەڵێت "ئەوانەی بەڕەنگاری داعش دەبنەوە، رەنگە لەڕووی ئابوری و لەڕووی سەربازییەوە زۆر لەداعش بەهێزتر بن و دەوڵەمەندتربن، لەڕاستیدا خۆی کێشەکە لێرەدایە، بۆچی کێشەی توندوتیژی و کێشەی زەبروزەنگ و تیرۆر لەم ناوچەیە چارەسەر نابێت. رەنگە لەڕاستیدا پەیوەندی بە بیرۆکەی بنەڕەتییەوە هەبێت ئەویش هۆشیارییەکی دیاریکراوی داعش و گروپگەلی وەک داعش دروستدەکات. تۆ ناتوانیت بە هەمان هۆشیارییەوە کێشەی داعش چارەسەر بکەی. ئەگەر نەبیتە هۆشیارییەک کە باڵاتر بێت لەو هۆشیارییەی کە کێشەکەی خولقاندووە".
سەبارەت چەکدارەکانی داعش و چارەنوسیان موحسین ئەدیب دەڵێت "داعش رەنگە 8.000 تا 50.000 چەکداری هەبێت، ئەوەی لەڕاستیدا وادەکات ئەم چەکدارانە بمێننەوە بە تەنها 50.000 چەکدارەکە نیە. بەڵکە ئامێزێکی کۆمەڵایەتی هەیە؛ ئامێزێکی فیکری هەیە لە بەشێکی زۆر لە سوریا و عێراق وەکو مەیدانی جەنگ لەوڵاتانی تری عەرەبی و وڵاتانی تری ئیسلامیدا کە باوەش دەکەنەوە بۆ ئەو داعشانە. واتە ئەگەر ئامێزێک نەبێت خۆی تیادا حەشاربدات و پشووبدات، داعش هیچ مانایەکی بۆ نامێنێتەوە".
هاوکات دەڵێت "پێویستت بە گۆڕینی ئەم عەقڵیەتە کۆنە هەیە، تەکنۆلۆژیا و هێزی ئابوری و سیاسی و هێزی جەماوەری نەبێتە هۆی بەجەهەنەمکردنی ئەم ناوچەیە".
هاوکات دەڵێت "بۆیە دوور نیە لەڕاستیدا ئەم چەکدارانە ببنە کرۆکێک بۆ دروستکردنی گروپێکی تری رەنگە لەداعشیش توندڕەوتر".