Accessibility links

ئیسڕائیل بۆردومانەکانی لە غەززە چڕتر دەکات و دەیان کەس دەکوژرێن


ڕەفەح
ڕەفەح

هێزەکانی ئیسڕائیل ڕۆژی شەممە،20ی مانگی حەوت چەندین ناوچەیان لە سەرانسەری کەرتی غەززەدا بۆردومان کرد، بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 30 کەس، لە کاتێکدا کە تانکەکان پێشڕەوییان کرد بۆ ناو ڕۆژئاوا و باکووری شاری ڕەفەح.

کارمەندێکی فریاگوزاری وتی لە نێو ئەوانەدا کە ڕۆژی شەممە کوژراون ڕۆژنامەنووسێکی ناوخۆیی بە ناوی محەمەد ئەبو جاسرییان تێدا بووە، دوو منداڵیش بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە بۆ سەر ماڵەکەیان لە باکووری غەززە کوژراون.

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی حەماس لە غەززە وتی بە مەرگی ئەبو جاسمەوە تا ئێستا 161 ڕۆژنامەنووس بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە لە غەززە کوژراون.

تیمەکانی فریاگوازاری لە غەززە وتییان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی هێرشە ئاسمانییە سەربازییەکانی ئیسڕائیلەوە 37 فەلەستینی کوژراون و چەندین خانوو لە ناوچوون. لە کامپی ئەلنوسیرەت لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر بینایەکی چەند نهۆمی، چەندین کەس بریندار بوون بە دوو ڕۆژنامەنووسی ناوخۆییشەوە.

لە ڕەفەحی باشووری غەززەش کە ئیسڕائیل وتوویەتی ئامانجی لە ناوبردنی دوایین فەوجی باڵی سەربازیی حەماسە، دانیشتوان وتییان تانکەکان پێشڕەویی زیاترییان کردووە بە ناو ناوچەکانی باکووری شارەکە و لە ڕۆژئاواشەوە گردێکییان گرتووە، هەروەها شەڕ و پێکدادانێکی سەختیش هەیە لە نێوان هێزەکانی ئیسڕائیل و چەکدارانی حەماسدا.

سوپای ئیسڕائیل وتی هێزەکان بەردەوام بوون لە ئۆپەراسیۆنەکان لە ڕەفەح و لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا چەندین چەکدارییان کوشتووە لە ناوچەی تەل ئەلسوڵتان لە بەشی ڕۆژئاوای شارەکەدا. لە ناوەڕاستی غەززەش سوپا وتی هێرشییان کردووەتە سەر ژێرخانەکانی چەکدارەکان.

سوپا وتیشی لە بینایەکییان داوە لە دەیر ئەلبەلا لە ناوەڕاستی غەززە کە چەکداران بەکارییان هێناوە، وتی چەکدارەکان لە ناوچەیەکی مرۆییەوە کارییان کردووە، هەروەها چەکدارانی غەززەیان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی سوودوەرگرتن لە ژێرخانی مەدەنی و دانیشتوان بۆ مەبەستی سەربازیی، حەماس و گروپە چەکدارییەکانی دیکە ئەوە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن ئەوە پاساو هێنانەوەیە بۆ هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر ئەو شوێنانە.

هەوڵێکی ئاگربەست کە لەلایەن قەتەڕ و میسڕەوە سەرکردایەتی دەکرێت و ئەمەریکاش پشتگیری کردووە تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە، کە هەردووکییان لۆمەی یەکتری دەکەن لەسەر نەگەیشتن بە ڕێککەوتنێک.

ئیسڕائیل بەڵێنیداوە چەکدارانی حەماس لە ناوببات ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن چەکدارەکان 1200 کەسییان کوشتووە و زیاتر لە 250 کەسی دیکەیان بە بارمتە گرتووە. بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئیسڕائیلەوە لانیکەم 38,919 فەلەستینی کوژراون.

ڕۆژی پێنجشەممە ئیسڕائیل وتی نیوەی سەرکردایەتی باڵی سەربازیی حەماسی لە ناوبردووە و نزیکەی 14,000 چەکداری لە سەرەتای جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا دەستگیر کردووە.

ئیسڕائیل دەڵێت 326 سەربازی لە غەززە کوژراون.

حەماس ژمارەی قوربانییەکان ئاشکرا ناکات و دەڵێت ئیسڕائیل زیادەڕۆیی دەکات لە ڕاپۆرتەکانیدا تاوەکو " سەرکەوتنێکی ساختە " پیشانی خەڵکەکە بدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG