Accessibility links

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە خەریکە دەچێتە 100هەمین ڕۆژی خۆیەوە، گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا بەدوای خۆیدا هێناوە


ڕۆژی یەکشەممە سەدهەمین ڕۆژی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسە.

لە دوای دامەزراندنی ئیسڕائیلەوە لە ساڵی 1948 دا، ئەم جەنگەی ئێستا درێژترین و کوشندەترین جەنگی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان بووە، هیچ ئاماژەیەکیش نیە لەسەر کۆتایی شەڕەکە.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن 1200 کەس لە ئیسڕائیل کوژراون و 240 کەس بە بارمتە گیران. دوای ئەو هێرشە، ئیسڕائیل جەنگی دژی حەماس لە غەززە ڕاگەیاند. لە دوای هۆڵۆکۆستەوە، هێرشەکانی حەماس کوشندەترین هێرش بوون بۆ سەر جووەکان.

ئیسڕائیل بە بۆردومانکردنی چڕی غەززە وەڵامی دایەوە و دواتر هێرشی زەمینی کردە سەر کەرتی غەززە. دەڵێت ئامانجی لە هێرشەکانی لە ناوبردنی حەماس و ئازادکردنی زیاتر لە 100 بارمتەیە کە هێشتا لەلایەن حەماسەوە گیراون.

هێرشەکانی ئیسڕائیل بوونەتە هۆی کاولکارییەکی بێپێشینە لە غەززە، بەڵام زیاتر لە سێ مانگ لە دەستپێکردنی شەڕەکە، حەماس هێشتا شەڕ دەکات و بارمتەکان هێشتا ماونەتەوە. سوپای ئیسڕائیل دەڵێت شەڕەکە بە درێژایی ساڵی 2024 بەردەوام دەبێت.

هێرشەکانی حەماس کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر ئیسڕائیلییەکان دروست کرد، لە کاتێکدا کە خەڵکەکە بە گشتی پشتیوانییان لە هەوڵە سەربازییەکەی ئیسڕائیل کرد، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕووی دەروونییەوە تێکچوون، وڵاتەکە وادیارە کە ڕۆژانە بەو ڕۆژەدا تێدەپەڕنەوە کە خێزانەکان لە ناو ماڵەکانییاندا کوژران و گەنجان لە فیستیڤاڵێکی مۆسیقادا کوژران و منداڵان و خەڵکانی بەساڵاچوو بە ماتۆڕ ڕفێندران.

وێنەی ئەو کەسانەی کە بە بارمتە گیران لەلایەن حەماسەوە لەسەر شەقامەکان هەڵواسراون، خەڵکەکەش داوا لە ڕابەرانییان دەکەن " بیانگەڕێننەوە بۆ ماڵەوە."

لەلایەکی دیکەوە، بارودۆخەکەی غەززە پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە باش نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ ناوچەکە ناناسرێتەوە. بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 23,000 کەس کوژراون، کە ئەوەش دەکاتە نزیکەی لە سەدا یەکی دانیشتوانی غەززە. هەزاران کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون یاخود بە خراپی بریندار بوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی غەززە لە برسێتیدان. تەنها 15 نەخۆشخانە لە کۆی 36 نەخۆشخانەکەی غەززە بەشێکییان کاردەکەن. ئەوەش وایکردووە سیستمی تەندروستی لە ڕووخاندابێت. منداڵان چەندین مانگی خوێندنییان لە دەستداوە و هیچ ئاماژەیەکیش نیە لەسەر گەڕانەوەیان بۆ خوێندن.

بەرپرسی یارمەتییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان مارتن گریفیث دەڵێت " غەززە بە شێوەیەکی لێهاتووە کە بۆ ژیان ناشێت."

جەنگەکە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستووەتە ئاژاوەوە، مەترسی پەرەسەندنی فراوانبوونی جەنگەکەی بە ناوچەکەدا دروست کردووە، هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا و گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانی ڕووبەڕووی یەکتر کردووەتەوە.

دەستبەجێ دوای هێرشەکەی حەماس، چەکدارانی حیزبوڵای لوبنان دەستییان کرد بە هێرشکردنە سەر ئیسڕائیل، ئەوەش وایکرد ئیسڕائیل وەڵامی تۆڵەکردنەوە بدات.

شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حیزبوڵا نەبووەتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوان، بەڵام زۆر نزیک بووەتەوە، بە تایبەتی دوای هێرشەکەی 2 ی مانگی یەک کە بووە هۆی کوژرانی بەرپرسێکی باڵای حەماس لە بەیروت، هێرشەکەش خرایە پاڵ ئیسڕائیل. حیزبوڵا بە هێرشێکی ئاسمانی گەورە بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئیسڕائیل وەڵامی دایەوە، هاوکات ئیسڕائیلیش لە چەند هێرشێکدا چەند فەرماندەیەکی حیزبوڵای کوشت.

لە هەمان کاتدا حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت چەندین هێرشییان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور ئەنجامدا. هاوکات گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا چەندین هێرشییان کردە سەر هێزەکانی ئەمەریکا.

ئەمەریکا کەشتی جەنگی ڕەوانەی دەریای ناوەند و دەریای سوور کرد، ئەوەش لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنی توندوتیژییەکاندا.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا بۆردومانی دەیان ئامانجی حوسییەکانیان کرد لە یەمەن. حوسییەکان بەڵێنی تۆڵەکردنەوەیان داوە، ئەوەش مەترسی کەوتنەوەی جەنگێکی بەرفراوانی زیاتر کردووە.

لە کاتێکدا کە جەنگەکە لە غەززە بەردەوامە و کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل لە زیادبووندایە، هیچ ڕێگەیەکی ڕوون نیە لەسەر ئەوەی جەنگەکە کەی تەواو دەبێت و چی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

ئیسڕائیل دەڵێت حەماس ناتوانێت هیچ ڕۆڵێک ببینێت لە داهاتووی غەززەدا. حەماسیش دەڵێت ئەوە خەیاڵە.

ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیانەوێت دەسەڵاتی فەلەستینییەکان چاکسازی تێدا بکرێت و فەرمانڕەوایی غەززە بکات، ئەوەش وەکو هەنگاوێک بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی. ئیسڕائیل ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

ئیسڕائیل دەیەوێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بوونی سەربازیی هەبێت لە غەززە. ئەمەریکا نایەوێت ئیسڕائیل جارێکی دیکە غەززە داگیر بکاتەوە.

دووبارە بونیادنانەوەی غەززە چەندین ساڵی دەوێت، ڕوونیش نیە کێ پارەکەی دەدات یاخود چۆن ئەو کەلوپەلانەی کە پێویستن دەگەیەندرێنە غەززەوە.

ژنێکی فەلەستینی کە ئێستا ئاوارەی باشووری غەززەیە و لە خێمەیەکدا دەژی، حەلیمە ئەبو دەقە، دەڵێت " 100 ڕۆژ لەمەوبەر ژیانمان زۆر باش بوو. ئوتومبێل و خانووی خۆمان هەبوو."

وتی " هەموو شتێکمان لێسەندرایەوە، هەموو شتەکان گۆڕان و هیچ نەماوەتەوە."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG