Accessibility links

چەکدارانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی عێراق چوار ئەفسەری پۆلیس دەکوژن


سەرچاوەکانی پۆلیس و تەندروستی دەڵێن لە شەڕ و پێکدادانێکدا لە نێوان هێزەکانی حکومەتی عێراق و چەکدارانی ڕێکخراوی داعشدا لە پارێزگای دیالە لە ڕۆژهەڵاتی عێراق چوار ئەفسەری پۆلیس کوژراون و لانیکەم سێ ئەفسەری دیکە بریندار بوون.

سەرچاوەکانی پۆلیس وتییان شەڕەکە لە کاتێکدا بوو کە پۆلیس و هێزەکانی سوپا ئەرکێکی گەڕانییان ئەنجام دەدا بە دوای ئەو چەکدارانەدا کە لە ناوچە کێڵگەییەکانی شارۆچکەی خان بەنی سەعد لە پارێزگای دیالە خۆیان حەشارداوە.

دوو کۆلۆنێڵی پۆلیس وتییان شەڕەکە بەردەوامە و چەکدارەکان نیشانشکێن بەکاردەهێنن بۆ ڕێگریکردن لە پێشڕەویکردنی پۆلیس و سەربازەکان.

پۆلیس وتی یەکێک لەو سێ پۆلیسەی کە بریندار بوون لە دۆخێکی خراپدایە.

دۆخی ئاسایشی عێراق لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا تا ڕادەیەک جێگیر بووە، بەغداد ئێستا هەوڵ دەدات کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا بهێنێت کە یارمەتیدەر بوون لە شکستهێنان بە ڕێکخراوی داعش لەو وڵاتەدا و تاوەکو ئێستاش لە عێراقدا ماون و ڕۆڵی ڕاوێژکاریی دەبینن، بەغداد دەڵێت هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەتوانن خۆیان مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەکاندا بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG