Accessibility links

سەرچاوەکان: هێرشە موشەکییەکەی ئیسڕائیل لە دیمەشق شارەزایانی سەربازی ئێرانی کردۆتە ئامانج


چەند سەرچاوەیەک بە ڕۆیتەرزییان وت هێرشە موشەکییەکەی ڕۆژی یەکشەممە کە کرایە سەر بینایەک لە دیمەشقی پایتەختی سوریا لە کاتێکدا بووە کە بەرپرسانی ئێرانی لەو بینایەدا کۆبوونەتەوە بۆ پەرەپێدان بە بەرنامەی توانای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکەکان بۆ هاوپەیمانەکانی ئێران لە سوریادا.

ئێران پشتیوانیکارێکی سەرەکی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بووە لە ماوەی جەنگەکەی ناو سوریادا، پشتیوانییەکانی لە دیمەشق و حیزبوڵای لوبنانی وایکردووە ئیسڕائیل بەردەوام هێرشی موشەکی لە سوریا ئەنجام بدات کە مەبەست لێیان سنووردارکردنی دەسەڵاتە سەربازییەکەی ئێرانە لە دەرەوەی خاکی ئێران.

سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی سوریاوە کە زانیاری سەبارەت بە هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممە و ئامانجەکەی هەیە وتی موشەکەکە لە کۆبوونەوەیەکی شارەزایانی تەکینکی سوری و ئێرانی داوە لە بواری دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا، بەڵام وتی هیچ دیبلۆماتکارێکی باڵای ئێرانی لە هێرشەکەدا نەکوژراوە.

سەرچاوەکە بە ڕۆیتەرزی وت " هێرشەکە لە ناوەندێک و شوقەیەکی بینایەکی نیشتەجێبوونی داوە، ناوەندەکە لەو کاتەدا کۆبوونەوەیەکی تێدا بووە. ئەندازیارێکی سوری و بەرپرسێکی ئێرانی کوژراون، هیچ پلە بەرزێک نەکوژراوە."

دەزگای هەواڵی سوریا لەو کاتەدا وتی ئیسڕائیل ڕۆژی یەکشەممە بە ماوەیەکی کورت دوای نیوەشەو هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامداوە و چەندین ناوچەی دیمەشقی پایتەختی کردۆتە ئامانج، لە ئاکامدا پێنج کەس کوژراون و 15 کەسی دیکە بریندار بوون، هاوڵاتیانی مەدەنیشیان تێدا بووە.

بەرپرسێکی سەربازی ئیسڕائیل ڕەتی کردەوە بەرپرسیارێتی هێرشەکە پشتڕاست بکاتەوە یاخود ڕەتی بکاتەوە، بەڵام وتی هەندێک لە قوربانییەکان بەهۆی تەقەی بەرگری ئاسمانی سوریاوە بوون.

ئەمەریکا و ئیسڕائیل بە شێوەیەکی بەرچاو نیگەرانن سەبارەت بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە، هەروەها نیگەرانی ئەو ئەگەرەشن کە ڕەنگە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بدرێن بە گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا، لەوانەش حیزبوڵا.

هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی ئەمەریکا وتیان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانییان خستۆتە خوارەوە کە بەسەر بنکەیەکی سەربازیدا فڕیوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بنکەکەش هێزەکانی ئەمەریکای تێدا بووە.

سەرچاوەیەکی دیکە کە لەگەڵ بەرپرسێکی ئاسایشی سوریادا قسەی کردووە لەسەر بابەتەکە، وتی ئێرانییەکان ئامادەی کۆبوونەوەیەکی شارەزایانی تەکنیکی بوون لە ناوەندێکی سەربازی ئێرانی لە ژێرزەمینی بینایەکی نیشتەجێبووندا کە بینایەکی ئاسایشیشی تێدایە.

وتیشی یەکێک لەوانەی کوژراوە ئەندازیارێکی مەدەنی سوپای سوریا بووە کە لەگەڵ ناوەندی توێژینەوەی زانستی سوریادا کاریکردووە، وڵاتانی ڕۆژئاواش دەڵێن ئەو ناوەندە دامەزراوەیەکی سەربازییە و موشەک و چەکی کیمیایی دروست کردووە. دیمەشقیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاسایشی ناوچەکە وتی یەکێک لە ئەندازیارانی سوپای پاسدارانی ئێران کە دەستی هەیە لە بەرنامە موشەکییەکەی ئێراندا بە سەختی بریندار بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە تاران، هاوکات دوو سەربازی پلە مامناوەندی دیکەی پاسداران لە کۆبوونەوەکەدا بوون و زیانییان پێنەگەیشتووە.

سەرچاوەیەکی دیکە کە بەرپرسێکی هەواڵگری ناوچەکەیە و ئاگاداری هێرشەکەیە، وتی ئامانجەکە بەرنامەیەکی نهێنی بەرهەمهێنانی موشەک بووە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

سەرچاوەی پێنجەم، کە سەرچاوەیەکە لە ناوچەکەدا و زانیاری سەبارەت بە هێرشەکە و ئامانجەکەی هەیە، وتی بەرپرسانی ئێران و حیزبوڵا کراونەتە ئامانج.

دوو سەرچاوەی ڕۆژئاوایی وتیان لەو کاتەدا ئامانجەکە ناوەندێکی لۆجیستیکی بووە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەڕێوەبراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG