Accessibility links

ڕوانگەی سوریا دەڵێت لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر ئوتۆمبێلێکی حزبوڵا 2 کەس کوژراون


ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر ئوتومبێلێکی سەر بە حزبوڵای لوبنان لە ناوچەیەکی دەرەوەی دیمەشقدا لە نزیک سنووری لوبنان دوو کەس کوژراون.

دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە لە مانگی 10 دا، ئیسڕائیل و حزبوڵای لوبنان لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە ڕۆژانە تەقەیان لە یەکتر کردووە، ئیسڕائیلیش چەکدارانی حزبوڵای کردووەتە ئامانج لە لوبنان و سوریاشدا.

بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕامی عەبدلڕەحمان وتی " لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر ئوتومبێلێکی حزبوڵا لە سوریا لە نزیک سنووری لوبنان لانیکەم دوو کەس کوژراون و کەسێکی دیکە بریندار بووە."

ڕوانگە وتیشی ئوتومبێلەکە لە نزیک خاڵێکی پشکنینی سوپای سوریا کراوەتە ئامانج.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی 2011 دا، ئیسڕائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئەو وڵاتە، لە زۆربەی هێرشەکانیدا پێگە سەربازییەکان و گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانی کردووەتە ئامانج، بە حزبوڵای لوبنانیشەوە.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی غەززەوە هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر سوریا چڕتر بوونەتەوە، لە یەکی مانگی چواردا هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و ئەو هێرشەش خرایە پاڵ ئیسڕائیل، ئەوەش گرژییەکانی ناوچەکەی زیاتر کرد.

بەپێی داتاکانی فرانس پرێس، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل لە سوریا لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی غەززەوە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 24 چەکداری حزبوڵا لە سوریادا.

مانگی ڕابردوو ڕوانگەی سوری وتی ئیسڕائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا کاروانێکی تانکەرەکانی کردووەتە ئامانج کە لە سوریاوە دەچوونە ناو لوبنانەوە، حزبوڵاش لەو کاتەدا وتی سێ کەس کوژراون و سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبوڵاشەوە وتی ئەو کەسانە لە ناوچەی هێرمالی ڕۆژهەڵاتی لوبنان کوژراون.

پێشتر لە ڕۆژی سێشەممەدا وەزارەتی بەرگری سوریا وتی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسڕائیل بووەتە هۆی کەوتنەوەی زیانی ماددی بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، وتیشی هێرشەکە لە شاری بەنیاس بووە، ڕوانگەی سوریش دەڵێت ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئێران لەو ناوچەیەدا بوونییان هەیە.

بەرپرسانی ئیسڕائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر هێرشەکانی سەر سوریا دەدەن، بەڵام چەندین جار وتوویانە ڕێگە نادەین ئێرانی دوژمنمان بوونی لە سوریا زیاتر بکات.

جەنگەکەی ناو سوریا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆ کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنانی کەسی دیکە.

حزبوڵا لە سوریاشدا شەڕ دەکات و پشتیوانی لە حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد کردووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG