Accessibility links

ڕوانگەی سوریایی دەڵێت بەهۆی هێرشێکی ئیسڕائیلەوە لە سوریا دوو ئەندامی سەر بە حزبوڵا دەکوژرێن


ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە لە بەرزاییەکانی گۆلانی ژێر دەسەڵاتی سوریا دوو کەس کوژراون کە کارییان لەگەڵ حزبوڵای لوبناندا کردووە.

دەزگای هەواڵی سانای سوریا بڵاویکردەوە " دوو هاووڵاتی شەهید بوون بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسڕائیلەوە کە ئوتومبێلێکی مەدەنی بە موشەک کردووەتە ئامانج " لەسەر شەقامی دیمەشق – کونیترا لە پارێزگای کونیترا.

ڕوانگە وتیشی ئەوانەی کوژراون کەسێکییان تێدا بووە کە " کاری لەگەڵ حزبوڵای لوبناندا کردووە و بەرپرس بووە لە دامەزراندنی سوریاییەکان لە ناوچەکەدا و بەرپرسیش بووە لە گواستنەوەی چەکەکان."

وتیشی " یاریدەدەرەکەشی " کوژراوە. ڕوانگەی سوری بنکەکەی لە بەڕیتانیایە و پشتی بەستووە بە تۆڕی سەرچاوەکانی لە ناو سوریادا.

سەرچاوەیەکی ئاسایشی ناوخۆ بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " دوو لاشە بە خەڵووز بووەکە " لە ئوتومبێلە بە ئامانجکراوەکە هێندراونەتە دەرەوە.

لە ساڵی 1967 دا ئیسڕائیل زۆربەی بەرزاییەکانی گۆلانی کۆنتڕۆڵ کرد و دواتر لکاندی بە ئیسڕائیلەوە، لە هەنگاوێکدا کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا نەنراوە.

هێرشە ئاسمانییەکەی ڕۆژی پێنجشەممە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت لە کۆمەڵێک هێرشدا کە خراونەتە پاڵ ئیسڕائیل 18 کەس لە پارێزگای حەمای ناوەڕاستی سوریا کوژران، ئەوەش بەپێی بەرپرسانی سوریا.

ڕوانگە وتی ئەو هێرشە ئاسمانییانە بوونە هۆی کوژرانی 27 کەس کە شەش هاووڵاتی مەدەنییان تێدا بووە و " ناوچەیەکی توێژینەوەی زانستی " و چەند شوێنێکی دیکەی ناوچەی پارێزگای ماسیافییان کردووەتە ئامانج.

ئیسڕائیل ڕەتی کردووەتەوە لێدوان لەسەر ئەو هێرشانە بدات.

حزبوڵا لە چەند مانگەی ڕابردوودا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی ئیسڕائیل لە بەرزاییەکانی گۆلان، ئەوەش وەکو دەربڕینی پشتیوانی بۆ حەماسی هاوپەیمانی لە دوای جەنگەکەی ناو غەززەوە کە بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد.

سوریا هەواڵیداوە خۆی بە دووربگرێت لە شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا، کە بووەتە دروستبوونی ترس و نیگەرانی لەسەر پەرەسەندنی جەنگەکە بە تەواویی ناوچەکەدا.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی 2011 دا، ئیسڕائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئەو وڵاتە، بە شێوەیەکی سەرەکی پێگە سەربازییەکان و گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانی کردووەتە ئامانج، بە حزبوڵای لوبنانیشەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG