Accessibility links

فەلەستینییەکان دەڵێن ئیسڕائیل بنکەیەکی تەندروستی لە غەززە لە ماوەی هەڵمەتێکی کوتانی منداڵاندا کردووەتە ئامانج، سوپا ڕەتی دەکاتەوە


بەرپرسانی فەلەستینی دەڵێن ئیسڕائیل هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردووەتە سەر بنکەیەکی تەندروستی لە باکووری غەززە کە لەوێ منداڵان ڤاکسینی دژ بە ئیفلیجی منداڵانییان وەرگرتووە و شەش کەس بریندار بوون، چوار منداڵیش لە نێو بریندارەکاندا بوون. سوپای ئیسڕائیلیش ڕەتی دەکاتەوە بەرپرس بووبێت لە هێرشەکە.

ئەو هێرشەی کە گوایە ئیسڕائیل ئەنجامی داوە ڕۆژی شەممە لە باکووری غەززە ڕوویداوە، ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە دەورە دراوە و لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو پەراوێز خراوە. ئیسڕائیل لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا هێرشێکی نوێی کردە سەر باکووری غەززە کە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس و ئاوارەبوونی دەیان هەزاران کەسی دیکە.

ئیسڕائیل بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر نەخۆشخانەکانی غەززە و وتوویەتی کە چەکدارانی حەماس نەخۆشخانەکان بەکاردەهێنن بۆ کارە سەربازییەکانی خۆیان، بەرپرسانی تەندروستی غەززەش ئەوە ڕەت دەکەنەوە.

بەڕێوبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی غەززە دکتۆر مونیر ئەلبورش بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە بنکەی تەندروستی شێخ ڕەزوانی داوە لە شاری غەززە، تەنها چەند خولەکێک دوای ئەوەی شاندەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بنکەکەی بەجێهێشت.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهان و دەزگای منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە یونیسێف ناسراوە، نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بەو هێرشە. دوو ڕێکخراوەکە بە هاوبەشی هەڵمەتی کوتانی منداڵانی غەززە دژی ئیفلیجی ئەنجام دەدەن.

وتەبێژی یونیسێف ڕۆسالیا بۆڵین وتی " هەواڵەکانی ئەم هێرشە زۆر بێزارکەرن چونکە بنکەی شێخ ڕەزوان یەکێکە لەو خاڵە تەندروستییانەی کە دایکان و باوکان دەتوانن منداڵەکانییان بهێنن بۆ کوتان."

وتی " هێرشەکەی ئەمڕۆ لە کاتێکدا بوو کە هێشتا وەستانە مرۆییەکە هەبوو، سەرەڕای ئەوەی کە دڵنیاییمان پێدرابوو کە پابەند دەبن بە وەستانەکەوە لە 6 ی بەیانییەوە تاوەکو 4 ی دوانیوەڕۆ."

وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل کۆڵۆنێڵ نەداڤ شۆشانی وتی " بە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەوە، پێداچوونەوەیەکی سەرەتایی دەریخستووە کە سوپای ئیسڕائیل لەو ناوچەیەی نەداوە لەو کاتە دیاریکراوەدا."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG