Accessibility links

هەزاران فەلەستینی دوایین پەناگەکانی باکووری غەززە جێدەهێڵن


ڕۆژی دووشەممە هەزاران فەلەستینی لە دوایین پەناگەکانی باکووری غەززە هەڵاتن، لە کاتێکدا کە جەنگەکەی ئیسڕائیل دژی چەکدارانی حەماس گەورەترین نەخۆشخانەی غەززەی لە کارخست.

بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسیوس وتی نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە " چیتر وەکو نەخۆشخانە کارناکات " و لە بارودۆخێکی" ترسناک و مەترسیدارە."

وتیشی بەردەوام لە دەوروبەری نەخۆشخانەکە دەنگی تەقە و بۆردمانکردن دێت و هێندەی دیکە دۆخەکە خراپتربووە.

نەخۆشخانەی ئەلقودس لە غەززە، ئەویش ڕۆژی یەکشەممە کارەکانی ڕاگرت بەهۆی نەمانی سووتەمەنییەوە لە نەخۆشخانەکەدا. مانگی سووری فەلەستینییەکان کە نەخۆشخانەکە بەڕێوە دەبات وتی ئامادەکاریکراوە تاوەکو هێزەکانی ئیسڕائیل نزیکەی 6000 نەخۆش و کارمەندی تەندروستی و ئاوارە بگوازنەوە.

ئیسڕائیل دەڵێت چەکدارانی حەماس خۆیان لە نێو هاووڵاتییانی سڤیلی ناو نەخۆشخانەکەدا حەشارداوە و ناوەندی سەرکردایەتییان هەیە لە ناو و ژێر نەخۆشخانەکەدا.

ئیسڕائیل تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی وێنەیی یاخود ڤیدیۆیی نەخستووەتەڕوو لەسەر ئەوەی چەکدارانی حەماس لە نەخۆشخانەی شیفا بن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ڤیدیۆیەکی چەکدارانی حەماسی بڵاوکردووەتەوە کە لە گەڕەکێکی دانیشتواندان و ڕۆکێت و چەک لە نزیک قوتابخانە و مزگەوتەکاندا دادەنێن.

حەماس و کارمەندانی نەخۆشخانەی شیفا بانگەشەکانی ئیسڕائیل ڕەت دەکەنەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG