Accessibility links

بەهۆی نوقمبوونی کەشتییەکی کۆچبەرانەوە لە کەنارێکی ئیتاڵیا 2 کەس گیانیان لە دەستداوە 57 کەس ڕزگارکراون


پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند دوو تەرمیان لە کەناری دوورگەی لامپێدوسای باشووری ئیتاڵیا دەرهێناوە و 57 کەسیان ڕزگار کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە باس لە بێسەروشوێن بوونی زیاتر لە 30 کەس دەکرێت لە دوای نوقمبوونی دوو کەشتییەوە.

دەزگای هەواڵی ئەنسا لە زاری ڕزگاربووانەوە بڵاویکردەوە دوو بەلەمی کۆچبەران کە لە بەندەری سفاکسەوە بەڕێکەوتبوون، کە ناوەندی قەیرانی کۆچی تونسە، ڕۆژی شەممە لە ڕێگەیاندا بەرەو ئەوروپا نوقم بوون.

ئەنسا وتی یەکێکیان 48 کەسی پێبووە و دووەمیان 42 کەسی پێبووە، ئاماژەی بەوەشدا کە پاسەوانی کەنارەکان ڕزگاربووانی لە نزیکەی 46 کم لە باشووری ڕۆژئاوای لامپێدوساوە دۆزیوەتەوە، هەروەها دوو قوربانییەکە ژنێک و منداڵێکی یەک ساڵانەن. ژنەکە خەڵکی ئایڤواری کۆستە.

وتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکان ڕایگەیاند، تەنها دەتوانێت ژمارەی ڕزگاربووان و دەرهێنانەوەی دوو لاشە پشتڕاست بکاتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هەزار کەس گەیشتوونەتە شاری لامپێدوسا، ئەوەش دوای ئەوەی لە دەریادا لەلایەن کەشتییە ئێشکگرییەکانی ئیتاڵیا و گروپە ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە ڕزگارکراون، لە کاتکدا بای بەهێز دۆخی دەوروبەری دوورگەکە ئاڵۆزتر کردووە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ دەڵێن لە ڕۆژی هەینیەوە نزیکەی 20 کۆچبەر لەسەر گردێک گیریان خواردووە، دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لەکاتی گەیشتنیان بە لامپێدوسا بە بەردەکاندا کەوتووە و پاسەوانی کەناراوەکان نەیانتوانیوە لە ڕێی دەریاوە یاخود لە ڕێی فڕۆکەی هێلیکۆپتەرەوە بگەنە ئەو کۆچبەرانە.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG