Accessibility links

ڕاگەیاندنەکانی ئیسڕائیل باس لە بەرەوپێشچوونێک دەکەن بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی کاتی لە غەززەدا


دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسڕائیل بڵاوییان کردەوە نێوەندگران لە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا بەرەوپێشچوونییان کردووە لەسەر ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەستێکی چەند هەفتەیی لە شەڕەکەی نێوان حەماس و ئیسڕائیلدا و ئازادکردنی دەیان بارمتە کە لەلایەن حەماسەوە لە غەززە دەستبەسەرکراون، هەروەها ئازادکردنی ئەو فەلەستینییانەی کە لەلایەن ئیسڕائیلەوە زیندانی کراون.

کابینەی جەنگی ئیسڕائیل ڕۆژی شەممە بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشنیارەکە کۆبوونەوە. تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێک نیە لەسەر ئەوەی بڕیاری چییان داوە. چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل لە زاری چەند بەرپرسێکی نەناسراوەوە بڵاوییان کردەوە کابینەکە ڕێککەوتنەکەی پەسەند کردووە و ئیسڕائیل شاندێک دەنێرێت بۆ قەتەڕ بە مەبەستی تاوتوێکردنی زیاتری ڕێککەوتنەکە.

حەماس دەڵێت هێشتا بەشدار نەبووە لە نوێترین پێشنیاردا کە لەلایەن ئەمەریکا و میسڕ و قەتەڕەوە پێشنیار کراوە، بەڵام وتوویەتی پێشنیارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ داواکارییەکانیدا بۆ یەکەمین قۆناغی ئاگربەستەکە دەگونجێت. هەفتەی ڕابردووش سەرکردەی حەماس ئیسماعیل هەنییە لە میسڕ بوو.

هاوکات ئیسڕائیل پلان دادەنێت بۆ فراوانکردنی هێرشە زەمینییەکەی بۆ ناو شاری ڕەفەحی باشووری غەززە، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان غەززە و میسڕەوە. زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی فەلەستینی لە دەست هێرش و بۆردومانەکانی ئیسڕائیل لە ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاستی غەززەوە هەڵاتوون بۆ ڕەفەح و لە خێمە و یەکەکانی نیشتەجێبوون و پەناگە قەرەباڵغەکاندا گیرییان خواردووە.

ڕێکخراوەکانی یارمەتییەکان هۆشدارییان داوە دژی ڕوودانی هێرشی زەمینی ئیسڕائیل بۆ سەر شارەکە و دەڵێن کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لێدەکەوێتەوە. ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دیکەی ئیسڕائیلیش دەڵێن دەبێت ئیسڕائیل خۆی بە دووربگرێت لە ئازاردانی هاووڵاتییانی سڤیل.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی لەم هەفتەیەدا لەگەڵ کابینەکەیدا کۆدەبێتەوە بۆ " پەسەندکردنی پلانی ئۆپەراسیۆنەکان لە ڕەفەح، " بە گواستنەوەی هاووڵاتییانی سڤیلیشەوە.

بەرپرسێکی باڵای میسڕ وتی پێشنیاری ئاگربەستەکە ئازادکردنی 40 بارمتەی ژن و بەساڵاچوو لە خۆدەگرێت، لە بەرامبەریشدا ئازادکردنی 300 زیندانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسڕائیلدا، کە زۆربەیان ژن و هەرزەکار و بەساڵاچوون.

بەرپرسەکەی میسڕ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی ئاگربەستە شەش هەفتەییە پێشنیارکراوەکە ڕێگە دەدات ڕۆژانە سەدان بارهەڵگر بە یارمەتی زۆر پێویستەوە بچنە غەززەوە، لە باکووری غەززەشەوە. وتی هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان لە ماوەی ئاگربەستەکەدا و ئازادکردنی زیندانی زیاتر و گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستێکی هەمیشەیی.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG