وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا ماتێۆ پیانتیدۆسی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت سیاسەتە توندەکانی سنووری یۆنان ڕەنگە هۆکارێک بووبێت بۆ ئەو بڕیارانەی کە بوونە هۆی نقوومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەرەوەی کەنارەکانی ئیتاڵیادا، کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی زیاتر لە 60 کەس.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ڕای ئیتاڵیادا، پیانتیدۆسی پرسیاری لێکرا لەسەر ئەوەی بۆچی کۆچبەران لە تورکیاوە ڕاستەوخۆ بەرەو ئیتاڵیا هاتوون لە جیاتی ئەوەی بەرەو یۆنان بچن، کە زۆر نزیکترە، پیانتیدۆسی وتی " یۆنان چەند سیاسەتێک پەیڕەو دەکات کە بە توندی کۆنتڕۆڵی هاتنی کۆچبەران لەسەر ئەو ڕێگایە دەکات."
وتی " لەبەر ئەوە، ڕەنگە ئەوە کاری کردبێتە سەر بڕیارەکانی کۆچبەران بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەرەو ئیتاڵیا بێن، لەو بارەیەوە پرسیار لە ڕزگاربووانیش دەکرێت."
ڕۆژی یەکشەممە دوای چەندین ڕۆژ لە بەڕێکەوتنیان لە بەندەری ئیزمیری تورکیاوە، بەلەمەکە لە دەرەوەی کەناری باشووری ئیتاڵیادا نقووم بوو، ئەوەش بووە هۆی گیان لە دەستدانی لانیکەم 67 کەس، 16 منداڵیشیان تێدا بووە. دەیان کەسی دیکە هێشتا بێسەروشوێن، ڕزگاربووان دەڵێن ڕەنگە 200 سەرنشین لەسەر بەلەمەکە بووبێتن.
تیمەکانی فریاکەوتن دەڵێن زۆربەی سەرنشینەکانی بەلەمەکە خەڵکی ئەفغانستان بوون، ئەوانی دیکەش خەڵکی پاکستان و ئێران و سۆماڵ و سوریا بوون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز