دەزگای بەرگری شارستانی غەززە ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند لە هێرشەکەی ئیسڕائیلدا بۆ سەر قوتابخانەیەک کە ئاوارە فەلەستینییەکانی تێدا بووە زیاتر لە 90 کەس کوژراون، ئیسڕائیلیش وتی لە ناوەندێکی سەرکردایەتی حەماسی داوە.
دەزگای هەواڵی فرانس پرێس دەڵێت نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ ژمارەی کوژراوەکان پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام ئەگەر پشتڕاست بکرێتەوە ئەوا دەبێتە یەکێک لەو هێرشانەی سەر غەززە کە زۆرترین کەسی تێدا کوژرابێت.
وتەبێژی دەزگای بەرگری شارستانی غەززە مەحمود باسال بە فرانس پرێسی وت " ئێستا ژمارەی کوژراوەکان لە نێوان 90 بۆ 100 کەسدایە و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون. سێ موشەکی ئیسڕائیل لە قوتابخانەیەکییان داوە کە ئاوارە فەلەستینییەکانی تێدا بووە."
ئۆفیسی ڕاگەیاندنی حکومەتەکەی حەماس لە غەززە وتی هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 کەس.
لە کاتێکدا کە زۆربەی 2.4 ملیۆن دانیشتووەکەی غەززە ئاوارە بوون بەهۆی جەنگەکەوە کە بە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد، زۆرێک لە فەلەستینییەکان بینای قوتابخانەکانییان وەکو پەناگە بەکارهێناوە.
بەپێی داتایەکی فرانس پرێس کە لە بەرپرسانی ناوچەکەوە وەریگرتووە، لە 6 ی مانگی حەوتەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 14 قوتابخانە لە غەززە لێیان دراوە.
لەلای خۆیەوە سوپای ئیسڕائیل وتی " ناوەندێکی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی " حەماسی کردووەتە ئامانج کە تێکەڵ کراوە لەگەڵ قوتابخانەی ئەلتەبیان لە گەڕەکی دەراج.
سوپا وتی " هەنگاوی زۆر گیراونەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی سڤیل، لەوانەش بەکارهێنانی تەقەمەنی ورد و چاودێری ئاسمانی و زانیاری هەواڵگری."
گروپی چەکداریی جیهادی ئیسلامی کە شان بە شانی حەماس دژی ئیسڕائیل شەڕ دەکات، وتی هێرشەکە لە کاتی نوێژی بەیانیدا ڕوویداوە.
ئیسماعیل تەلثەوابیتەی بەڕێوبەری گشتی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی حکومەتەکەی غەززە بە فرانس پرێسی وت بەهۆی هێرشەکەوە " زیاتر لە 100 کەس شەهید بوون و دەیانی دیکە بریندار بوون، زۆرێکیان برینەکانییان سەختە و لە دۆخێکی خراپدان."
دەزگای بەرگری شارستانی غەززە وتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل لە دوو قوتابخانەیان داوە لە شاری غەززەدا و زیاتر لە 18 کەسییان کوشتووە. ئەو هێرشانەش دوای ئەوە بوون کە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو دوو قوتابخانەی دیکە لێیاندرابوو و لانیکەم 30 کەس کوژرابوون.
لە هەردوو هێرشەکەدا سوپای ئیسڕائیل وتی لە ناوەندەکانی سەرکردایەتی حەماسی داوە.
ئیسڕائیل بەڵێنیداوە حەماس لە ناوببات و لە مانگی یەکدا سوپا وتی پێکهاتەی سەرکردایەتی حەماسی لە باکووری غەززە لە ناوبردووە. بەڵام لەو کاتەوە سوپای ئیسڕائیل بەردەوام دەگەڕێتەوە بۆ باکووری غەززە و ناوچەکانی دیکە بۆ دووبارە شەڕکردنەوە لەگەڵ چەکدارەکاندا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، فرانس پرێس