Accessibility links

شارەزایان دەڵێن ئیسڕائیل و حەماس یاساکانی نێودەوڵەتی پێشێل دەکەن


لە ماوەی دەستپێکردنی هێرشەکەی گروپی چەکداریی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل لە 7 ی مانگی 10 دا تاوەکو ئێستا، ئیسڕائیل و حەماس یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی شکاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکان. لە کاتێکدا کە وشەکانی وەکو "تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژی " بەکارهێندراون بۆ باسکردن لە کارە کوشندەکانی هەردوولا.

دوای دوو هەفتە لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نیە لەسەر کەمبوونەوەی توندیی جەنگەکە.

بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، زیاتر لە 1400 ئیسڕائیل و 4000 فەڵەستینی کوژراون. نزیکەی نیوەی دانیشتوانەکەی غەززە ئاوارەبوون، زیاتر لە 200 کەسیش لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون.

لە نێوەندی توندوتیژییەکاندا، ڕابەرانی وڵاتانی جیهان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام داوایان کردووە ڕێز لە یاساکانی جەنگ بگیردرێت.

لە 10 ی مانگی 10 دا، کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی "بەڵگەی لەسەر تاوانی جەنگ کۆکردووەتەوە کە لەلایەن هەردوولاوە ئەنجام دراوە." لە هەمان ڕۆژدا، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل کارێکی " تیرۆریستی " بوو، وتی " ئەو هێرشە بیرەوەرییە بە ئازار و برینەکانی هەستی دژە جوو و کۆمەڵکوژیی گەلی جووەکانی گەڕاندەوە."

سێ ڕۆژ دوای ئەوە، باڵیۆزی فەڵەستینییەکان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕیاز مەنسوڕ داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کاری زیاتر بکات بۆ ڕێگریکردن لە ئیسڕائیل تاوەکو " تاوان دژی مرۆڤایەتی " ئەنجام نەدات.

لەمدواییانەشدا لە 18 ی مانگی 10 دا سەدان لایەنگری فەڵەستینییەکان لە دەرەوەی بارەگای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی گردبوونەوە و داوای هەڵگرتنی هەنگاوەکانیان کرد دژی "کۆمەڵکوژی دژ بە فەڵەستینییەکان ".

تاوانی جەنگ:
بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوانی جەنگ کارێکی نایاساییە یاخود چەند کارێکە کە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی پێشێل دەکەن، کە ئامانج لێی پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیلە.

تاوانی جەنگ هەمیشە بە مەبەست ئەنجام دەدرێن و هەمیشە لە کاتی ململانێی چەکداریی نێودەوڵەتی یاخود نا نێودەوڵەتیدا ڕوودەدەن.

دەکرێت بۆ چەند بەشێک دابەش بکرێن، تاوانی جەنگ هەن ئەو خەڵکانە دەکەنە ئامانج کە پێویستییان بە پاراستن هەیە، ئەوانەی کە هەوڵە مرۆییەکان یاخود ئەرکەکانی پاراستنی ئاشتی دەکەنە ئامانج، ئەوانەشی کە موڵکەکان دەکەنە ئامانج. تاوانەکانی جەنگ دەکرێت پێشێلکردنی " شێواز و ئامڕازەکانی جەنگ " بێت، کە کوشتن و ئەشکەنجەدان و بە بارمتەگرتن و هێرشی بە مەبەست دژی هاووڵاتیانی سڤیل دەگرێتەوە.

ئەنجامدانی تاوانی جەنگ واتە شکاندنی یاساکانی جەنگ، لە چەندین پەیماننامەدا باس کراوە، لە کاتێکدا کە پەیماننامەکانی جنێڤ لە ساڵەکانی نێوان 1864 و 1949 دا پەیڕەوی کردووە، پەیماننامەکانی هاگ لە ساڵەکانی نێوان 1899 و 1907، هەروەها پەیماننامەی ڕۆما لە ساڵی 1998 دا.

ئامانجی پەیماننامەکانی جنێڤ، بۆ نموونە: پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیلە، ئەوانەی کە بەشدار نین لە شەڕێکدا یاخود ئەوانەی کە چیتر ناتوانن لە ململانێیەکی چەکداریدا شەڕ بکەن. یەکەم پەیماننامە لە ساڵی 1864 دا لەلایەن سەرجەم زلهێزەکانی ئەوروپاوە لە ماوەی سێ ساڵدا پەسەند کرا، گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکانیش سەرەتا لەلایەن دامەزرێنەری ڕێکخراوی خاچی سوور هێنری دونانتەوە دەستپێشخەری بۆ کرا. ئەمڕۆ، ئەم پەیماننامانە لەلایەن سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراون.

پڕۆفیسۆر لە بەشی یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی جنێڤ، مارکۆ ساسۆلی دەڵێت "جەنگ هەمیشە شتێکی نامرۆییە، بەڵام ئەگەر لە جەنگدا ڕێز لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بگیردرێت ئەوا نامرۆییەکەی کەمتر دەبێت."

ساسۆلی پێی وایە هێرشەکەی حەماس لە ماوەی ئاهەنگی میوزیکی سوپەرنۆڤادا لە بیابانەکەی نزیک سنووری غەزە " بە ئاشکرا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و تاوانی جەنگە."

وتی "خەڵکەکە لەوانەیە لە سێدارە نەدرێن، بە بارمتە نەگیرێن و تەنها ئامانجە سەربازییەکانی وەکو موشەک هاوێژەر و ناوەندەکانی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵ ڕەنگە بکرێنە ئامانج."

بەڵام لێپێچینەوە لەم تاوانانە پڕۆسەیەکی ماندوکەر و درێژە. چەندین ساڵ لە لێکۆڵینەوەی چڕی دەوێت، بڕیارەکانیش زۆر جار چەند دەیەیەک دوای کۆتایی هاتنی ململانێکە دەدرێن.

بۆ نموونە لە ساڵی 2012 دا، سەرۆکی پێشووی لایبیریا چاڕڵس جی تایلەر سزای 50 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش لەسەر ئەو کارە دڕندانانەی کە لە ماوەی جەنگی ناوخۆی سیێرا لیۆندا ئەنجامی داون لە ساڵەکانی نەوەدەکاندا.

دادگای تاوانی نێودەڵەتی تەنها دامەزراوەیە کە دەتوانێت لێپێچینەوە لەو کەسانە بکات کە تاوانی جەنگییان ئەنجامداوە، لە ڕێی پەیماننامەی ڕۆماوە لە ساڵی 2002 دا دامەزرا.

ئەو شێوازانەی بەکاردەهێندرێن بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانی جەنگ هەمان ئەو شێوازانەن کە بەکاردەهێندرێن بۆ شیکردنەوەی هەر تاوانێکی دیکە، چاوپێککەوتن لەگەڵ شایەتحاڵەکاندا، پێداچوونەوە بە گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەکان و کۆکردنەوەی بەڵگە لە ڕێی شیکردنەوەکانەوە، یاخود پشکنینی دی ئێن ئەی و شیکردنەوەی لاشەکان.

ئەوەی کە زۆرجار قورسە بزاندرێت ئەوەیە کە ئایا ئەو سەرکردەیەی کە تاوانی جەنگی ئەنجامداوە، تاوەکو چەند زانیویەتی یاخود ئایا ڕاستەوخۆ بەرپرس بووە لەوەی کە ڕوویداوە یاخود نا.

یۆهان سۆفی کە پارێزەرێکی نێودەوڵەتییە و سەرۆکی پێشووی ئۆفیسی دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەڵەستینییەکان بووە و بۆ ماوەی سێ ساڵ لە غەزە ژیاوە، وتی " کێشەکە لە دادپەروەری نێودەوڵەتییدا ئەوەیە کە زۆر زۆر خاوە. بەڵام سودە گەورەکەی ئەوەیە کە زۆر زۆر ئارامە."

تاوان دژی مرۆڤایەتی:
تاوان دژی مرۆڤایەتی مەرج نیە لە ململانێیەکی چەکداریدا ڕووبدات و پێویستی بەوە نیە نیازێکی دیاریکراوی هەبێت. هەروەها لە پەیماننامەکانی وەکو جنێڤیشدا باسییان لێوە نەکراوە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی ئەوە دەدات ئەوەش بخاتە پەیماننامەکەوە.

بەڵام هێشتا تاوانەکان دژی مرۆڤایەتی بە پێشێلکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی دادەنرێت و " لە نێو جددیترین تاوانەکاندایە."

تاوان دژی مرۆڤایەتی دەکرێت لە ڕێی چەند کارێکی جیاوازەوە ئەنجام بدرێت، لەوانەش بە کۆیلەکردن یاخود گواستنەوەی دانیشتوان بە زۆرەملێ، هەروەها لە چوارچێوەی هێرشێکی بەرفراون و بۆ ڕێکخراو دژی دانیشتوانی سڤیل ڕوودەدات.

بە توندوتیژییە بەرفراوانەکەیدا دەناسرێنەوە، ئیتر لە ڕووی دانیشتوان یاخود جوگرافیاوە بێت، یاخود ئەو شێوازەی کە بەکاردەهێندرێت بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتیشەوە پلانی بۆ داڕێژراوە.

ئەگەر کارەکە بە شێوەیەکی کوێرانە، یاخود بەبێ مەبەست ئەنجام بدرێت، ئەوا بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هەژمار ناکرێت.

وەڵامەکەی ئیسڕائیل بۆ هێرشەکەی حەماس کە تێیدا سوپای ئیسڕائیل بەردەوام بۆردومانی غەزەی کردووە و شارەکەی خاپوور کردووە و ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی. بەرپرسانی ئیسڕائیل هۆشدارییان داوەتە دانیشتوانی باکووری غەززە تاوەکو بەرەو باشوور هەڵبێن و باکوور چۆڵ بکەن، ساسۆلی دەڵێت ئەو جووڵەیەی ئیسڕائیل "بەپێی یاسای مرۆیی جێی قبوڵکردن نیە."

وتی "ئەگەر بەرپرسانی ئیسڕائیل ماڵێکی تەنیشت ناوەندێکی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵ ئاگادار بکەنەوە، ئەوا ئەم فەرمانی چۆڵکردنە کێشەی تێدا نیە. بەڵام ناتوانیت نیوەی دانیشتوانی کەرتی غەززە ئاگادار بکەیتەوە چۆڵی بکەن، ئاوارەکردنی بە زۆرەملێ لە ناو ناوچەیەکی داگیرکراودا لەم دۆسییەیەدا بیانووی نیە."

کۆمەڵکوژی:
سەرەتا لە ساڵی 1943 دا وشەی کۆمەڵکوژی لەلایەن پارێزەری پۆڵەندی ڕافایل لێمکینەوە ناسێندرا، کە شایەتحاڵی ئەو کۆمەڵکوژییانە بوو کە نازییەکان لە ماوەی هۆڵۆکۆستدا ئەنجامییاندا و هەموو ژیانی تەرخان کرد بۆ ئەوەی وشەی کۆمەڵکوژی وەکو تاوانی نێودەوڵەتی هەژمار بکرێت.

سەرەتا لە ساڵی 1946 دا کۆمەڵکوژی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکو تاوانی نێودەوڵەتی هەژمارکرا و دواتریش لە ساڵی 1948 دا خرایە پەیماننامەی جنێڤەوە. هاوشێوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، دەکرێت کۆمەڵکوژی لە ڕێی چەند کارێکی جۆراوجۆرەوە ئەنجام بدرێت، لەوانەش: کوشتن، زیانگەیاندن بە لاشە یاخود بە دەروون و گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵان.

بەڵام بۆ ئەوەی ئەو کارانە وەکو کۆمەڵکوژی هەژمار بکرێن، دەبێت سەرەتا مەبەست لێیان " لە ناوبردنی گروپێی نیشتیمانی، نەژادی ، ڕەگەزی یاخود ئایینی بێت." ئەوەی کە لە هۆڵۆکۆستدا ڕوویدا بە کۆمەڵکوژی دژ بە گەلی جووەکان هەژمار کراوە. کارە دڕندانەکان لە ڕواندا و ئەرمینیاش بە کۆمەڵکوژی هەژمارکراون.

کۆمەڵکوژی دەکرێت لە چوارچێوەی ململانێیەکی چەکداریی و لە کاتی ئاشتیشدا ڕووبدات، بەڵام لە کاتی ئاشتیدا کۆمەڵکوژی شتێکی باو نیە.

سەرەڕای ئەوەی لایەنگرانی فەڵەستینییەکان لە ماوەی خۆپیشاندانەکانییاندا هاوارییان دەکرد " کۆمەڵکوژییەکە ڕابگرن "، ساسۆلی پێی وایە ئەو وشەیە بۆ هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە نابێت.

وتی "نابێت ئەو وشە جددییە هەروا بەکاربهێنین."

لە ساڵی 2021 دا دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوەیەکی فەڕمی دەستپێکرد بۆ لێکۆڵینەوە لە بانگەشەکانی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ناوچە فەڵەستینییەکاندا لە ماوەی ململانێکەی ساڵی 2014 ی غەززەدا، ئەو بڕیارەش لەلایەن ئیسڕائیلەوە بە توندی دژایەتیکرا. سەرەڕای ئەوەی ئیسڕائیل ئەندام نیە لە دادگاکەدا کە 123 ئەندامی هەیە، بەڵام ناوچە فەڵەستینییەکان و فەڵەستینییەکان ئەندامن تێیدا.

سەرچاوە/فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG