Accessibility links

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل دەڵێت ئیسڕائیل ئامادەیە بۆ ئەگەری هەر هێرشێکی ئێران


وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت
وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل ڕۆژی یەکشەممە وتی وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر پەرەسەندنێک لەگەڵ ئێرانی دوژمنیدا و لە ئامادەباشیدایە بۆ ئەگەری هەر هێرشێکی تۆڵەی ئێران لە کوژرانی جەنەڕاڵە ئێرانییەکان لە 1 ی مانگی چواردا.

ئۆفیسی وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت ئەم بەیاننامەیەی بڵاوکردەوە، ئەوەش دوای " هەڵسەنگاندنی دۆخەکە " لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی ئیسڕائیلدا.

ئۆفیسەکەی وتی " دوای تەواوبوونی هەڵسەنگاندنەکە، وەزیر گالانت جەختی لەوە کردەوە کە دامەزراوەی بەرگری ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە بۆ وەڵامدانەوە لە حاڵەتی هەر سیناریۆیەکدا کە پەرەبسەنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێراندا."

ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشێکی گومانلێکراوی ئیسڕائیلی کردووە بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران و لە نێویشییاندا فەرماندەیەکی باڵایان تێدا بووە.

ڕاوێژکارێکی باڵای ڕابەری باڵای ئێران، یەحیا ڕەحیم سەفەڤی ڕۆژی یەکشەممە وتی چیتر هیچ باڵیۆزخانەیەکی ئیسڕائیل پارێزراو نیە و تارانیش ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئیسڕائیلدا بە " مافێکی ڕەوا و یاسایی " سەیر دەکات.

دەزگای هەواڵی نیمچە فەڕمی ئێران ئیسنا ڕۆژی یەکشەممە گرافیکێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا شەش جۆر موشەکی ئێرانی دەخاتە ڕوو کە دەتوانن بگەنە ئیسڕائیل.

تاوەکو ئێستا ئیسڕائیل بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر دیمەشقی نەگرتووەتە ئەستۆ. بەڵام سەرکردەکانی ئیسڕائیل بە گشتی وتوویانە کە دژی ئێران دەجوڵێن، ئێران پشتیوانی لە حەماسی فەلەستینییەکان و حزبوڵای لوبنان دەکات، کە هەردووکییان لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووەوە لەگەڵ ئیسڕائیلدا لە جەنگدان.

ئەمەریکاش لە ئامادەباشییەکی ئاست بەرزدایە و ئامادەکاری دەکات بۆ ئەگەری هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر سەرچاوە ئیسڕائیلی یاخود ئەمەریکاییەکان لە ناوچەکەدا.

ئیسڕائیل بەرپرسیارێتی تەقینەوە کوشندەکەی ساڵی 1994 ی ناوەندێکی جووەکانی لە پایتەختی ئەرجەنتین خستووەتە ئەستۆی ئێران کە بووە هۆی کوژرانی 85 کەس، بەڵام تاران ڕەتی کردووەتەوە دەستی هەبووبێت لەو هێرشەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG