Accessibility links

هەزاران ئیسڕائیلی دژی نەتانیاهو خۆپیشاندان دەکەن


هەزاران ئیسڕائیلی خۆپیشاندانێکی گەورەیان لە ئۆرشەلیم ئەنجامدا و ناڕەزای خۆیان دەربڕی سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەبردنی جەنگەکەی ناو غەززە لەلایەن سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهووە.

خۆپیشاندانەکان لە دەرەوەی بینای کنێست، پەرلەمانی ئیسڕائیل، دەستییان پێکرد، دواتر بەرەو بەردەم شوێنی دانیشتنی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕۆیشت. خۆپیشاندەرەکان داوایان کرد حکومەتی ئیسڕائیل لەگەڵ حەماسدا گفتوگۆ بکات بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسڕائیلییانەی کە هێشتا لە غەززە ماونەتەوە و لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە گیراون.

ڕۆیتەرز دەڵێت هەندێک لە خۆپیشاندەران هەوڵییانداوە بەربەستەکانی پۆلیس بشکێنن. هێزەکانی ئاسایش توانیویانە خۆپیشاندەران دووربخەنەوە بۆ دواوە، دواتریش ئاوییان بەکارهێناوە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران.

خۆپیشاندانەکان چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هاتن کە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو کابینەی جەنگەکەی هەڵوەشاندەوە، ئەو بڕیارەشی پێشبینی کرابوو دوای ئەوەی بێنی گانتز و گادی ئایزنکۆت و دوو جەنەڕاڵی پێشوو هەفتەی ڕابردوو لە کابینەکە هاتنە دەرەوە، ئەوەش لەسەر ناکۆکییەکانییان لەگەڵ سەرۆک وەزیردا سەبارەت بە ئاڕاستەی جەنگەکە.

لە مانگی 10 دا و لە سەرەتای جەنگەکەدا گانتز پەیوەندی بە حکومەتە یەکگرتووەکەی نەتانیاهووەوە کرد، هەروەها داوای پێکهێنانی کابینەی جەنگی کرد.

ڕۆژی دووشەممە کۆشکی سپی وتی هەڵوەشاندنەوەی کابینەکە ڕێوشوێنێکی " ناوخۆیی " حکومەتی ئیسڕائیلە و ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەتەنیاهودا.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا واشنتن نیگەرانە سەبارەت بە دەنگە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە دروستکردنی بڕیارەکاندا لە ئیسڕائیل، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیو میڵەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەوە بۆ ئەمەریکا نیە بڕیار بدات کێ لە حکومەتی ئیسڕائیلدا بێت.

بەڵام میڵەر وتی واشنتن بە ئاشکرا هاوڕانەبوونی خۆی لەسەر سیاسەتەکان دەردەبڕێت، ئەو سیاسەتانەی " کە پێمان وایە بەرهەمییان نیە، نەک تەنها بۆ دۆخی نالەباری فەلەستینییەکان بەڵکو بۆ ئاسایشی ئیسڕائیلیش."

هاوکات وەستانە تەکتیکییەکەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسڕائیل لە چەند ناوچەیەکی باشووری کەرتی غەززە لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستیپێکرد، وەستانەکە ڕۆژانە لە ماوەی ڕۆژدا دەبێت و 11 کاتژمێر دەخایەنێت.

ئیسڕائیل وتوویەتی ئەم وەستانە ڕۆژانەییە بۆ داهاتوویەکی نزیک بەردەوام دەبێت، وەستانە تەکتیکییەکان لە پێناو ئەوەدایە کە ڕێگە بە بارهەڵگرەکانی یارمەتییە مرۆییەکان بدرێن بگەنە خاڵی سنووری کەریم شاڵۆمی ئیسڕائیل، کە خاڵی سەرەکی چوونی یارمەتییە مرۆییەکانە بۆ ناو کەرتی غەززە.

وەستانە تەکتیکییەکە کە لەلایەن سوپای ئیسڕائیلەوە ڕاگەیەندرا، بەسەر 12 کم لە شەقامێکی ناوچەی ڕەفەحدا جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش زۆر دوورە لە ئاگربەستێکی تەواو لە کەرتی غەززەدا، ئەو ئاگربەستەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئەمەریکاشەوە هەوڵی بۆ دەدەن و دەیانەوێت ئیسڕائیل و حەماس ڕازی ببن پێی. ئاگربەستە پێشنیارکراوەکە شەڕەکە لە کەرتی غەززەدا بۆ ماوەی شەش هەفتە ڕادەگرێت و داوا دەکات بارمتەی زیاتر ئازاد بکرێن لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکاندا لە ئیسڕائیل.

ئیسڕائیل دەڵێت وەستانە تەکتیکییەکە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناوچەکانی باشووری غەززە زیاتر دەکات، لەوانەش خان یونس و کامپی خێمەکانی موواسی و هەروەها ناوەڕاستی غەززە. باکووری غەززە کە جەنگەکە لەوێوە دەستیپێکرد، ئێستا لە باکوورەوە یارمەتییەکانی بە دەست دەگات.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 36,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

XS
SM
MD
LG