Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهان سەرکۆنەی ڕاگرتنی گواستنەوەی نەخۆشەکان دەکات لە غەززە


ڕێکخراوی تەندروستی جیهان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند گواستنەوەی ئەو نەخۆشانەی کە زۆر پێویستییانە بگوازرێنەوە لە غەززە پێشتر زۆر سنووردار بووە و سێ هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیلدا بۆ سەر ڕەفەح بە تەواوەتی وەستاوە.

ڕێکخراوەکە وتی دەمێکەیە داوا لە ئیسڕائیل دەکات مۆڵەت بدات نەخۆشە هەستیارەکان و ئەوانەی بە سەختی بریندار بوون لە غەززە بگوازێتەوە دەرەوە.

بەپێی خەمڵاندنەکان، هەزاران کەس لە غەززە لە ڕووی تەندروستییەوە پێویستییان بەوەیە بەپەلە لە غەززە بگوازرێنەوە، بەڵام تەنها ژمارەیەکی کەم توانیویانە کەرتی غەززە جێبهێڵن.

وتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان مارگارێت هاریس وتی لە دوای دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر شاری ڕەفەحی قەرەباڵغی باشووری غەززە لە سەرەتای مانگی پێنجدا " سەرجەم گواستنەوەکانی نەخۆشەکان لەپڕ ڕاگیراون."

هەروەها هۆشداریدا و وتی ئەم ڕاگرتنە ئەوە دەگەیەنێت کە خەڵکی زیاتر لە چاوەڕوانییاندا بۆ چارەسەر گیان لە دەستدەدەن.

پێش دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو کەرتی غەززە، کە بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل هەڵگیرسا، ڕۆژانە نزیکەی 50 بۆ 100 کەس لەسەر پێشنیاری تەندروستی غەززەیان جێهێشتووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە دەرەوەی کەرتەکە، بە تایبەتی ئەو نەخۆشییانەی کە چارەسەرییان نەبووە لە غەززەدا، بە نەخۆشی شێرپەنجەشەوە.

لە ئێستاشدا لەبەرئەوەی کە خزمەتگوزارییەکان بەهۆی جەنگەکەوە تێکچوون، خەڵکێکی زیاتر پێویستییان بەوەیە کەرتەکە جێبهێڵن تاوەکو دەستییان بگات بەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشتر لە کەرتەکەدا بەردەست بوون، لەوانەش چارەسەری کیمیایی یاخود شۆردنەوەی خوێن.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستا هەزاران کەسی دیکە بەهۆی برینداربوونییانەوە پێویستییان بەوەیە بگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی غەززە.

هاریس وتی بەپێی خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان، ئێستا لە هەر کاتێکدا بێت " نزیکەی 10,000 کەس پێویستە بگوازرێنەوە تاوەکو لە شوێنێکی دیکە چارەسەرە تەندروستییە پێویستەکان وەربگرن."

وتی زیاتر لە 6000 نەخۆشی تراوما هەن و لانیکەم 2000 نەخۆشی دیکەش هەن کە نەخۆشی زۆر خراپی وەکو شێرپەنجەیان لەگەڵدایە کە پێویستە بگوازرێنەوە.
وتیشی لە 8 ی مانگی پێنجەوە کاتێک گواستنەوەی نەخۆشەکان لە غەززە بە تەواوەتی ڕاگیران، 1000 نەخۆش و برینداری دیکە خراونەتە سەر لیستەکە.

پێش ڕاگرتنی گواستنەوەکان، ڕێکخراوی تەندروستی جیهان مۆڵەتی گواستنەوەی 5800 نەخۆشی لە ئیسڕائیلەوە وەرگرتبوو، نزیکەی نیوەی ئەو ژمارەیەی کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە داوای کردووە.

هاریس وتی لەو 5800 کەس، تەنها 4900 کەسییان توانیویانە غەززە جێبهێڵن.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەروەها نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا.

بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 36,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG