قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 1ی مانگی سێ کۆتایی پێبێت و دانوستانەکان لەسەر قۆناغی داهاتووی ڕێککەوتنەکە تا ئێستا بێ ئەنجام بوون. بەرپرسێکی باڵای حەماس ڕایگەیاند هیچ بەرەوپێشچوونێک نەبووە لە گفتوگۆکانی نێوان حەماس و ئیسڕائیلدا سەبارەت بە قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە، وتیشی ڕوون نیە کە ئایا ڕۆژی شەممە دەستپێدەکەنەوە یاخود نا.
قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە لەکاتێکدا ڕۆژی شەممە ماوەکەی بەسەردەچێت، کە بەپێی مەرجەکانی ئیسڕائیل، شەڕەکە نابێت دەست پێبکاتەوە لە کاتێکدا کە گفتوگۆ دەکرێت لەسەر قۆناغی دووەم کە دەکرێت ئەو قۆناغە کۆتایی بە جەنگەکەی غەززە بهێنێت و هێزەکانی ئیسڕائیل بکشێنەوە و ئەو بارمتە ئیسڕائیلیانەی کە هێشتا بە دەستبەسەرکراویی ماونەتەوە ئازاد بکرێن. ئیسڕائیل دەڵێت لەو 59 بارمتەیەی کە هێشتا لە غەززە ماونەتەوە 32 کەسییان مردوون.
لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکەدا، کە شەڕە 15 مانگەییەکەی لە غەززە ڕاگرت، 33 بارمتەی ئیسڕائیلی ئازاد کران بە هەشت لاشەشەوە، لە بەرامبەردا ئیسڕائیل نزیکەی 2000 زیندانی فەلەستینی ئازاد کرد. سەدان هەزاران کەس گەڕانەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان لە باکووری غەززە و ئەو یارمەتییانەی دەهاتنە ناو غەززەوە زیادییان کرد و هێزەکانی ئیسڕائیلیش کشانەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە داماڵڕاون لە شەڕ.
بەرپرسانی ئیسڕائیل و قەتەڕ و میسڕ و ئەمەریکا لە قاهیرە بەشداربوون لە گفتوگۆکاندا لەسەر قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە. حەماس ئامادە نەبووە، بەڵام هەڵوێستەکانی لەلایەن نێوەندگرە میسڕیی و قەتەڕییەکانەوە گەیەندراوە.
باسم نایمی ئەندام لە باڵی سیاسیی حەماس بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت " هیچ بەرەوپێشچوونێک " نەبووە پێش ئەوەی ڕۆژی هەینی دانوستکارانی ئیسڕائیلی بگەڕێنەوە بۆ ئیسڕائیل.
ڕوون نیە کە ئایا ڕۆژی شەممە ئەو دانوستکارانە دەچنەوە بۆ قاهیرە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان وەکو چۆن پێشبینی کراوە یان نا، نایمیش وتی " نازانێت " کەی گفتوگۆکان دەستپێدەکەنەوە.
حەماس لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا جەنگەکەی دەستپێکرد و هێرشی کردە سەر باشووری ئیسڕائیل کە بەپێی بەرپرسانی ئەو وڵاتە 1200 کەس لە ئیسڕائیلدا کوژراون کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون، هەروەها نزیکەی 250 کەسیش وەکو بارمتە گیراون. لەو کاتەوە بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 48,000 فەلەستینی کوژراون، ئەمەش بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، ئەو بەرپرسانە جیاوازی ناکەن لە نێوان کوژراوان لە نێو هاووڵاتیانی سڤیل و چەکداراندا، بەڵام دەڵێن زیاتر لە نیوەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.
لە مانگی یەکدا ئیسڕائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستێکی سێ قۆناغیی ڕێککەوتن.
ڕۆژی هەینی حەماس وتی " جەخت لە پابەندبوون و جێبەجێکردنی تەواویی سەرجەم مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە دەکاتەوە لە سەرجەم قۆناغ و وردەکارییەکانیدا "، هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد فشار بخەنە سەر ئیسڕائیل تاوەکو " دەستبەجێ بەرەوپێشەوە بچێت بەرەو قۆناغی دووەم و بەبێ هیچ دواکەوتنێک یاخود خۆدزینەوەیەک."
حەماس پێشنیارێکی ئیسڕائیلی ڕەت کردبووەوە کە تێیدا ئیسڕائیل داوای کردبوو قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە بۆ 42 ڕۆژ درێژبکرێتەوە، واتە دوو هێندەی ئەو ماوەیەی کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، بەرپرسێکی حەماس وتی ئەوە دژی ڕێککەوتنی ئاگربەستە.
ئەندامەکەی حەماس کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی ئیسڕائیل ئەو پێشنیارەی کردووە بۆ ئەوەی ماوەی قۆناغی یەکەم لە مانگی ڕەمەزانیشدا بەردەوام بێت، لە بەرامبەردا زیندان و بارمتەی زیاتر ئاڵوگۆڕ بکرێن.
ڕێککەوتنەکە داوا دەکات ئیسڕائیل لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە دەستبکات بە کشاندنەوەی هێزەکانی لەسەر ڕێڕەوێکی تەسک لە باشووری غەززە کە بە ڕێڕەوی فیلادیلفیا ناسراوە و دەبێت لە ماوەی هەشت ڕۆژدا ئەو پڕۆسەیە تەواو بکات. بەڵام بەرپرسێکی ئیسڕائیلی ڕۆژی پێنجشەممە وتی هێزەکانی ئیسڕائیل بۆ ماوەیەکی دیارینەکراو لە ڕێڕەوی فیلادیلفیادا دەمێننەوە.
کێشەی دیکە هەن کە بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم داهاتووی ئاگربەستەکەدا. ئیسڕائیل وتوویەتی کە نابێت حەماس فەرمانڕەوایی غەززە بکات لە دوای جەنگەکەوە. سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو هەر ڕۆڵێکی دەسەڵاتی فەلەستینی لە غەززە ڕەت کردووەتەوە کە لەلایەن ڕۆژئاواوە پشتگیری لێدەکرێت، دەسەڵاتی فەلەستینی لەلایەن ڕکابەری سەرەکی حەماس، فەتحەوە سەرکردایەتی دەکرێت. حەماس وتوویەتی ئامادەیە کۆنتڕۆڵی غەززە ڕادەستی فەلەستینییەکانی دیکە بکات بەڵام پێشنیارەکەی ئیسڕائیلی ڕەت کردووەتەوە لەسەر ئەوەی سەرکردەکانی حەماس دەربەدەر بکرێن.
سەرچاوە/ AP
قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززەکۆتایی دێت و حەماس دەڵێت هیچ بەرەوپێشچوونێک بۆ قۆناغی دووەم نەهاتوەتە ئاراوە
