سەرچاوە فەلەستینییەکان و قەتەرییەکانی نێوەندگر لە گفتوگۆکاندا ڕۆژی سێشەممە ئاماژەیان بەوەدا ئیسڕائیل و حەماس " نزیک بوونەتەوە " لە ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە حەماس گرتوونی و لە بەرامبەریشدا ئیسڕائیل زیندانییە فەلەستینییەکان ئازاد دەکات و ئاگربەست لە جەنگەکەی غەززەدا ڕادەگەیەنێت.
دواتر سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی " بەرەوپێشچوونمان کردووە و هیوادارم بەمزووانە هەواڵی خۆش هەبن."
دوای هێرشە کوشندەکەی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل، ئیسڕائیل بەڵێنی لە ناوبردنی ئەو گروپە چەکدارییە فەلەستینییەیدا. بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لە هێرشەکەی حەماسدا بۆ سەر وڵاتەکە نزیکەی 1,200 کەس کوژراون و نزیکەی 240 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون.
ڕۆژی دووشەممە نەتانیاهو بەڵێنیدا هەتاوەکو سەرجەم بارمتەکان ئازاد نەکرێن هیچ وەستانێک لە جەنگەکەدا نابێت کە بەپێی بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 13,000 کەس لە غەززە.
قەتەر کە لەگەڵ میسردا نێوەندگرن لە هەوڵەکاندا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، ڕۆژی سێشەممە وتی گفتوگۆکان لە " دوایین قۆناغدان."
لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی حەماس ئیسماعیل هەنییە لە بەیاننامەیەکی کورتدا وتی " نزیکین لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست."
بەرپرسانی حەماس و جیهادی ئیسلامی وتییان وردەکاری ڕێککەوتنەکە بە فەڕمی لەلایەن قەتەڕ و نێوەندگرەکانی دیکەوە ڕادەگەیەنرێن.
دواتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ ماجید ئەلئەنساری وتی " لە نزیکترین خاڵداین کە تاوەکو ئێستا پێی گەیشتبێتین لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک." وتیشی گفتوگۆکان لە قۆناغێکی هەستیاردان و دوایین قۆناغە.
دوو سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە وتیان نزیکەی 50 بۆ 100 بارمتەی سڤیل ئازاد دەکرێن، بەڵام سەربازان ئازاد ناکرێن.
لە بەرامبەریشدا ئیسڕائیل 300 فەلەستینی لە زیندانەکانیدا ئازاد دەکات، لە نێویاندا کەسانی خوار تەمەنی پێگەیشتوو و ژنانیشیان تێدایە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، ڕێککەوتنەکە " ئاگربەستێکی تەواو " لە خۆدەگرێت بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ، ئیسڕائیلیش ڕێگەی پێدەدرێت ڕۆژانە بۆ ماوەی 18 کاتژمێر فڕۆکەکانی بەسەر ئاسمانی غەززەدا گەشت بکەن.
سەرچاوەکان وتییان هەر بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، 100 بۆ 300 بارهەڵگر بە یارمەتییە خۆراکی و تەندروستیەکان و سوتەمەنییەوە بچنە ناو غەززەوە.
وتی ئیسرائیل سوور بووە لەسەر ئەوەی سەربازە دیلەکانیش ئازاد بکرێن، ئەگەر سەربازەکان پەیوەندییان بە ڕفێندراوێکی سڤیلەوە هەبێت کە لەلایەن چەکدارەکانەوە ئازادکراوە، ئەمەش سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی حەماس.
سەرچاوەیەکییان وتی " قەتەڕ و میسڕ لە ئێستادا کار لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکادا دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە." وتیشی تەنها ئەو کاتە کاتێک دادەنرێت بۆ ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە.
ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش ئاماژەی بەوەدا کە ڕێککەوتن نزیک بووەتەوە.
کاتێک لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکەوە پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ڕێککەوتن لەسەر بارمتەکان نزیکە یاخود نا، بایدن وتی " بەڵێ باوەڕم وایە " نزیک بێت.
وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن کیربی وتی " باوەڕمان وایە ئێستا لە هەموو کات زیاتر نزیک بووینەتەوە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس