Accessibility links

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن مەترسی ڕێکخراوی داعش لە سۆماڵ لە زیادبووندایە


سەرکردەی داعشی سۆماڵ عەبدولقادر موئمین
سەرکردەی داعشی سۆماڵ عەبدولقادر موئمین

ئەمەریکا لە بنکە سەربازییەکەیەوە لە هۆڕنی ئەفریکا سەنگەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە سۆماڵ زیاتر دەکات، بە شوێن ئەو ئامانجە دیارانەوەیە کە پەیوەستن بە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکا نیگەرانن لەوەی کە داعشی سۆماڵ لە ددانێکی سەرەکییەوە لە تۆڕی دارایی جیهانی ڕێکخراوی داعشەوە گۆڕاوە بۆ میوانداریکردنی سەرکردەی باڵای داعش.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی " سەرکردە باڵاکانی داعش ئەفریکا وەکو شوێنێک دەبینن بۆ وەبەرهێنان تێیدا، شوێنێک کە زیاتر ڕێگەیان بدات و بتوانن باشتر و ئازادانەتر کاربکەن، دەشیانەوێت فراوانتر ببن. لەبەرئەوە خەلیفەیان بۆ ئەو ناوچەیە هێناوە."

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی " خەلیفە ئاڕاستەی ستراتیژیی دابین دەکات، ئێمەش ئەوە وەکو ڕێگەدان بە گەشە و فراوانبوونییان دەبینین، زۆر لەوە زیاتر کە پێشبینیمان دەکرد."

ئەم هەڵسەنگاندنەی ئەمەریکا دوای لافاوێک لە قسە و باسەکان دێت لە سۆماڵەوە لەسەر ئەوەی ئەمیری داعش ئەبو حەفز ئەل هاشیمی ئەل قوڕەیشی لە سوریا یاخود لە عێراقەوە گەشتی کردووە بۆ یەمەن و دواتر چووە بۆ هەرێمی پونتلاندی نیمچە سەربەخۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوماڵ.

هەروەها دوای هۆشدارییەکانی چەندین بەرپرسی ئاسایشی سۆماڵ دێت لەسەر ئەوەی کە داعشی سۆماڵ بەهێزتر بووە، بەشێکی هۆکارەکانی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی بە لێشاویی چەکدارەکان لە یەمەنەوە.

وەکو بەڵگەیەک لەسەر زیادبوونی سەنگی ئەمەریکا لە سۆماڵ، بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بۆ دەنگی ئەمەریکای پشتڕاست کردەوە کە مانگی ڕابردوو لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە دەوروبەری ناوچەی زەهادار سەرکردەی داعش لە سۆماڵ عەبدولقادر موئمین کراوەتە ئامانج.

بەرپرسەکە بە دەنگی ئەمەریکای وت هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکەی سەرکردایەتی ئەمەریکا لە ئەفریکا بۆ هێرشەکەی 31 ی مانگی پێنج ئاماژەی بەوەدا کە سێ چەکداری داعش کوژراون، بەڵام ڕوون نیە کە ئایا موئمین یەکێک بووە لە کوژراوەکان یاخود نا.

چەندین بەرپرسی ئاسایشی سۆماڵ بە دەنگی ئەمەریکایان وتووە کە تاوەکو ئێستا شیکارییە سەرەتاییەکانییان دەرینەخستووە کە ئایا موئمین کوژراوە یان نا، بەڵام دەڵێن کە سێ سۆماڵیایی و سێ بیانی بریندار بوون.

بەرپرسێکی ئاسایشی سۆماڵ وتی گومانی هەیە لەوەی موئمین لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکەدا لەو ناوچەیەدا بووبێت چونکە سەرکردەکەی داعش لە سۆماڵ خۆی بە دوور دەگرێت لەو ناوچانەی کە پەیوەندییەکان تێیاندا کاردەکەن.

ڕۆژی دووشەممە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێمە بە دڵنیاییەوە دەڵێین کە دەبێت هەمیشە چاوێکمان لەسەر مەترسیییەکانی تیرۆریستان بهێڵینەوە." وەکو ئاماژەیەک بۆ هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا لە سۆماڵ.

وتی " ئەوە ئاشکرایە کە مەترسییەکە هێشتا ڕاستە، ئێمەش دەبێت هێشتا بەدوایەوە بین."

XS
SM
MD
LG