Accessibility links

بەرپرسێکی ئیسڕائیل: پلانەکەی بایدن بۆ غەززە 'ڕێککەوتنێکی باش نیە' بەڵام ئیسڕائیل پەسەندی دەکات


یاریدەدەرێکی سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕۆژی یەکشەممە،2ی مانگی شەش ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە ئیسڕائیل ڕێککەوتنی چوارچێوەیەکی کاری پەسەند کردووە بۆ کەمکردنەوەی جەنگەکەی ناو غەززە کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پێشنیاری کردووە، بەڵام وتی ڕێککەوتنەکە کەموکورتی هەیە و پێویستی بە کارێکی زیاتر هەیە.

لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ سەندەی تایمزی بەڕیتانیاییدا، ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی دەرەوەی نەتانیاهو، ئۆفیر فالک وتی پێشنیارەکەی بایدن "ڕێککەوتنێک بووە کە ڕازی بووین لەسەری، ڕێککەوتنێکی باش نیە بەڵام ئێمە بە پەرۆشەوەین بۆ ئازادکردنی هەموو بارمتەکان."

وتیشی " وردەکاری زۆر هەیە کە دەبێت کارییان لەسەر بکرێت." وتیشی مەرجەکانی ئیسڕائیل، لەوانەش " ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و لە ناوبردنی حەماس وەکو ڕێکخراوێکی کۆمەڵکوژی تیرۆریست " نەگۆڕاون.

ڕۆژی هەینی بایدن ڕایگەیاند پلانێکی سێ قۆناغی پێشکەشی حکومەتەکەی نەتانیاهو کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو غەززە.

بایدن وتی قۆناغی یەکەم دڵنیایی دەدات لەسەر گەڕانەوەی هەندێک لەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە گیراون، دواتر لە قۆناغی دووەمدا لایەنەکان گفتوگۆ لەسەر ئاگربەستێکی مەودا کراوە دەکەن و ئەو بارمتانەی کە ماونەتەوە ئازاد دەکرێن.

لە ماوەی چەندین مانگی ڕابردوودا بایدن پشتگیریی لە چەندین پێشنیاری ئاگربەست کردووە، هەریەکێکییان چوارچێوەی کارەکانییان هاوشێوەی ئەو پێشنیارە بووە کە ڕۆژی هەینی ڕاگەیەندرا، بەڵام هەموو پێشنیارەکانی پێشووتر شکستییان هێناوە. لە مانگی دوودا بایدن وتی ئیسڕائیل ڕێککەوتووە لەسەر ڕاگرتنی شەڕەکە لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا، مانگی پیرۆزی موسوڵمانان کە لە 10 ی مانگی سێدا دەستیپێکرد. بەڵام شەڕەکە ڕانەگیرا.

ئەو خاڵەی کە ناکۆکی لەسەرە ئەوەیە کە ئیسڕائیل سوورە لەسەر ئەوەی تەنها گفتوگۆ لەسەر ئاگربەستێکی کاتی دەکات هەتاوەکو ئەو کاتەی حەماس لە ناودەبرێت، حەماسیش دەڵێت تەنها لە یەک کاتدا سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکات کاتێک ڕێگەیەکی ڕوون هەبێت بەرەو کۆتایی هێنانێکی هەمیشەیی بە جەنگەکە.

بایدن لە وتارەکەیدا وتی پێشنیارەکەی " ڕۆژێکی دواتری باشتر لە غەززە دروست دەکات بەبێ بوونی حەماس لەسەر دەسەڵات." بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا ئەوە چۆن دەکرێت، هەروەها دانی بەوەدانا کە " کۆمەڵێک وردەکاری هەن دەبێت گفتوگۆیان لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی لە قۆناغی یەکەمەوە بچن بۆ قۆناغی دووەم."

فالک جەختی لە هەڵوێستی نەتانیاهو کردەوە لەسەر ئەوەی کە " هیچ ئاگربەستێکی هەمیشەیی نابێت هەتاوەکو سەرجەم ئامانجەکانمان بە دەست نەهێنین."

حەماس پێشتر پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی بایدن کردووە.

بەرپرسی باڵای حەماس ئوسامە حەمدان ڕۆژی شەممە بە ئەلجەزیرەی وت " وتارەکەی بایدن بیرۆکەی ئەرێنی تێدا بوو، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەمە لە چوارچێوەی کاری ڕێککەوتنێکی گشتگیردا جێبەجێ بکرێت کە لە ئاست داواکانی ئێمەدا بێت."

حەماس دەیەوێت گرەنتییەک هەبێت لەسەر کۆتایی هاتنی هێرشەکانی سەر غەززە و کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئیسڕائیل و ئازادی هاتوچۆی فەلەستینییەکان و یارمەتییەکانی دووبارە بونیادنانەوە.

بەرپرسانی ئیسڕائیل ئەوە ڕەت دەکەنەوە وەکو گەڕانەوەیەک دەیبینین بۆ دۆخەکەی پێش 7 ی مانگی 10، کاتێک حەماس فەرمانڕەوایی غەززەی دەکرد و سوورە لەسەر لە ناوبردنی ئیسڕائیل. لەو ڕۆژەدا چەکدارانی حەماس جەنگەکەی ناو غەززەیان هەڵگیرساند، ئەوەش دوای ئەوەی هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل، بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن چەکدارانی حەماس 1200 کەسییان لە ناو ئیسڕائیلدا کوشتووە و زیاتر لە 250 کەسیشیان وەکو بارمتە گرتووە.

ئیسڕائیلیش لە وەڵامی ئەو هێرشەدا دەستیکرد بە هەڵمەتە سەربازییەکەی لە کەرتی غەززەدا بە مەبەستی لە ناوبردنی حەماس، بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن زیاتر لە 36,000 فەلەستینی کوژراون. ئیسڕائیلیش دەڵێت 290 سەربازی لە شەڕەکەدا کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG