Accessibility links

ئیسڕائیل تونێلێکی حەماس لە ژێر بارەگای دەزگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە غەززە دەدۆزێتەوە


سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند هێزەکانی ئیسڕائیل تۆڕێکی تونێلی سەدان مەترییان لە غەززە دۆزیوەتەوە کە بە ژێر بەشێکی بارەگاکانی دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی ' ئونروا ' دا ڕۆیشتووە، وتی ئەمە بەڵگەیەکی نوێیە لەسەر ئەوەی چەکدارانی حەماس بە ژێر سەرەکیترین دەزگای یارمەتییەکاندا بۆ فەلەستینیەکان زەوییەکەیان کونکردووە.

ئەندازیارانی سوپای ئیسڕائیل ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆ و بیانییان بە ڕێڕەوی تونێلەکاندا برد. چوونە شەفتێکەوە کە لە تەنیشت قوتابخانەیەکی دەوروبەری بارەگاکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو، لەوێوە چوونەتە خوارەوە بۆ ناو تونێلە کۆنکرێتەکە.

بەپێی کۆلۆنێڵێکی سوپای ئیسڕائیل، دوای 20 خولەک لە ڕۆیشتن بە ناو تونێلە گەرم و تەسکەکەدا، گەیشتوونەتە ژێر بارەگای ئونروا.

سوپا وتی تونێلەکە 700 مەتر درێژ بووە و 18 مەتریش قووڵ بووە، هەروەها لە لاکانیشەوە ژوور هەبوون. ئۆفیسێکی تێدا بووە بە دۆڵابی پۆڵاوە، دۆڵابەکان کرابوونەوە و بەتاڵکرابوون. ژوورێکی گەورەشی تێدا بووە پڕ بووە لە کۆمپیوتەر، ژوورێکی دیکەیان باتری تێدا بووە.

کۆلۆنێڵەکە کە تەنها ناوی یەکەمی خۆی ئاشکرا کرد و وتی ناوم ئیدۆیە، وتی " هەموو شتێک لێرەوە کراوە. هەموو کارەبا و وزەی تونێلەکە لێرەوە دابین کراوە."

ئیدۆ وتی وادەردەکەوێت چەکدارانی حەماس شوێنەکەیان چۆڵ کردبێت کاتێک هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل پێشڕەوییان کردووە. وتی بەپەلە کێبڵی پەیوەندییەکانییان پچڕاندووە، ئیدۆ کێبڵەکانی پیشاندا کە بە ژێر زەوییەکەی بارەگای ئونروادا ڕاکێشرابوون.

هەروەها وادەردەکەوت کە بۆردومانەکانی ئیسڕائیل و باران بارینیش ڕەنگە هۆکارێک بووبێتن بۆ ئەوەی چەکدارەکان تونێلەکە چۆڵ بکەن. چەندین بەشی تونێلەکە بە لم گیرابوون و لە هەندێک شوێندا ئاوەکە تاوەکو بەرزیی ئەژنۆ هاتبوو.

دوابەدوای دۆزینەوەی تونێلەکە، وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتز داوای دەست لە کارکێشانەوەی کۆمسیاری گشتی ئونروا فیلیپ لازارینی کرد.

کاتز بانگەشەکەی لازارینی ڕەت کردەوە لەسەر ئەوەی ئەو ئاگاداری ئەوە نەبووە تونێلێک لە ژێر بارەگاکەیدا هەیە.


ئونراو لە بەیاننامەیەکدا وتی لە 12 ی مانگی 10 دا بارەگاکەی چۆڵ کردووە، پێنج ڕۆژ دوای ئەوەی هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل ڕوویدا، لەبەر ئەوە " ناتوانین لەسەر دۆزینەوەکانی ئیسڕائیل لێدوان بدەین یاخود پشتڕاستی بکەینەوە."

ئونراو لە بەیاننامەکەدا وتی " ئونروا شارەزایی سەربازیی و ئاسایشی نیە، هەروەها توانای ئەوەی نیە پشکنینی سەربازیی لەسەر ئەوە ئەنجام بدات کە ئایا چی هەیە لە ژێر بارەگاکەیدا."

دۆزینەوەی تونێلەکە لە ژێر بارەگاکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا قەیرانە ناوخۆییەکانی دەزگای ئونراو زیاتر دەکات، لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی تۆمەتەکانی ئیسڕائیل بووەتەوە لەسەر ئەوەی کە هەندێک لە کارمەندانی دەزگاکە کارییان بۆ حەماس کردووە. دەزگاکە لێکۆڵینەوەی تایبەتی خۆی دەستپێکردووە سەبارەت بەو بانگەشانە و هەندێک لە وڵاتانی بەخشەریش بۆ دەزگاکە یارمەتییەکانییان بۆ ئونروا ڕاگرتووە.

فەلەستینییەکان ئیسڕائیلییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری ساختە بۆ لە ناوبردنی ئونروا، کە 13,000 کارمەندی لە کەرتی غەززەدا هەیە و بۆ ماوەی چەندین ساڵە یارمەتی ژیان ڕزگارکەر بۆ دانیشتوانی غەززە دابین دەکات. ئونروا بەڕێوبەرایەتی قوتابخانەکان و ناوەندە سەرەکییەکانی تەندروستی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەکات، هەروەها یارمەتیش دابەش دەکات.

ئیدۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەزانین حەماس خەڵکی هەیە لە ئونروا کاردەکەن. دەمانەوێت هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە غەززە کاربکەن. ئەوە کێشە نیە. کێشەی ئێمە حەماسە."

حەماس چەندین جار ڕەتی کردووەتەوە لە ژێر دامەزراوە مەدەنییەکانی وەکو قوتابخانە و نەخۆشخانەکاندا کار بکات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG