Accessibility links

ئاگربەست لە غەززە جێبەجێ دەکرێت


ڕۆژی هەینی بۆ یەکەمین جار دوای حەوت هەفتە، لە ئاگربەستێکی کاتیدا شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسڕائیل و چەکدارانی حەماس لە غەززە ڕاگیرا، ئەمەش پێش ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان کە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە گیراون و لە بەرامبەریشدا ئازادکردنی فەلەستینییە زیندانیکراوەکان.

هیچ بۆردومانێک و هێرشێکی ئاسمانی نەبووە، سەرەڕای ئەوەی حەماس و ئیسڕائیل یەکترییان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی ماوە بە ماوە تەقەیان کردووە. هەردوولا وتییان هەر کە ئاگربەستە کاتییەکە تەواو بوو ئەوا دەستبەجێ دەست دەکەنەوە بە شەڕەکە.

لە شاری خان یونسی باشووری غەززە، شەقامەکان پڕبوون لەو خەڵکانەی کە لە ماڵ و پەناگەکانەوە هاتبوونە دەرەوە، خێزانە ئاوارەبووەکان بە منداڵی بچووکەوە بە هیوای ئەوەوە بوون بچنەوە بۆ ماڵەکانییان تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت.

ئەحمەد وائیل کە یەکێکە لەو هاووڵاتییانەی کە پێشتر بەهۆی شەڕەکەوە ماڵەکەی خۆی جێهێشتووە وتی " ئێستا زۆر دڵخۆشم هەست بە ئارامی دەکەم، دەچمەوە بۆ ماڵەکەی خۆم، دڵمان ئیسراحەتی کرد. زۆر بێزار بوو لەوەی ئاو و خۆراکم نەبوو. لەوێ لە ماڵەوە دەتوانین بژین، چا دەخۆینەوە نان دروست دەکەین."

لە باکووری غەززەش، کاروانی تانکەکانی ئیسڕائیل بەرەو دەرەوەی غەززە دەڕۆیشتن، هاوکات بارهەڵگرەکانیش بە یارمەتییە مرۆییەکانەوە لە باشوورەوە لە میسڕەوە دەهاتنە ناو غەززەوە.

بەپێی ئاگربەستە چوار ڕۆژییەکە، کە کاتژمێر 7 ی بەیانی دەستیپێکرد، 50 ژن و منداڵ کە لەلایەن حەماسەوە گیراون ئازاد دەکرێن، لە بەرامبەردا ئیسڕائیل 150 ژن و هەرزەکاری فەلەستینی ئازاد دەکات کە لە زیندانەکانی ئیسڕائیلدان. یەکەمین 13 بارمتە ئیسڕائیلییەکە و 39 ژنی فەلەستینی بڕیارە دواتر لە ڕۆژی هەینیدا ئازاد بکرێن.

ئیسڕائیل دەڵێت دەکرێت ئاگربەستەکە لە چوار ڕۆژ زیاتر بێت ئەگەر ڕۆژانە 10 بارمتە ئازاد بکرێن، سەرچاوەیەکی فەلەستینیش وتی دەکرێت لە کۆتاییدا 100 کەس ئازاد بکرێن.

بڕیارە یارمەتی مرۆیی زیاتر بگەیەندرێتە غەززە، کە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسڕائیلەوە ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی سەخت بووەتەوە و بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران فەلەستینی.

حەماس ڕایگەیاند سەرجەم ئەرکە سەربازییەکان ڕادەگرێت، بەڵام وتەبێژی باڵی سەربازیی حەماس ئەبو عوبەیدە دواتر جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە "ئاگربەستێکی کاتییە."

ئەبو عوبەیدە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە سەرجەم "بەرەکانی بەرهەڵستکاران کرد " بەوانەی ناو کەناری ڕۆژئاواشەوە " پەرە بە شەڕەکە بدەن."

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانتیش بەڵێنی گەڕانەوەیەکی هاوشێوەیدا بۆ شەڕەکە و وتی " ئەمە وەستانێکی کورت بوو، لە شەڕەکە بە هێزێکی زۆر مەزنەوە بەردەوام دەبین و فشار دروست دەکەین بۆ گەڕانەوەی بارمتەی زیاتر."


لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارانی حەماس هێرشێکی کوشندەیان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە. بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لەو هێرشەی حەماسدا 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 240 کەسی دیکەش لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون.

ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا بەڵێنیدا حەماس لە غەززە لە ناوببات و بەردەوام بۆردومانی غەززەی کردووە. بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن نزیکەی 14,000 فەلەستینی بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسڕائیلەوە کوژراون، لە سەدا 40 کەسییان منداڵ بوون.

سەدان هەزار فەلەستینی لە ماڵەکانییان هەڵاتوون و ئاوارە بوون، ئاو و خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکانیش لە کەمبوونەوەیەکی بەرچاودان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG