بەرپرسانی فەلەستینییەکان وتییان لانی کەم 14 کەس لە غەززە کوژراون و لە هەمان کاتیشدا دوکەڵ بەسەر ئاسمانی باشووری بەیرووتدا بەرزبووەتەوە، ئەمەش کەمتر لە یەک کاتژمێر دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل بە دانیشتوانیان وت ناوچەکە چۆڵ بکەن.
ئەمەریکا وادەیەکی بۆ ئیسڕائیل دیاریکردبوو تاوەکو یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە زیاتر بکات، ڕۆژی سێشەممە کۆتا ڕۆژی ئەو وادەیە بوو و ڕێکخراوەکانی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانیش دەڵێن ئیسڕائیل تاوەکو ئێستا هیچی نەکردووە.
بەڵام سوپای ئیسڕائیل وتی سەدان پاکێجی خۆراک و ئاو گەیەندراونەتە ناوچەیەکی باکووری غەززە.
مانگی ڕابردوو بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن بە ئیسڕائیلی وت خۆراک و یارمەتییەکانی دیکە بۆ غەززە " زیاتر بکات " ئەگەر نا ئەوا یارمەتییە سەربازییەکان بۆ ئیسڕائیل دەبڕین.
ڕۆژی سێشەممە هەشت گروپی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان وتیان لە کۆی 19 ڕێوشوێن کە ئەمەریکا داوای لە ئیسڕائیل کردووە پابەندیان بێت، ئیسڕائیل شکستی هێناوە لە پابەندبوون بە 15 ڕێوشوێنەوە و چوار ڕێوشوێنەکەی دیکەش بە تەواوەتی پابەند نەبووە پێیانەوە.
ڕاپۆرتی گروپەکانی یارمەتییە مرۆییەکان دەڵێت " ئیسڕائیل نەک تەنها شکستی هێناوە لە پابەندبوون بە داواکانی ئەمەریکاوە بەڵکو کارێکیشی کردووە کە بە شێوەیەکی بەرچاو دۆخەکەی خراپتر کردووە، بە تایبەتی لە باکووری غەززە. ئەو دۆخە ئەمڕۆ زۆر خراپترە وەک لە مانگێک لەمەوبەر."
ئۆفیسی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی مانگی ڕابردوو لە سەدا 85 ی هەوڵەکانی بۆ هەماهەنگیکردن لە چوونی کاروانی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ باکووری غەززە ڕەت کراونەتەوە.
وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستێفان دوجاریک وتی ئۆفیسەکە 98 داوای لە بەرپرسانی ئیسڕائیل کردووە تاوەکو مۆڵەتییان پێبدرێت لە خاڵەکانی پشکنین دەربچن بۆ ناو غەززە لە ڕێی وادی غەززەوە، بەڵام تەنها 15 داوایان پەسەندکراون.
بەرپرسێکی نزیک لە بابەتەکەوە بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وتی شەوی دووشەممە کابینەی ئاسایشی ئیسڕائیل یارمەتی زیاتری بۆ غەززە پەسەند کردووە، ئەوەش ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی کە یارمەتییەکان دەگەیەننە غەززە زیاتر دەکات.
بەرپرسانی نەخۆشخانەی ناسڕ وتیان درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە هێرشێکی ئاسمانی بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 11 کەس لە کافتریایەک لە ڕۆژئاوای خان یونس. بەیانی زووی ڕۆژی سێشەممە هێرشێکی ئاسمانی لە ماڵێکیداوە لە کامپێکی ئاوارەکان لە ناوەڕاستی غەززە 3 کەس کوژراون، ئەمەش بەپێی نەخۆشخانەی ئەلعەودە.
سەبارەت بە بەرەی لوبنان، بەیانی زووی ڕۆژی سێشەممە سوپای ئیسڕائیل بە دانیشتوانی گەڕەکەکانی باشووری بەیرووتی وت دەستبەجێ چۆڵی بکەن، هۆشداری دا و وتی هێرش دەکاتە سەر ئامانجەکانی حزبوڵا لەو ناوچەیەدا.
وتەبێژی سەربازیی ئیسڕائیل ئەڤیخای ئەدرعی لە پۆستێکدا لە ئێکس نووسیویەتی " ئێوە لە شوێنێکی نزیک ناوەند و بەرژەوەندییەکانی حزبوڵان، هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل لە داهاتوویەکی نزیکدا دژی ئەو شوێنانە کردەوەیەک ئەنجام دەدەن." لە پۆستەکەدا نەخشەیەکیشی بڵاوکردەوە کە ئەو بینایانەی پیشان دەدات کە ڕەنگە بکرێنە ئامانج لە بەیرووتدا.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس، دوای کەمتر لە یەک کاتژمێر لەو ئاگادارییە، دوو هێرشی ئاسمانی ناوچەکەیان کردە ئامانج و دوکەڵ بەسەر ناوچەکەدا بەرزبووەوە.
وەزیری بەرگری ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتز ڕۆژی سێشەممە وتی لە ماوەی کۆبوونەیەکدا لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەکاندا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت لە لێدانی حزبوڵا بە تەواویی هێزەکەیەوە و ئاگربەستیش نابێت.
ڕۆژی دووشەممە سەرکردە عەرەب و موسوڵمانەکان لە ڕیازی پایتەختی سعودیە کۆبوونەوە و داوایان کرد ئیسڕائیل هێزەکانی لە ناوچەکانی فەلەستینییەکان بکشێنێتەوە، ئەوەش وەکو مەرجێکی پێشوەخت بۆ ئاشتی. هەروەها سەرکۆنەی کارەکانی ئیسڕائیلییان کرد لە غەززە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەیاننامەیەکییان بڵاوکردەوە و وتیان " ئاشتییەکی دادپەروەرانە و گشتگیر لە ناوچەکە ناتوانرێت ڕووبدات بەبێ کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی ئیسڕائیل لە سەرجەم ناوچە عەرەبییەکان بۆ هێڵی 4 ی مانگی شەشی ساڵی 1967." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ کەناری ڕۆژئاوای " داگیرکراو " و ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم و غەززە و بەرزاییەکانی گۆلانیش.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا