Accessibility links

بارمتەیەکی ئازادکراوی ئیسڕائیلی دەڵێت ' بە دۆزەخدا تێپەڕیوم '


یۆچیڤید لیفشیتز
یۆچیڤید لیفشیتز

بارمتەیەکی بەساڵاچووی ئیسڕائیلی کە لەلایەن حەماسەوە ئازادکراوە وتی کاتێک لە 7 ی مانگی دە دا ڕفێندراوە بۆ غەزە لەلایەن چەکدارەکانەوە لێیدراوە، بەڵام دواتر لە غەزە لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا کە بە بارمتە گیراوە بە باشی مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.

یۆچیڤید لیفشیتزی تەمەن 85 ساڵ یەکێک بوو لەو دوو ژنە بەساڵاچووەی کە درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە ئازاد کران، هێشتا نزیکەی 220 بارمتە لە ژێر دەستی حەماسدان، بە هەردوو هاوسەرەکانیشیانەوە.

لیفشیتز لە دەرەوەی نەخۆشخانەی تەل ئەڤیڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بە دۆزەخدا تێپەڕیم."

وتی چەکدارەکان هاتوونەتە ناو کۆمەڵگەکەیەوە، نیر ئۆز، دانیشتوانەکەیان بردووە. " هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکانمان، لە خەڵکییان دەدا. ئەوانی دیکەیان ڕفاند، پیر و گەنج بەبێ جیاوازی."

کەناڵی تەلەفیزیۆنی کانی ئیسڕائیل ئاماژەی بەوەداوە کە سێیەکی 400 دانیشتووەکەی نیر ئۆز باوەڕوابوو لە هێرشەکەی 7 ی مانگدا کوژرابێتن یاخود ڕفێندرابن. تاوەکو ئێستا هیچ ژمارەیەکی فەڕمی نەدراوە. بە گشتی، ئیسڕائیل دەڵێت لە هێرشەکەی حەماسدا 1400 کەس کوژراون.

لیفشیتز خۆشی خراوەتە سەر ماتۆڕێک و بردوویانە بۆ نزیک غەزە.

وتی " کاتێک لەسەر ماتۆڕەکە بووم، قاچەکانمان لەلایەکدا بوون و تەواوی لەشم لەسەر لاکەی دیکە بوو. پیاوە گەنجەکان لەسەر ڕێگا لێیاندام. پەراسوومییان نەشکاند بەڵام ئەوەندە ئازاری هەبوو کە بە قورسی هەناسەم بۆ دەدرا."

وتیشی کاتژمێرەکەی و ئاڵتونەکانی لە ماوەی هێرشەکەدا دزراون.

لە ناو غەزەدا، لیفشیتز دەڵێت کۆمەڵێک لە بارمتەکان براون بۆ شوێنێک کە خۆی پێیدەڵێت " تۆڕێکی جاڵجاڵۆکە "، تونێلەکان، کە لە ژێر غەزەدا لەلایەن حەماسەوە دروستکراون، لە کۆتایی تونێلەکەدا هۆڵێکی گەورە هەبووە.

وتی " کاتێک گەیشتینە ئەوێ، سەرەتا پێیان وتین باوەڕییان بە قورئان هەیە و ئازارمان نادەن."

پێنج کەس کە سەرجەمییان خەڵکی کۆمەڵگەکەی ئەو بوون پێکەوە داندرابوون، هەر یەکەیان 24 کاتژمێر پاسەوانێکییان لەگەڵدا بووە. لیفشیتز وتی ڕۆژانە پزیشکێک هاتووە بۆ لایان و ئەو دەرمانەی پێویستییان بووە داویاننەتێ.

وتی " گرنگییان بە بریندارەکان دەدا."

ڕۆژی دووشەممە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە ئازادکردنەکەی پیشان دەدات تێیدا لیفشیتز ئاوەڕ دەداتەوە و دەست دەخاتە دەستی ئەو کەسەوە کە گرتبووی، کاتێک پرسیاری لێکرا بۆ چی ئەو کارەی کرد، لیفشیتز وتی " بە نەرمی مامەڵەیان لەگەڵدا کردین و هەرچی پێویستمان بوو بۆیان دابین دەکردین."

نەوەکەی لیفشیتز بە ڕۆیتەرزی وتی لیفشیتز چالاکەوانێکی ئاشتی بووە و کاریکردووە بۆ یارمەتیدانی فەڵەستینییە نەخۆشەکان لە غەزە تاوەکو لە ئیسڕائیل چارەسەر بکرێن، لەسەر خاڵی سنووری سەرەکی نێوان غەزە و ئیسڕائیل یەکییان گرتووە و دواتر بردوونی بۆ نەخۆشخانەکان.

سەبارەت بە شکستی سوپای ئیسڕائیلیش لە پاراستنی کۆمەڵگەکانی باشووری ئیسڕائیل، لیفشیتز وتی سوپا مەترسی هێرشەکە بە جددی وەرنەگرت.

وتی " وازییان لێهێناین خۆمان بەرگری لە خۆمان بکەن."

وتیشی ئەو پەرژینەی کە لەسەر سنوورەکە دروستکراوە و خەرجییەکی زۆری تێچووە، یارمەتیدەر نەبوو لەوەدا ڕێگری لە چەکدارەکان بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG