Accessibility links

ئیسڕائیل یارمەتییەکان بۆ غەززە ڕادەگرێت تاوەکو حەماس ناچار بکات پێشنیارە نوێیەکەی ئاگربەست پەسەند بکات


ڕۆژی یەکشەممە ئیسڕائیل هاتنە ناوەوەی سەرجەم کەلوپەل و یارمەتییەکانی بۆ غەززە ڕاگرت و هۆشداریدا لەسەر " دەرەنجامی زیاتر " ئەگەر حەماس پێشنیارە نوێیەکەی ئیسڕائیل بۆ ئاگربەست پەسەند نەکات.

حەماس ئیسڕائیل تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەو ڕێککەوتنی ئاگربەستەی کە هەیە و وتی بڕیاری بڕینی یارمەتییەکان " سوکایەتیی و تاوانێکی جەنگ و هێرشێکی ئاشکرایە " بۆ سەر ئاگربەستەکە. ڕێککەوتنی ئاگربەست لە مانگی یەکدا واژۆ کرا دوای زیاتر لە ساڵێک لە گفتوگۆکردن. بەڵام حەماس و ئیسڕائیل ئاماژەیان بەوە نەداوە کە ئایا ئاگربەستەکە تەواو بووە یان نا.

یەکەم قۆناغی ئاگربەستەکە کە زیادبوونی یارمەتییە مرۆییەکانی لە خۆگرتبوو، ڕۆژی شەممە ماوەکەی بەسەرچوو. حەماس و ئیسڕائیل دەبێت گفتوگۆ لەسەر قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە بکەن کە تێیدا دەبێت حەماس دەیان بارمتەی دیکە ئازاد بکات لە بەرامبەر کشانەوەی ئیسڕائیل و ئاگربەستێکی هەمیشەییدا.

بەرپرسێکی ئیسڕائیلی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی بڕیاری ڕاگرتنی یارمەتییەکان بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپدا. ئەمەریکا هیچ لێدوانێکی نەداوە لەسەر ئەو پێشنیارەی کە لەلایەن ئیسڕائیلەوە خراوەتەڕوو یاخود بڕیارەکەی ئیسڕائیل بۆ ڕاگرتنی یارمەتییەکان.

لە 19 ی مانگی یەکەوە کاتێک ئاگربەستەکە دەستیپێکرد، سەدان بارهەڵگری یارمەتییە مرۆییەکان ڕۆژانە دەهاتنە ناو غەززەوە، ڕوونیش نیە کاریگەریی دەستبەجێی یارمەتییەکان چۆن دەبێت.

ئیسڕائیل دەڵێت پێشنیارە نوێیەکە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتگیری لێکراوە، وتی پێشنیارەکە لەلایەن نوێنەری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆفەوە خراوەتەڕوو و داوا دەکات قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە لە ماوەی مانگی ڕەمەزانیشدا بەردەوام بێت.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دەڵێت بەپێی پێشنیارەکە، حەماس لە یەکەم ڕۆژدا نیوەی بارمتەکان ئازاد دەکات و ئەوانی دیکەش دوای ئەوە ڕزگار دەکات کە ڕێککەوتنێک واژۆ بکرێت لەسەر ئاگربەستێکی هەمیشەیی.

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل گیدیۆن سار وتی ئیسڕائیل ئامادەیە لە قۆناغی دواتردا گفتوگۆ بکات، بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت بارمتەکان لە ماوەی گفتوگۆکانیشدا ئازاد بکرێن.

وتی " سەرجەم بەرپرسیارێتییەکانمان لە قۆناغی یەکەمدا تاوەکو دوایین ڕۆژ جێبەجێ کرد، کە دوێنێ بوو. هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە کە دەبێت لە ماوەی گفتوگۆکاندا بارمتەکان ئازاد بکرێن."
٨
حەماس هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی هەر هەوڵێک بۆ دواخستن یاخود هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست " دەرەنجامی مرۆیی " دەبێت لەسەر بارمتەکان و جەختی لەوە کردەوە کە تەنها ڕێگە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی ئێستایە.

حەماس وتوویەتی ئامادەیە لە قۆناغی دووەمدا سەرجەم بارمتەکان پێکەوە ئازاد بکات، بەڵام تەنها لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانی زیاتری فەلەستینی و ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کشانەوەی هێزەکانی ئیسڕائیلدا.

بەرپرسێکی میسڕی وتی حەماس و میسڕ پێشنیارێکی نوێی ئاگربەست پەسەند ناکەن کە تەنها ئامانجی ئازادکردنی بارمتەکان بێت بەبێ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە. بەرپرسەکە وتی ڕێککەوتنەکە داوا لە هەردوولا دەکات لە دەستپێکی مانگی دووەوە دەستبکەن بە گفتوگۆکان لەسەر قۆناغی دووەم.

وتیشی نێوەندگران لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییەکەدان.

حەماس لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا جەنگەکەی دەستپێکرد و هێرشی کردە سەر باشووری ئیسڕائیل کە بەپێی بەرپرسانی ئەو وڵاتە 1200 کەس لە ئیسڕائیلدا کوژراون کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون، هەروەها نزیکەی 250 کەسیش وەکو بارمتە گیراون. لەو کاتەوە بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 48,000 فەلەستینی کوژراون، ئەمەش بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، ئەو بەرپرسانە جیاوازی ناکەن لە نێوان کوژراوان لە نێو هاووڵاتیانی سڤیل و چەکداراندا، بەڵام دەڵێن زیاتر لە نیوەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

XS
SM
MD
LG