دەیان جوتیارانی ئیتاڵی ڕۆژی دووشەممە لە دەروازەی ڕۆما کۆبوونەوە و بەڵێنیاندا خۆپیشاندانێکی گەورە بەڕێوەببەن بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر حکومەت تاوەکو هەلومەرجی کارکردنییان باشتر بکات.
ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەوروپا کە جوتیارەکانیان چەندین هەفتە لە خۆپیشاندانییان ڕێکخستووە و داوای باجێکی کەمتری سوتەمەنییان کردووە، هەروەها داوای نرخێکی باشترییان کردووە بۆ بەرهەمەکانییان و کەمکردنەوەی ڕێکارە ژینگەییەکانی یەکێتی ئەوروپا کە وەکو خۆیان دەڵێن زۆر قورس بووە کێبڕكێ لەگەڵ بەرهەمێکی بیانی هەرزانتردا بکەین.
دامەزرێنەری هاوبەشی بزووتنەوەی نوێکردنەوەی کشتوکاڵی، ئاندریا پاپا، بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت نزیکەی 50 تراکتۆر لە توسکانییەوە بەڕێککەوتوون بۆ شەقامی ڤیا نۆمێنتانا کە دەچێتەوە سەر ناوەڕاستی ڕۆما. پێشبینی دەکرێت هەتاوەکو ڕۆژی هەینی 1500 بۆ 2000 تراکتۆری دیکە بەشداری لە گردبوونەوەکاندا بکەن.
جوتیارەکان داوای کۆبوونەوەیەک دەکەن لەگەڵ وەزیرێکی حکومەتدا.
نزیکەی 200 تراکتۆریش لە نزیک تورین گردبوونەوە.
سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی وتی توڕەیی جوتیاران بەهۆی " گۆڕانی ژینگەییەوە " بووە کە وتی کاریگەریی لەسەر ژیانی جوتیاران دەبێت.
میڵۆنی زۆرجار ڕەخنە لە ڕێکارە ژینگەییەکانی یەکێتی ئەوروپا دەگرێت و دەڵێت هێرشێکن بۆ سەر بەرژەوەندییە کشتوکاڵییەکانی ئیتاڵیا.
بەڵام تیشکی خستە سەر ئەوەش کە چۆن دوای گفتوگۆکان یارمەتیە کشتوکاڵییەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئیتاڵیا لە پێنج ملیار یۆرۆوە زیاد بوو بۆ هەشت ملیار یۆرۆ.
سەرچاوە/ فرانس پرێس