Accessibility links

نەتانیاهو دەڵێت بەبێ لە ناوبردنی حەماس ئاگربەستی هەمیشەیی لەئارادا نییە


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕۆژی شەممە، 1ی مانگی شەش وتی ئاگربەستی هەمیشەیی لە حەماس نابێت هەتاوەکو ئەو کاتەی توانا سەربازیی و فەرمانڕەواییەکەی حەماس لە ناونەبرێن.

لێدوانەکانی نەتانیاهو دوای ئەوە دێت سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی ئیسڕائیل پێشنیاری ڕێککەوتنێکی سێ قۆناغی کردووە بۆ ئاگربەستێک لە غەززەدا، لە بەرامبەریشدا حەماس بارمتەکان ئازاد بکات.

نەتانیاهو وتی " مەرجەکانی ئیسڕائیل بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە نەگۆڕاوە: لە ناوبردنی توانا فەرمانڕەوایی و سەربازییەکانی حەماس، ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و دڵنیابوونەوە لەوەی غەززە چیتر مەترسی نەبێت لەسەر ئیسڕائیل."

وتیشی " ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت لە سووربوونی لەسەر ئەو مەرجانە پێش ئەوەی ئاگربەستێکی هەمیشەیی بخاتەوە. ئاگربەستی هەمیشەیی ڕوونادات ئەگەر ئەم مەرجانە جێبەجێ نەکرێن."

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەروەها نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا.

بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 35,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG