Accessibility links

هێزەکانی ئیسڕائیل فەرماندەیەکی حەماس لە کەناری ڕۆژئاوا دەکوژن


سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند هێزەکانی ئیسڕائیل لە شاری جنینی کەناری ڕۆژئاوا فەرماندەیەکی ناوخۆی حەماسیان کوشتووە لە کاتێکدا کە بەردەوام بوون لە ڕۆژی سێیەمی ئۆپەراسیۆنە گەورەکەیان لە کەناری ڕۆژئاوا.

سوپا وتی هێزەکانی پۆلیسی سنوور واسم حازمییان کوشتووە کە سەرکردەی حەماس بووە لە جنین و بەشداربووە لە تەقەکردنەکان و تەقینەوەکان لە کەناری ڕۆژئاوادا.

وتیشی دوو چەکداری دیکەی حەماس هەوڵییانداوە بە ئوتومبێلەکەیان هەڵبێن بەڵام لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کوژراون، وتیشی چەک و تەقەمەنی و بڕێکی زۆر لە پارە لە ئوتومبێلەکەدا دۆزراوەتەوە.

حەماس کوژرانی هەر سێ پیاوەکەی پشتڕاست کردەوە، وتی ئەندام بوون لە لیواکانی ئەل قەسامی باڵی سەربازیی حەماس.

زیادبوونی شەڕ و پێکدادانەکان لە کەناری ڕۆژئاوا لە کاتێکدایە کە جەنگەکەی ناو غەززە بەردەوامە دوای نزیکەی یانزە مانگ لە هەڵگیرسانی، دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشیان کردە سەر ئیسڕائیل و ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕەکە لە غەززە.

لە دوو ڕۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسڕائیلدا لە کەناری ڕۆژئاوا، لانیکەم 17 فەلەستینی کوژراون، فەرماندەیەکی ناوخۆیی گروپی جیهادی ئیسلامیشییان تێدا بووە.

سوپای ئیسڕائیل دەڵێت " تاوەکو ئێستا هێزەکان 20 تیرۆریستییان لە شەڕ و پێکدادانەکان و هێرشە ئاسمانییەکاندا کوشتووە و 17 گومانلێکراوییان دەستبەسەر کردووە کە پەیوەندییان بە چالاکییە تیرۆریستییەکانەوە هەبووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG