Accessibility links

ئیتاڵیا باڵیۆزخانەکەی لە سوریا دەکاتەوە و باڵیۆزێکی بۆ دەستنیشان دەکات


وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ تاجانی
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ تاجانی

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند وڵاتەکەی بڕیاریداوە باڵیۆزێک بۆ سوریا دەستنیشان بکات، ئەوەش لە پێناو ئەوەی " سەرنجەکان بگەڕێنێتەوە " سەر وڵاتەکە، ئیتاڵیا بەم کارەی دەبێتە یەکەمین وڵاتی کۆمەڵەی حەوت دووبارە ئەرکە دیپلۆماتییەکەی لە دیمەشق دەست پێبکاتەوە لە دوای شەڕی ناوخۆی سوریاوە.

لە ساڵی 2012 دا ئیتاڵیا سەرجەم کارمەندەکانی باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق گەڕاندەوە، هەروەها چالاکییە دیپلۆماتییەکانی لە سوریا ڕاگرت، ئەوەش بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین دژی "توندوتیژییە قبووڵنەکراوەکەی " حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دژی هاووڵاتییانی خۆی.

دوای 13 ساڵ لە شەڕی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو سوریا دژی حکومەتەکەی سوریا، ئەسەد بە یارمەتی ئێران و ڕووسیا زۆربەی وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە، لە شەڕی ناوخۆی سوریادا سەدان هەزاران کەس کوژران و ملیۆنان کەس ئاوارە بوون و بەرەو ئەوروپا کۆچییان کرد.


وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ تاجانی بە ڕۆیتەرزی وت ستێفانۆ ڕاڤاگنان کە لە ئێستادا نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیایە بۆ سوریا، وەکو باڵیۆز دەستنیشان کراوە.

هەفتەی ڕابردوو ئیتاڵیا و حەوت وڵاتی دیکەی یەکێتی ئەوروپا نامەیەکییان نارد بۆ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ، لە نامەکەدا داوایان لە یەکێتی ئەوروپا کرد ڕۆڵێکی چالاکتر ببینێت لە سوریادا.

نامەکە کە لەلایەن ڕۆیتەرزەوە بیندراوە، دەڵێت " سوریاییەکان هێشتا بە ژمارەیەکی زۆرەوە وڵاتەکە جێدەهێڵن، قورساییەکی زیاترییان خستووەتە سەر وڵاتانی دراوسێ، لە کاتێکدا کە گرژییەکان لە ناوچەکەدا زۆر بوون، مەترسی لێشاوی نوێی کۆچبەرانی دروست کردووە."

هەریەک لە ئیتاڵیا، ئوستریا، قوبرس، چیک، یۆنان، کڕواتیا، سلۆڤینیا و سلۆڤاکیا نامەکەیان واژۆ کردووە، دەڵێت " دۆخی مرۆیی لە وڵاتەکەدا خراپتر بووە و ئابوورییەکەشی لە دۆخێکی خراپدایە."

تاجانی وتی " بۆڕێل فەرمانی بە دەزگای کاری دەرەکی ئەوروپا کردووە توێژینەوە بکەن بزانن دەتوانرێت چی بکرێت." وتیشی دەستنیشانکردنی باڵیۆز " لەگەڵ ئەو نامەیەدا گونجاوە کە بۆ بۆڕێڵ نێردراوە، بۆ گەڕاندنەوەی سەرنجەکان بۆ سەر سوریا."

لە ئێستادا شەش باڵیۆزخانەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا لە دیمەشق کراونەتەوە، ڕۆمانیا، یۆنان، قوبرس، کۆماری چیک و هەنگاریا. هیچ کام لە هاوبەشەکانی ئیتاڵیا لە کۆمەڵەی حەوت کە ئەمەریکا و ژاپۆن و بەڕیتانیا و کەنەدا و فەڕەنسا و ئەڵمانیان، دووبارە باڵیۆزییان بۆ سوریا دانەناوەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG