Accessibility links

ئیسڕائیل دەڵێت گەورە بەرپرسێکی حزبوڵا ڕەنگە کوژرا بێت


هاشم سەفیەدین
هاشم سەفیەدین

ڕۆژی سێشەممە وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت وتی وادیارە ئەو کەسەی کە داندرابوو جێگەی سەرکردەی حزبوڵا حەسەن نەسڕوڵا بگرێتەوە " لە ناوبرابێت."

گالانت لە کاتێکدا ئەم ڕاگەیاندنەی سەبارەت بە هاشم سەفیەدین ڕاگەیاند کاتێک ئیسڕائیل دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنی هێرشە زەمینییەکانی لە باشووری ڕۆژئاوای لوبنان، بەمەش لەشکرکێشییەکەی فراوان کرد بۆ ناوچەیەکی نوێ، هەروەها لە کاتێکیشدایە کە حزبوڵا دەرگاکەی بە کراوەیی هێشتەوە بۆ ئاگربەستێکی گفتوگۆ لەسەرکراو.

سەفیەدینی گەورە بەرپرسی حزبوڵا، بە شێوەیەکی بەرچاو وەکو جێگرەوەی نەسڕوڵا سەیر دەکرا. سەفیەدین لە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسڕائیلەوە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووەوە دیار نەماوە.

گالانت بە ئەفسەرانی ناوەندی سەرکردایەتی سەربازیی باکووری وت " حزبوڵا ڕێکخراوێکی بێ سەرکردەیە. نەسڕوڵا لەناوبرا، جێگرەوەکەشی لەوانەیە لەناوبرابێت."

وتیشی " هیچ کەسێک نیە بڕیار بدات، کەسیش نیە هیچ بکات." بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بۆ ئەم بانگەشەیەی نەخستەڕوو.

سەفیەدین ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیەی نەسڕوڵا نەبوو لە 27 ی مانگی نۆدا کاتێک ئیسڕائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر بینای کۆبوونەوەکە لە باشووری بەیروت و نەسڕوڵای کوشت.

بەڵام لە مێژە ئامانجی ئیسڕائیلە. سەفیەدین وەکو سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حزبوڵا، سەرپەرشتی کاروباری سیاسیی حزبوڵا کردووە و لە ئەنجومەنی جیهادیشدا بەڕێوبەرایەتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی گروپەکەی کردووە.

هاوکات جێگری سەرکردەی حەماس نایم قاسم وتی پشتگیری لە هەوڵەکان دەکات بۆ ئاگربەستێک لەسەر سنوورەکەی نێوان لوبنان و حزبوڵا، بۆ یەکەمین جاریش بوو کە باسی لە کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی غەززە نەکرد وەکو مەرجێکی پێشوەخت بۆ وەستاندنی شەڕەکە لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG