Accessibility links

ئیسڕائیل هێرش دەکاتە سەر چەند شوێنێکی حزبوڵا لە لوبنان


شوێنێکی بە ئامانجکراو لەلایەن سوپای ئیسڕائیلەوە، گوندی کەفر کیلا، باشووری لوبنان، ٢٩ ی ٧ ی ٢٠٢٤
شوێنێکی بە ئامانجکراو لەلایەن سوپای ئیسڕائیلەوە، گوندی کەفر کیلا، باشووری لوبنان، ٢٩ ی ٧ ی ٢٠٢٤

سوپای ئیسڕائیل ڕۆژی سێشەممە هێرشی ئاسمانی کردە سەر چەند شوێنێکی حزبوڵا لە حەوت ناوچەی باشووری لوبنان.

ئەم هێرشە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە هێرشێکی موشەکی کرایە سەر بەرزاییەکانی گۆلانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئیسڕائیل و بەهۆیەوە 12 منداڵ و هەرزەکار کوژران، ئەمەش لە نێوەندی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکاندا سەبارەت بە ئەگەری پەرەسەندنی ململانێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن ڕۆژی سێشەممە لە ماوەی سەردانێکیدا بۆ فیلیپین بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لە کاتێکدا کە چالاکییەکی زۆرمان بینیوە لەسەر سنووری باکووری ئیسڕائیل، هێشتا نیگەرانین سەبارەت بە ئەگەری پەرەسەندنی ئەمە بۆ شەڕێکی بەرفراوان."

وتی " حەز دەکەین ببینین شتەکان لە ڕێی دیبلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن."

ڕۆژی دووشەممە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو بەڵێنیدا وەڵامێکی توندی هەبێت بۆ هێرشە موشەکییە کوشندەکەی سەر بەرزاییەکانی گۆلان و جەختی لەوە کردەوە کە حزبوڵا بەرپرس بووە لەو هێرشە. حزبوڵا ڕەتی دەکاتەوە دەستی هەبووبێت لەو هێرشەدا.

نەتانیاهو لە ماوەی سەردانێکیدا بۆ شوێنی هێرشەکە، وتی " ئەم منداڵانە منداڵی ئێمەن، ئەوان منداڵی هەموومانن. دەوڵەتی ئیسڕائیل ناتوانێت چاوپۆشی لەمە بکات. وەڵاممان دەبێت و توندیش دەبێت."

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو غەززەوە کە بە هێرشەکانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد، ئیسڕائیل و حزبوڵای لوبنان بەردەوام لەسەر سنووری دوو وڵاتەکە تەقەیان لە یەکتر کردووە. حزبوڵا دەڵێت هێرشەکانی دەربڕینی پشتیوانییە بۆ حەماسی فەلەستینییەکان، حوسییەکانی یەمەنیش هەمان شت دەڵێن لەسەر هێرشەکانییان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور. حزبوڵا و حوسییەکانیش لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

جۆناثان ڕوهی بەڕێوبەری سیاسەتی دەرەوە لە ناوەندی جووەکان بۆ ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای وت ئەگەری پەرەسەندنی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا زۆر بەرزە و لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو غەززەوە ئێستا لە بەرزترین ئاستدایە.

وتی " پێم وایە هەردوولا ڕازیبوون بە هەندێک لە یاسا ئاشکرا نەکراوەکانی یارییەکە، وەکو خۆیان دەڵێن هێرشەکان بەردەوام دەبن، بەڵام هەردوولا دانییان بەوەداناوە کە سنوورێک هەیە کە هێرشی ناکەنە سەر. پێم وایە ئیسڕائیل خۆی لە نێوان بەردێک و شوێنێکی سەختدا دەبینێتەوە چونکە پێی وایە دەبێت یاساکانی یارییەکە بگۆڕێت بۆ ئەوەی حزبوڵا ناچار بکات کە ئەو هێرشانەی وەکو هێرشەکەی ڕۆژی شەممە چیتر نابێت بەردەوام بن."

نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوانی دیکەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵییانداوە گرژییەکان کەم بکەنەوە.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کێربی ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا " متمانەی " هەیە سەبارەت بە خۆبەدوورگرتن لە جەنگێکی فراوانتر.

نەمرود گۆرینی هاوبەش لە کاروباری ئیسڕائیل لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەنگی ئەمەریکای وت پێش هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان دۆخی ئیسڕائیل و حزبوڵا هەوڵەکان پەیوەستکرابوو بە بە دەستهێنانی ئاگربەستێکەوە لە غەززە.

بەڵام ئەو گفتوگۆیانە ئێستا چەندین مانگییان خایاندووە و هیچ ڕێککەوتنێکیان لێنەکەوتووەتەوە.

گۆرین وتی " پێویستییەک هەیە بۆ کردنی شتێک لە نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵادا چونکە دۆخەکەی ئێستای نێوانییان وەکو دەیبینین ناکرێت بەردەوام بێت."

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون.

بەپێی وەزارەتی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 39,300 کەس، وەزارەتەکە جیاوازی ناکات لە نێوان کوژرانی چەکداران و هاووڵاتییانی سڤیلدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG