Accessibility links

بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر غەزە 3 سەرکردەی گروپێکی چەکداری کوژراون


بەرپرسانی فەڵەستینی دەڵێن ڕۆژی سێشەممە ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر غەزە و لە ئەنجامدا سێ فەرماندەی باڵای گروپی چەکداری جیهادی ئیسلامی و لانیکەم نۆ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، لە نێویاندا چوار منداڵیش هەبوون، هاوکات ئیسڕائیل وتی هێرشی ئاسمانی دژی گروپە چەکدارییە فەڵەستینییەکان ئەنجامداوە.

ماوەی زیاتر لە ساڵێکە توندوتیژییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا لە نێوان ئیسڕائیلییەکان و فەڵەستینییەکاندا بەردەوامە، ئەوەش دوای هێرشەکانی فەڵەستینییەکان لەسەر شەقامەکانی ئیسڕائیل کە بووە هۆی ئەوەی ئیسڕائیل هەڵمەتێکی سەربازی دژ بە چەکدارە فەڵەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا دەستپێبکات و بەردەوام هێرشییان بکاتە سەر.

هەفتەی ڕابردوو مردنی دەستبەسەرکراوێکی جیهادی ئیسلامی لە زیندانێکی ئیسڕائیلدا هێرشی ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.

سوپای ئیسڕائیل وتی سێ فەرماندەی باڵای جیهادی ئیسلامی کردۆتە ئامانج، جیهادی ئیسلامی دووەمین دەسەڵاتدارترین گروپی چەکدارین لە کەرتی غەزەدا، کەرتەکەش لەلایەن گروپی چەکداری ئیسلامی حەماسەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت وتی " هەر تیرۆریستێک کە زیان بە هاوڵاتییانی ئیسڕائیل بگەیەنێت ناچار دەکرێت پەشیمان ببێتەوە."

وتیشی سوپای ئیسڕائیل کاری لەگەڵ دەزگای هەواڵگری شین بێتتدا کردووە و لە ئۆپەراسیۆنێکی " ورددا " سەرکردایەتی جیهادی ئیسلامی لە غەزە کردۆتە ئامانج.

سوپای ئیسڕائیل وتی 40 فڕۆکەی شەڕکەر بەشدارییان لە هێرشە ئاسمانییەکاندا کردووە، فڕۆکەکان بە جۆرێک دیاریکراون کە لەگەڵ هەلومەرجەکەدا بگونجێن.

وتەبێژێکی سوپای ئیسڕائیل وتی " ئۆپەراسیۆنەکە یەکگرتنی زانیاری هەواڵگری و کات و کەش و هەوا بوو."

بەرپرسێکی تەندروستی غەزە وتی بەهۆی هێرشەکەوە کە ' ناوچەیەکی دانیشتوانی ' کردۆتە ئامانج، لانیکەم 12 کەس کوژراون و 20 کەسی دیکە بریندار بوون.

وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل وتی سوپا لێکۆڵینەوە لە هەواڵەکانی کوژرانی هاوڵاتییانی مەدەنی دەکات، بەڵام هیچ لێدوانێکی نیە لە ئێستادا بیدات.

وتەبێژەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئاگاداری هەندێک لەو زیانانەین و لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژەکەدا شتی زیاتر دەزانین."

باڵی سەربازی جیهادی ئیسلامی کوژرانی سێ فەرماندەکەی پشتڕاست کردەوە و وتی " شوێنەکانمان چۆڵ ناکەین و بەرخۆدان بەردەوام دەبێت."

گروپەکە وتی فەرماندەکان بریتی بوون لە جیهاد غەنام و خەلیل ئەل بەهتینی و تاریق عیزەدین.
سوپای ئیسڕائیل وتی شوێنی ژێرخانی دروستکردنی چەکی کردۆتە ئامانج، لەوانەش کارگەکانی دروستکردنی موشەک و شوێنێک بۆ دروستکردنی ئەو کۆنکریتەی کە بۆ تونێڵەکان بەکاردەهێندرێت، هەروەها بنکە سەربازییەکانی گروپەکەش.

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل دانیێڵ هاگاری وتی سوپا ئامانجەکانی پێکاوە و سەرکردەکانی سوپا و بەرپرسانی شین بێت هەڵسەنگاندن دەکەن.

وتەبێژی جیهادی ئیسلامی تاریق سەلمی وتی " بۆردومانکردن بە بۆردومانکردن وەڵام دەدرێتەوە و هێرشکردن بە هێرشکردن وەڵام دەدرێتەوە. ئەم تاوانە بەبێ سزا تێپەڕ نابێت."

سەرکردەی حەماس، ئیسماعیل هەنییە لە بەیاننامەیەکدا وتی " کوشتنی سەرکردەکان ئاسایش بۆ داگیرکاران دابین ناکات بەڵکو بەرخۆدانی زیاتر دروست دەکات."

لە مانگی یەکەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی توندوتیژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکانەوە زیاتر لە 100 فەڵەستینی بە چەکدار و هاوڵاتی مەدەنییەوە و 19 هاوڵاتی ئیسڕائیلی و بیانی لە توندوتیژییەکاندا کوژراون.

وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستینییەکان سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسڕائیلی کرد و وتی چارەسەرێکی سیاسیی گفتوگۆ لەسەرکراو تەنها ڕێگەیە بۆ بە دەستهێنانی ئاسایش و سەقامگیری.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG