Accessibility links

نەتانیاهو ناکۆکی هەیە لەگەڵ دانوستکارانی ئیسڕائیلیدا لەسەر مەرجەکانی ئاگربەست لە غەززە


سەرچاوەیەکی نزیک لە گفتوگۆکانەوە دەڵێت سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ناکۆکی هەیە لەگەڵ دانوستکارانی ئیسڕائیلیدا سەبارەت بە سووربوونی لەسەر ئەوەی کە ئیسڕائیل لە " ڕێڕەوی فیلادیلفیا " لە باشووری کەرتی غەززە ناکشێتەوە.

ڕێڕەوی فیلادیلفیا بە درێژایی سنووری میسڕ و ڕێڕەوی نەتزاریم کە بە ناوەڕاستی کەرتی غەززەدا دەڕوات، دوو خاڵی سەرەکی جێناکۆکی لەسەرن لە گفتوگۆکاندا کە میسڕ و قەتەڕ و ئەمەریکا نێوەندگری تێدا دەکەن و پشتگیری لێدەکەن.

نەتانیاهو چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیسڕائیل دەستبەرداری کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوی فیلادیلفیا نابێت چونکە دەیەوێت ڕێگری بکات لە حەماس لە بردنی چەک بە قاچاخ و چەکدارەکانی لەسەر سنووری میسڕ. وتووشییەتی ئیسڕائیل دەبێت خاڵەکانی پشکنینی لە ڕێڕەوی نەتزاریم بپارێزێت بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە چەکدارانی حەماس لە هاتووچۆیان لە باشووری غەززەوە بۆ باکووری غەززە.

سەرچاوەکە وتی نەتانیاهو ڕازیبووە بە گۆڕینی یەک شوێنی ڕێڕەوی فیلادیلفیا بە چەند سەد مەترێکی کەم بەڵام کۆنتڕۆڵی تەواوی خۆی بەسەر ڕێڕەوەکەدا دەپارێزێت، ئەمەش سەرەڕای فشارەکانی دانوستکارەکانی خۆشی کە دەڵێن دەبێت ئیسڕائیل سازشی زیاتر بکات.

سەرچاوەکە وتی " سەرۆک وەزیر سوورە لەسەر ئەوەی ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت، بە پێچەوانەی هەندێک لە ئەندامانی تیمی دانوستکارانەوە کە ئامادەن لەوێ بکشێنەوە."

لەم هەفتەیەدا کەناڵی 12 ی ئیسڕائیل بڵاویکردەوە نەتانیاهو زۆر بێزار بووە بە تیمی دانوستانەکانی ئیسڕائیل کە لەلایەن دەیڤد بارنیای سەرۆکی دەزگای هەواڵگری موسادی ئیسڕائیلەوە ڕابەرایەتی دەکرێت، لەسەر ئەوەی تیمەکە ئامادە بووە سازشی زۆر زیاتر بکات.

دوای زیاتر لە 10 مانگ لە جەنگەکەی غەززە کە بە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد، ئەمەریکا فشاری خستووەتە سەر ئیسڕائیل تاوەکو کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.

چەکدارانی حەماس لە هێرشەکەیاندا بۆ سەر ئیسڕائیل نزیکەی 1200 کەسییان کوشت و نزیکەی 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت. ئیسڕائیلیش لە وەڵامی ئەو هێرشەدا دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر غەززە و بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن زیاتر لە 40,000 فەلەستینی کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG