Accessibility links

جەلەولا، ئەو شارۆچکەیەی 18 ساڵە ئارامی بە خۆوە نەبینیووە


داعش هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەی جەلەولای پارێزگای دیالە چڕکردووەتەوە، زۆربەی شەوان پەلاماری خاڵە سەربازیەکانی دەوروبەری ئەو شارۆچکەیە دەدات و هێزە عێراقیەکان کەم شەو بەبێ زیانی گیانی تێدەپەڕێنن، بەتایبەت چەند شەوی ڕابردوو بۆ هێزە عێراقیەکان شۆک هێنەرتربوو، کاتێک دەستی داعش گەیشتە ناو شارۆچکەکە و بەو هۆیەوە چەند کەسێک کوژران.

عەمید جمهور ڕۆستەم جێگری فەرماندەی لیوای 3ی پێشمەرگە لە سنوری دیالە، ئاماژەبەوەدەکات داعش لە بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق سودی وەرگرتووە، دەڵێت"ئەوان بە مەفرەزەی بچوک بچوک لەنێوان کەرکوک و دیالەو سەڵاحەدین دا، هاتووچۆ دەکەن."

شارۆچکەی جەلەولای پارێزگای دیالە، کە دانیشتوانەکەی تێکەڵەن لەکورد، عەرەب و تورکمان، هەر لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە و لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا، ئارامی بەخۆوە نەبینیووە، هەمیشە جێی ململانێی تایەفی و مەزهەبی بووە.

لە سنوری ئەو شارۆچکەیە، پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان هێندە خراپە، گروپە چەکدارەکان بە ئاسانی دەتوانن، ئەو پەیوەندیە خراپە بۆ نانەوەی پشێوی و ئاڵۆزکردنی ناوچەکە بەکاربهێنن، بە تایبەت لە ئێستادا کە داعش پەلاماری ناوچەکە دەدات، تەنانەت هێزە جیاوازەکانی ناوچەکەش گومانیان لەیەکتری هەیە.

عەقید شەماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوچەی کوڵەجۆی باکوری جەلەولا، پێیوایە چەکدارەکانی داعش پلانی پەلاماردانی هەندێک ناوچە و نانەوەی کێشەیان لەنێوان هێزە جیاوازەکانی ناوچەکەدا هەیە.

ئەو چەکدارانەی کە پەلاماری شارۆچکەی جەلەولا دەدەن، زۆربەیان خەڵکی ناوچەکەن و ئەو چەکدارانەن کە ماوەی 18 ساڵە لە حکومەت قاچاخن، زۆربەیان پێشتر قاعیدە و ئێستا چوونەتە پاڵ داعش، بە وتەی بەرپرسانی ناوچەکەش، ناو بەناو گۆڕانکاری لەسەرکردەکانیاندا دەکرێت.

بەڕای عەمید جمهور رۆستەم، داعش توانای هێرشی فراوان و کۆنترۆڵکردنی شاروچارۆچکەی نەماوە، چونکە عەرەبە سونەکان پشتگیریان ناکەن، وتی"عەرەبی سونە نائومێدبوون لە داعش، ناوچەکانیان وێران بوو بەهۆی ئەو ڕێکخراوەوە."

ئاڵۆزبوونی دۆخی شارۆچکەی جەلەولای پارێزگای دیالە، لەکاتێکدایە شارۆچکەکە و دەوروبەری بە هێزی عێراقی و گروپەکانی سەربە حەشدی شەعبی تەنراون، بەڵام بوونی ئەو هێزانە، داعشی لە هێرش و پەلامارەکانی ڕانەگرتووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:42 0:00


XS
SM
MD
LG