Accessibility links

ئیسڕائیل هێرش دەکاتە سەر غەززە لە کاتێکدا بڕیارە دادگای نێودەوڵەتی فەرمانێک دەربکات


ڕۆژی هەینی هێزەکانی ئیسڕائیل هێرشیان کردە سەر کەرتی غەززە، لە کاتێکدا کە دادگای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارە فەرمان لەسەر داوایەک بدات بۆ ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە، بە هۆکاری ئەوەی گوایە " کۆمەڵکوژی " ئەنجام دراوە.

لە غەززە، شایەتحاڵان بە پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێسییان وت شەوی ڕابردوو هێرشی ئاسمانی و دەریایی کراوەتە سەر شاری غەززە و لە باشووریشەوە شەڕە تەقە بووە، باس لەوەش دەکەن لە دوو هێرشی جیادا بۆ سەر بیناکانی نیشتەجێبوون لە باکوور و ناوەڕاستی شارەکە چەندین قوربانی هەبوون.

لە مانگی پێنجدا ئیسڕائیل دەستیکرد بە هێرشەکانی بۆ سەر ڕەفەح، کە دوایین شارە لە کەرتی غەززەدا هێزەکانی ئیسڕائیل بچنە ناویی، ئەمەش سەرەڕای ناڕەزایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر دەستپێکردنی ئەو هێرشە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت هێرشەکەی سەر ڕەفەح بووەتە هۆی هەڵاتنی زیاتر لە 800,000 فەلەستینی لە شارەکەدا.

وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل دانیێڵ هاگاری وتی " دەچینە ناو ڕەفەحەوە، بە وردی و وریاییەوە ئیش دەکەین."

ڕۆژی هەینی سوپای ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی لە شارەکەی باشووری غەززە " هێزەکان بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانییان دژی ئامانجە تیرۆریستییەکان و کۆگانی چەک و شەفتی تونێلەکانییان لە ناوبردووە."

سەرچاوەیەکی ناوخۆیی فەلەستینی وتی ئوتومبێلە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەحەوە پێشڕەوی دەکەن بۆ ناوەڕاستی شارەکە.

شەڕ و پێکدادانەکان دووبارە لە ناوچەکانی باکووری غەززەش سەریانهەڵداوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئیسڕائیل چەند مانگێک لەمەوبەر ئەو ناوچانەیان پاککردنەوە.

مەحمود ئەل شەریفی تەمەن 31 ساڵ لە کامپی پەنابەرانی جەبەلییە وتی " تەنها گوێمان لە دەنگی تەقە و تەقینەوەیە."

ڕۆژی هەینی سەرچاوەیەکی ناوخۆ وتی هێلیکۆپتەرەکان تەقە لە کامپەکە دەکەن و دووبارە بۆردومانکردنەوەی ناوچەکە دەستیپێکردووەتەوە.

سوپای ئیسڕائیل وتی " هێرشی بە ئامانجییان " لە ناوچەی جەبەلیە ئەنجام داوە و بەردەوامن لە " چالاکییەکان " لە ناوەڕاستی کەرتی غەززەدا.

محەمەد ساڵحی پزیشک کە بەڕێوبەری کاربەڕێکەری نەخۆشخانەی ئەلعەودەیە، کە بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێکە لەو تەنها دوو نەخۆشخانەیەی کە هێشتا لە باکووری غەززەدا کاردەکەن، وتی ماوەی پێنج ڕۆژە لەسەریەک لە ژێر گەمارۆی ئیسڕائیلدایە.

وتی " سەربازەکان لە حەوشەی نەخۆشخانەکە و ماڵەکانی ئەو نزیکانەدان." وتیشی " بەردەوام بە ئاڕاستەی نەخۆشخانەکە تەقە دەکەن."

لە کاتێکدا کە شەڕەکە بەردەوامە، دادگای دادی نێودەوڵەتی بڕیارە ڕۆژی هەینی فەرمان لەسەر داوایەک دەربکات بۆ ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە، ئەوەش بە تۆمەتی تاوانی " کۆمەڵکوژی."

دادگای دادی نێودەوڵەتی کە فەرمانەکانی یاسایین بەڵام هێزێکی نیە یاساکانی جێبەجێ بکرێن، لە مانگی یەکدا لە بڕیارێکی کاتیدا داوای ئاگربەستی نەکرد، بەڵام داوای لە ئیسڕائیل کرد هەرچی لە توانایدا بێت ئەنجامی بدات بۆ ڕێگریکردن لە کردەوەکانی کۆمەڵکوژی لە غەززەدا.

ئەفریکای باشوور کە دواتر دۆسییەکەی پێشکەشکرد و بە فەڕمی لەلایەن میسڕی نێوەندگری جەنگەکەی نێوان حەماس و ئیسڕائیلەوە پشتگیری لێکرا، باسی لەوە کرد ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسڕائیل لە ڕەفەح دەبێت دادگاکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناچار بکات فەرمانی نوێی بەپەلە دەربکات.

دۆسییەکە کە ئیسڕائیل دەڵێت دەبێت هەڵبوەشێندرێتەوە، ڕەنگە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان زیاتر بکات.

هاوکات داواکاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هەوڵی بە دەستهێنانی مۆڵەتی دەستگیرکردنی داوە بۆ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو و وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت و سێ سەرکردەی حەماس، ئەوەش بە تۆمەتی تاوانی جەنگ.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووش سێ وڵاتی ئەوروپایی ڕایانگەیاند کە سێشەممەی داهاتوو دان دەنێن بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا.

ڕۆژی هەینی وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتز وەکو وەڵامێک بۆ ئەوە لە ئێکس نوسیویەتی بڕیاریداوە " زیان بە پەیوەندییەکان بگەیەنێت لەگەڵ نوێنەرایەتی ئیسپانیا لە ئیسڕائیل و فەلەستینییەکاندا، هەروەها قەدەغەی دەکات لەسەر کونسوڵخانەی ئیسپانیا لە ئۆرشەلیم خزمەتگوزاری بدات بە فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا."

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسن ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو بەمزووانە وتارێک پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمەریکا دەکات، نەتانیاهو ڕووبەڕووی زیادبوونی فشارەکان بووەتەوە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا بۆ هەوڵدان بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی فەلەستینییەکانەوە لە غەززە گیراون.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەردەوام فشاری کردووەتە سەر نەتانیاهو تاوەکو توندوتیژییەکان لە جەنگەکەدا کەم بکاتەوە و هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەکردنی چەکی بۆ ئەو وڵاتە کردووە، ئەمەش لە نێوەندی زیادبوونی ژمارەی قوربانییان سڤیل لە جەنگەکەدا.

جۆنسن دەڵێت سەردانی سەرکردەکەی ئیسڕائیل بۆ واشنتن " دەرخستنێکی بەهێزی پشتیوانی دەبێت بۆ حکومەتی ئیسڕائیل."

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەروەها نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا.

بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 35,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG