Accessibility links

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی دەڵێت ئیسڕائیل بایکۆتی گفتوگۆکانی ئاگربەستی کردووە لە قاهیرە


ڕۆژنامەیەکی ئیسڕائیلی بڵاویکردەوە ئیسڕائیل ڕۆژی یەکشەممە بایکۆتی گفتوگۆکانی ئاگربەستی کردووە لە قاهیرە، ئەوەش دوای ئەوەی حەماس داواکەی ئیسڕائیلی ڕەت کردووەتەوە بۆ دابینکردنی لیستی تەواوی ناوی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە ژیاندا ماون و لەلایەن حەماسەوە گیراون.

شاندێکی حەماس گەیشتنە قاهیرە بە مەبەستی بەشداریکردن لە گفتوگۆکانی ئاگربەستدا، کە وەکو دوایین بەربەست دەبیندرا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی کە دەبووە هۆی ڕاگرتنی شەڕەکەی ناو غەززە بۆ شەش هەفتە. بەڵام هەتاوەکو ئێوارەش ئیسڕائیلییەکان ئامادەی گفتوگۆکان نەبوون.

ڕۆژنامەی یەنێت لە زاری بەرپرسانی نەناسراوی ئیسڕائیلییەوە بڵاویکردەوە " هیچ شاندێکی ئیسڕائیلی لە قاهیرە نیە. حەماس ڕەتی دەکاتەوە وەڵامی ڕوون بخاتەڕوو و لەبەر ئەوەش هیچ هۆکارێک نیە بۆ ڕەوانەکردنی شاندی ئیسڕائیلی."

واشنتن جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێککەوتنی ئاگربەست نزیک بووەتەوە و دەبێت تاوەکو سەرەتای دەستپێکردنی ڕەمەزان شەڕەکە بووەستێت، کە تەنها یەک هەفتەی ماوە. بەڵام حەماس و ئیسڕائیل بە ئاشکرا ئاماژەیەکی کەمییان داوە لەسەر دەستبەرداربوون لە داواکانی پێشووترییان.

دوای ئەوەی شاندەکەی حەماس گەیشتە قاهیرە، بەرپرسێکی فەلەستینی بە ڕۆیتەرزی وت " هێشتا نەگەیشتووین بە ڕێککەوتن." ئیسڕائیلیش هیچ لێدوانێکی فەڕمی نەداوە.

لە گفتوگۆکانی پێشووتردا حەماس هەوڵیداوە خۆی بە دووربگرێت لە تاوتوێکردنی دۆخی بارمتەکان تاوەکو ئەو کاتەی مەرجەکانییان بۆ ئازادکردنییان دادەنرێت.

ڕۆژی شەممە بەرپرسێکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ڕێگاکە بەرەو ئاگربەستێک لە ئێستا و لەم خولەکەدا ڕێک و ڕاستە. ڕێککەوتنێکیش لەسەر مێزەکەیە. ڕێککەوتنی چوارچێوەیەکی کار هەیە."

بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی ئیسڕائیل لەسەر ئەو چوارچێوەی کارە ڕازیبووە و ئێستا پەیوەستە بە حەماسەوە وەڵام بداتەوە.

ڕێککەوتن دەبێتە هۆی وەستانی شەڕەکە بۆ ماوەی شەش هەفتە، دەیان بارمتەش کە لەلایەن حەماسەوە گیراون ئازاد دەکرێن و سەدان فەلەستینی زیندانیکراویش لەلایەن ئیسڕائیلەوە ئازاد دەکرێن. هەروەها یارمەتی مرۆیی زیاتریش دەگەیەندرێتە غەززە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG